زانيارى نوێ لەسەر موچەی دزراوی ئەم موچە خۆرانە بڵاو دەكرێتەوە

15/06/2019 - 14:25 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
دوای ئەوەی یەكێتی‌ مامۆستایانی‌ كوردستان لەگەڵ وەزیری پەروەردە كۆبونەوە ، سەرۆكی ئەو رێكخراوە رونكردنەوە لەبارەی‌ دەرئەنجامی كۆبونەوە كەیان دەدات و ئاشكرای دەكات، باس لەكێشەی‌ موچەی‌ ئەو مامۆستایانەی‌ سنوری‌ قەزای‌ خورماتوو كراوە كە لەماوەی‌ رابردوودا دزراوە كە میكانیزمێك بدۆزرێتەوە بۆ قەرەبووكردنەوەیان.
عەبدولواحید محەمەد سەرۆكی‌ یەكێتی‌ مامۆستایانی‌ كوردستان رایگەیاند: لەچەند رۆژی‌ رابردوودا لەگەڵ وەزیری پەروەردەی حكومەتی‌ هەرێم كۆبونەوەمان بۆ چەند كێشەو گرفتێكی‌ پەیوەست بەمامۆستایان و تاقیكردنەوەكانی‌ ئەمساڵ ئەنجامدا، هەوڵدرا بە هەماهەنگی‌ میكانیزمێك بدۆزرێـتەوە بۆچارەسەركردنی‌ ئەوكێشانەی‌ دوو چاری‌ سێكتەرەكە بۆتەوە، وە لەكۆبونەوەكەدا باس لەپرسی موچە پاشەكەوتكراوەكان نەكرا بەوپێیەی‌ كابینەی‌ حكومەت پێكنەهێنراوە و ناتوانرێت لەگەڵ ئەم حكومەتەی‌ ئێستا هەیە گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە بكرێت.
ئەوەشی ئاشكرا كردوە، هەر لەكۆبونەوەكەدا باس لە بابەتی‌ موچە دزراوەكانی‌ ژمارەیەك لەمامۆستایان لەسنوری‌ قەزای‌ خورماتوو كرا كە لەماوەی‌ رابردوودا لەلایەن چەند چەكدارێكی‌ نەناسراوەوە موچەی‌ ژمارەیەك مامۆستا لە سنوری‌ ناحیەی‌ زنانە دزرا، وە بۆ بەدواداچوون لەسەر كێشەی‌ ئەو مامۆستایانە لەگەڵ وەزارەتی‌ دارایی و ئابوری‌ هەرێم كۆبونەوەمان ئەنجامداوە، وتیشی:لە كۆبونەوەكەشماندا لەگەڵ وەزیری پەروەردە قسەمان لەسەر هەمان بابەت كرد، بەڵام وەڵامی وەزیری پەروەردە ئەوەبوە كە بۆ یەكلاكردنەوەی‌ ئەو پرسە چاوەڕوانی‌ بڕیاری دادگا دەكەن.
سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ئەوەشی بۆ تۆری هەواڵی سلێمانی ئاشكرا كردوە،هەرچەندە دادگا بڕیار بۆ ئەو پرسە بدات ماوەیەكی‌ دەوێت، بەڵام ئێمە داوامان كردوە بەزوترین كات ئەو مامۆستایانە قەرەبوو بكرێنەوە.