ناردنی موچەی فەرمانبەران بۆ ئەم مانگە لەبەغداوە دوادەکەوێت

13/06/2019 - 10:32 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

خەرجکردنی موچەی ئەم مانگەی فەرمانبەران لەبەغداوە دوادەکەوێت، بەڕێوەبەری لقی ھەولێری بانکی ناوەندی عیراقیش رایدەگەیەنێت: رەنگە رۆژی شەممەی داھاتوو فەرمانی خەرجکردنی پارەکە بدرێت.

عابد ساڵح بەڕێوەبەری لقی ھەولێری بانکی ناوەندی عیراق رایگەیاندوە:تائێستا ھیچ فەرمانێکمان لەبارەی خەرجکردنی موچەی مانگی (٦)ی فەرمانبەران بەدەستنەگەیشتووە.

وتیشی:"چاوەڕێی بانکی ناوەندی عیراق دەکەین ئاگادارمان بکاتەوە کە تەمویلی موچەی فەرمانبەران کراوە، بۆئەوەی راستەوخۆ پارەکە بخەینەسەر حسابی وەزارەتی دارایی".

راشیگەیاند: پێموانییە ١٣ی ٦ی ٢٠١٩ فەرمانی خەرجکردنی موچەی فەرمانبەران بدرێت، رەنگە بکەوێتە شەممەی داھاتوو.

مانگی رابردوو، لەڕۆژی ١٤ی ٥ی ٢٠١٩، فەرمانی خەرجکردنی موچەی فەرمانبەران گەیشتۆتە بانکی ناوەندی عیراق لەھەولێرو رۆژی ١٥ی ٥ی ٢٠١٩یش پارەکە خراوەتەسەر حسابی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی ھەرێم، بەڵام ئەم مانگە بەھۆی ئەوەی ١٤ی مانگ دەکەوێتە ھەینی، بۆیە ناردنی پارەکەی بەغدا دوادەکەوێت.