یەكێتی دوا پەیامی خۆی بە پارتی راگەیاندوە

22/06/2019 - 14:42 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ئەگەرچی تا ئێستا دوو جار هەردوو حزب پارتی و یەكێتی رێكەوتنیان واژوو كردوە سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نۆیەم " بەڵام چارەسەر نەكردنی كێشەی پارێزگاری كەكوك وای كردوە پێكهێنانی ئەم كابینە دوا بكەوێت و لەلایەن یەكێتیی نیشتمانی كوردستان پەیامێكی ئاراستەی پارتی دیموكراتی كوردستان كردوە و پێی راگەیاندوە ئەگەر لەسەر پرسی كەركوك نەرمی نەنوێنێت، ئەوا بەشداریكردنی یەكێتیی لە كابینەی داهاتوو قورسدەبێت.

ماڵپەرێكی نزیك لە یەكێتی ئاشكرای كردوە ، لە كۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەمەی رابردووی نێوان بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لەبەغدا دوا پەیام بە نێچیرڤان بارزانی دراوە بەوەی ئەگەر پارتی نەرمی نەنوێنێت لەسەر پرسی پارێزگاری كەركوك ، ئەوا بەشداریكردنی یەكێتیی لە كابینەی داهاتوو قورسدەبێت و كێشەكان بەرەو ئاڵۆزیی دەچن.

سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكرا كردوە، ئەمڕۆش هیچ بەرەوپێشچوونێك لەسەر پرسی كەركوك نەبووەو تائێستاش یەكێتیی سورە لەسەرئەوەی كە بێ یەكلاكردنەوەی پرسی كەركوك ناوی هیچ كاندیدێك رەوانە نەكات و لەبەرامبەریشدا پارتی پۆستەكانی یەكێتیی بە بەتاڵی بەجێدەهێڵێت تاوەكو چارەسەركردنی كێشەكە.

لەلایەن خۆیەوە ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی كە نەیویست ناوەكەی ئاشكرا بكرێت بە ماڵپەرەكە راگەیاندوە،پرسی كەركوك داخوازی هەموو یەكێتییه ‌و بۆ ئەمەش لەماوەی ڕابردوو یەكێتیی نەرمی زۆری نواندووە، ئەگەر پرسی پارێزگاریش یەكلانەكرێتەوە زەحمەتە هیچ كەسێك لە یەكێتی بە تەنها جورئەتی ئەوە بكات بڕیار لەسەر بەشداری یەكێتیی بدات.