یه‌كێتی چۆن پێشوازی له‌ بارزانی ده‌كات؟ لێدوانه‌ دژیه‌كه‌كانی نێوان یه‌كێتی و پارتی به‌رده‌وامه‌

16/06/2019 - 16:09 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

پارتی رایده‌گه‌یه‌نێت دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك په‌یوه‌ندی به‌ پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ نییه‌ و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ یه‌كێتی رایده‌گه‌یه‌نێت دانانى پارێزگارى كه‌ركوك و پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت هه‌رێم به‌پێى رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ پارتى هاوته‌ریبى یه‌كتر ده‌بن.

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ  مەسرور بارزانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ حكومەت سه‌ردانی مەكتەبی سیاسی پارتی كرد به‌مه‌ستی وه‌رگرتنی سیڤیی کاندیدی وەزارەتەکانی ئه‌و لایه‌نه‌ ، مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك په‌یوه‌ندی به‌ پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ نییه.

به‌پێچه‌وانه‌ی هاوتا حزبیه‌كه‌ی لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی رایده‌گه‌یه‌نێت "خاڵی كۆك و هاوبەش بۆ چارەسەری كەركوك و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، بەپێی رێككەوتنی سیاسی یەكێتی و پارتییە.

وتیشى "ئەگەر لە رووی ئالیەتی جێبەجێكردنەوە پڕۆسەی پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ پڕۆسەی دانانی پارێزگاری كەركوك بە دوو ئالیەتی جیاوازبن، بەڵام ئەوەی هاوبەشە و كۆیاندەكاتەوە بەپێی رێككەوتنەكه‌ ئەو دوو پڕۆسەیە هاوتەریبی یەك دەبن".

وتەبێژی یەكێتی راشیگه‌یاندووه‌ "میكانیزمێك بۆ چاره‌سەر‌كردنی سه‌رجه‌م بابه‌ته‌كان له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی هەیە و دانانی پارێزگارێكیش له‌ پشكی یه‌كێتی بۆ كه‌ركوك له‌لایه‌ن بارزانی و كاك كۆسره‌ت ره‌سوڵ_ه‌وه‌ یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه"‌.

به‌پێی زانیاریه‌كانیش مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی لێژنه‌یه‌كی پێكهێناوه‌ به‌مه‌ستی پێشوازیكردن له‌ مه‌سرور بارزانی شانده‌كه‌ی كه‌ بریار وایه‌ له‌ رۆژانی داهاتوو سه‌ردانیان بكات.