سەبارەت بەقسەكانی مەحمود سەنگاوی ، یەكێتی هاتە دەنگ

18/06/2019 - 18:01 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
 
دوای ئەوەی لە گرتە ڤیدیۆیەك بڵاو بویەوە بەرپرسێكی یەكێتی هێرش دەكاتە سەر سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەكەسێكی بچوك ناوی دەبات ، لەم بارەیەوە وتەبێژی فەرمی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رونكردەوەیەك دەدات و ئاشكرای دەكات قسەكانی ئەم بەرپرسە گوزارشت لە هەڵوێست و سیاسەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ناكات.
ئەی خوارەوە دەقی روونكردنەوەكە یە
بەهەموولایەكی رادەگەیەنین، ئەو وتانەی هەڤاڵ مەحمود سەنگاوی كە بڵاوكراوەتەوە، گوزارشت لە هەڵوێست‌ و سیاسەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ناكات.
ئێمە سەرەرای رێزی تایبەتیمان بۆ كاك مەسعود بارزانی، پەیوەندییەكی دۆستانەی مێژوویی كۆمان دەكاتەوە. ئێستایش بەپەرۆشەوە، پێكەوە هەنگاو بۆ پتەوكردنی ئەو پەیوەندییە دەنێین ‌و هەر دوێنێش لەمیانی كۆبوونەوەی وەفدی دانوستانكاری هەردوولاماندا، جەخت لەسەر پێویستی فەراهەمكردنی كەشێكی ئارام و هێورو دۆستانە كرایەوە، تا بتوانین پێكەوە بە یەكگرتووی رووبەرووی مەترسیەكان ببینەوەو، پەلە بكەین لە تەواوكردنی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی رێكەوتنەكانی نێوانماندا.
دیسانەوە دووپاتی دەكەینەوە، كە تەنها لێدوان‌و ووتەكانی وتەبێژی رەسمی یەكێتی گوزارشت لە راو بۆچوون‌و هەڵوێستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات.
لەگەڵ رێزدا...
وتەبێژی رەسمی مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
18/6/2019