سبەینێ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمانی عێراق و راپۆرتێك ئامادە كراوە راسپاردەی گرنگی بۆفەرمانبەران تیایە

12/06/2019 - 16:03 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

لە راگەیانداوێكدا چوار ئەندامی كوردی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕاپۆرتێك لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئامادە دەكەن و بڕیارە سبەینێ‌ لە كۆبوونەوەی پەڕلەماندا بخرێتە بەرنامەی كارەوە.

هەریەك لە جەمال كۆچەرسەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو و ئەحمەد حەمە ڕەشید ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵ و شیروان میرزا ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی ، هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی فراكسیۆنی گۆران ، كە هەرچواریان ئەندامن لە لیژنەی دارایی، ڕاپۆرتێك لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئامادە دەكەن و وەك ئاشكرایان كردوە، ڕاسپاردەی گرنگی تێدایە بۆ پاراستنی مافی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیاندراوەكەیە 

لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق راپۆرتێک ئامادەکراوە تیایدا ئەنجامەکانی بانگێهێشتی وەزیری دارایی و کۆمپانیای سۆمۆ بۆ لیژنەی دارایی خراوەتە ڕوو ، راپۆرتەکە گوزارشت لە رای لیژنەی دارایی دەکات .

سەبارەت بە کێشەی نەوت و ئەو پارەیەی بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێردرێت تیایدا چەندین راسپاردەی گرنگی تێدایە بۆ پاراستنی مافی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان،هەروەک راسپاردەی گرنگی تێدایە سەبارەت بە مەلەفی نەوتی هەرێمی کوردستان.

ئێمە هەر چوارمان تەئکیدمان کردەوە کە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەبێت بگاتە دەستی فەرمانبەران بە شیوەی مانگانە بە پێچەوانەوە حکومەتی ئیتیحادی هەنگاوی تر دەگرێتە بەر.

وا بریارە لە دانیشتنی سبەی پێنج شەممە ئەو راپۆرتە بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمان.

ئەحمەد حەمە رەشید

جەمال کۆچەر

شیروان میرزا

هۆشیار عەبدوڵا

چوار شەممە

بەغداد

۱۲ی حوزەیران ۲٠۱۹