شێوازی دابەشكردنی موچە دەگۆڕدرێت

16/06/2019 - 11:44 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رونكردنەوە لەبارەی پێدانی موچە بەكارتی زیرەك دەدات و ئەندامێكی لیژنەكەش رایدەگەیەنێت، ئەگەر سكاڵا لەسەر حكومەتی هەرێم لەبارەی شێوازی پێدانی موچە تۆماربكرێت و فشارەكان زیاد بكرێت، چاوەرواندەكرێت ئەو هەنگاوە لە هەرێمیش جێبەجێ بكرێت.

د.جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران، به‌ كوردیوی راگەیاند: بەگوێرەی ئەو بڕیارەی كە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندكراوە، دەبێت تا ساڵی 2022 سیستمی پێدانی موچە له‌ عێراق بكرێتە كارتی زیرەك و موچەخۆران لەو رێگەیەوە موچە وەربگرن.

وتیشی: لە هەرێم 682 هەزار موچەخۆر تۆماركراون و لەئێستاشدا كار بەو ئاراستەیە دەكرێت كە 109 هەزار موچەخۆری دیكەی هەرێم (خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی) بخرێتە سەر میلاكی عیراق و ئەو كێشانەی دیكە كە هەیە یەكلابكرێنەوە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكراشیكرد، ئەگەر سكاڵا لەسەر هەرێم لە بەرامبەر پێدانی موچە رێكاری یاسایی بگرێت، حكومەتی فیدراڵ ناچار دەبێت شێوازی دروستكردنی كارتی زیرەك لە هەرێم پێشبخات.

د.جەمال كۆچەر ئەوەشی خستەڕوو، هاوشێوەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدان، لیژنەی تایبەتمەند لە عیراقەوە دەگاتە شارەكانی هەرێم و لەماوەی دوو بۆ سێ مانگدا كارتی زیرەك بۆ موچەخۆران دروست دەكرێت، لەو رێگەیەشەوە دەتوانرێت موچە بگەیەنرێتە فەرمانبەرانی هەرێم.