شاندێكی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات و ناردنی پارە دوا دەكەوێت

16/06/2019 - 15:25 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
بەمەبەستی چارەسەری كێشەی ناردنی پارەی پێشمەرگە دوای پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم،وا بریارە شاندێك سەردانی بەغدا بكات و ئەندامێكی لیژنەی‌ ئاسایش و بەرگری لەئەنجومەنی‌ نوێنەران ڕونكردنەوە لەبارەی‌ ناردنی‌ 68 ملیار دینارەكەی‌ تایبەت بەموچەی‌ پێشمەرگە دەدات.
ناسر هەركی‌ ئەندامی لیژنەی‌ ئاسایش و بەرگری لەئەنجومەنی‌ نوێنەران ڕایگەیاند: لەئێستادا هێزەكانی‌ پێشمەرگە هیچ گرفتێكیان نییەو مانگانە موچەیان لەلایەن حكومەتی‌ هەرێمەوە بەهاوكاری ئەو پارەیەی‌ بەغدا بۆ دابیندەكرێت، بەڵام بۆ ناردنی‌ ئەو (68) ملیار دینارە چاوەڕواندەكرێت كابینەی‌ نوێی حكومەتی‌ هەرێم پێكبهێنرێت و وەفدێكیان سەردانی‌ بەغدا بكات.
ئەوەشی ئاشكرا كردوە، هەركات وەفدەكەی‌ حكومەتی‌ هەرێم سەردانی‌ بەغدای كردو كێشەی‌ ئەو پارەیەی‌ پێشمەرگە كە بڕەكەی‌ (68 ) ملیار دینارەو سەرجەم ئەو كێشانەی‌ دیكەش كە لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە، بەدڵنیاییەوە چارەسەردەكرێن.
ئەندامەكەی‌ لیژنەی‌ ئاسایش و بەرگری ئەوەشی بۆتۆری هەواڵی سلێمانی ئاشكرا كردوە، ئێستا موچەی‌ پێشمەرگە دابیندەكرێت و گرفتیان نییە، هەركاتیش كابینەی‌ حكومەت پێكهێنرا, وەفدێكی‌ هەرێم دەگاتە بەغداو ئەو كێشانەی‌ پەیوەستن بەهەردولا لەڕێگەی دانوستانەوە چارەسەردەكرێن.