پارتی وەڵامی ئارێز عەبدوڵا دەداتەوە

18/06/2019 - 14:32 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەڵامی ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەداتەوە و داواش لە یەكێتی دەكات، كۆنتڕۆڵی ”ئەو لێدوانە خراپانە“ بكات.

هیوا ئەحمەد، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندوە"ئێمە گرنگی بە قسەكانی ئارێز عەبدوڵا نادەین، بەڵام پێویستیشە یەكێتی خۆی كۆنتڕۆڵی ئەو لێدوانە خراپانە بكات كە خەڵك بەناوی حزبەكەوە دەیدەن، ناكرێ ھەر كەس ڕاست ببێتەوە، پەلاماری حزبی بەرامبەر بدات"

ئەوئەندامەی سەركردایەتی پارتی راشیگەیاندوە" دەبێت یەكێتی لەسەر ئەم بابەتە بێدە دەنگ نەبێت و سنووری بۆ دابنێت، چونكە بڕیار نییە ھێرشی ڕاگەیاندن بكرێت، ئێمە ئەم لێدوانە بە شتێكی حزبی وەرناگرین، پێمان وانییە تەمسیلی یەكێتی بكات"


جێگەی ئاماژەیە ئەمە لەكاتێكدایە ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بەدەنگی ئەمریكای راگەیاندوە پارتی لەموسڵ هیچ پرسی بە ئێمە نەكرد چوو لەگەڵ حەشدی شەعبی و لایەنەكانی تر ڕێككەوت بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری پارێزگاری موسڵ و قایمقام، لەبەرئەوەی لەوێ ئەوان زۆرینەن، بەڵام لەكەركوك كە یەكێتی زۆرینەیە كۆسپی دەخاتەبەردەم.