وەزارەتی دارایی فەرمانی خەرجكردنی دەرماڵەیەك بۆ ئەم فەرمانبەرانە دەركرد

17/06/2019 - 15:46 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
وەزیری دارایی و ئابووری، رەزامەندی نیشانداوە لەسەر خەرجكردنی دەرماڵەیەك بۆ فەرمانبەرانی باخچەكان . و جێگری بەڕێوەبەری باخچەكانی سلێمانی ئاشكرای دەكات ، دەرماڵەكە لەڕۆژی 1ی 1ی 2019وە خەرجدەكرێت.
فایزەخانی میرزا، جێگری بەڕێوەبەری باخچەكانی سلێمانی رایگەیاند: وابڕیاربوو لەم مانگەوە دەرماڵەی فەرمانبەرانی باخچەكان كە رێژەكەی (30%) ی موچەی بنەڕەتییە ببڕدرێت، بەڵام لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت قسەمان كردو پێیڕاگەیاندین بەدواداچوونی بۆ دەكات، دواتر سەردانی رێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێممان كردو ئەویش رەزامەندی پیشاندا لەسەر خەرجكردنەوەی ئەو دەرماڵەیە.
ئەوەشی ئاشكرا كردوە، بەپێی ئەو نوسراوەی كرابوو، دەبوایە لەڕۆژی (1/6/2019)ەوە دەرماڵەكە خەرجبكرایە، بۆیە رۆژی (16/6/2019) سەردانی وەزیری داراییمان كردو بەرواری نوسراوەكەی گۆڕی كە لەڕۆژی(1/1/2019) ەوە دەرماڵەكە خەرجدەكرێت.
میرزا ئەوەشی بۆتۆری هەواڵی سیلێمانی ئاشكرا كردوە، بەپێی رێنماییەكەی دارایی ئەوانەی بەفعلی لەباخدا كاردەكەن ئەو دەرماڵەیەیان بۆ دەبەسترێت، بەڵام ئەوانەی لەئۆفیس كاری كارگێڕی دەكەن، تەنانەت ئەگەر ئەندازیاریش بن، بۆیان خەرجناكرێت.