تەكنەلۆژیا مەترسی لەسەر یەك ملیار كەس دروست دەكات

25/02/2019 - 11:11 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەكنەلۆژی

 

 

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لەبارەی مەترسییەكانی زۆربەكارهێنانی تەلەفۆنی زیرەك و هەیدفۆن هۆشداری دەدات.

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) هۆشداری دەدات لە مەترسییەكانی زۆر بەكارهێنانی مۆبایلی زیرەك و ئەو ئامێرانەی بۆ گوێگرتن لە مۆزیك و گۆرانی بەكاردێن و بە ( MP3) ناسراون بۆ سەر گوێی مرۆڤ و ئاماژە بەوە دەدات ئەو ئامێرانە هەستی بیستن لاواز دەكەن و دەبنە هۆی نابیستی.

ڕێكخراوەكە لە ڕاپۆرتێكی درێژیدا ئاشكرایكرد، نزیكەی یەك ملیار كەس لە سەرانسەری جیهان لەبەردەم هەرەشەی نەخۆشییەكانی گوێچكەو هەستی بیستندان ئەگەر بێتو بۆ ماوەیەكی درێژو بە شێوەیەكی بێ بەرنامە تەلەفۆنی زیرەك و هەیدفۆن بەكاربهێنن و تەنانەت گوێ لەو مۆزیك و دەنگانە بگرن كە زۆر دەنگیان بەرزە.

ئەو ڕێكخراوە چەند ڕێنماییەكی خستۆتەڕوو بۆ ئەوەی دەنگەكان كۆنترۆڵ بكرێن، بە تایبەت لە مۆبایل و ئامێرەكانی دیكەی وەك (CD playar) و (MP3) و داوای لە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی تەلەفۆنی زیرەك كردووە، كە ڕێگە چارەی بەپەلە دابنێن بۆ ئەو كێشە چاوەڕوانكراوە كە ڕووی لە جیهان كردووەو بە هاریكاری یەكێتی نێودەوڵەتی پەیوەندیكردنی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانیش كار دەكات بۆ گەڵاڵە كردنی پرۆژەیەك بۆ گوشار خستنە سەر كۆمپانیاكان بۆ ئەوەی ستیكەری تایبەت بە هۆشیاركردنەوە لە گوێگرتن بە دەنگی بەرز لەسەر ئامێرەكانیان دابنێن و بەكاربەران لە مەترسی گوێگرتن لەو گۆرانی و میوزیكانە بە دەنگی بەرز ئاگاداربكرێنەوە.

ڕێكخراوە جیهانییەكە لە ڕاپۆرتەكەیدا سەرنجی هەموان بۆ ئەوە ڕادەكێشێت كە (50%) ی ئەو كەسانەی كە گوێ لە مۆزیك و گۆرانی دەگرن بە دەنگی بەرز تەمەنیان لە نێوان (12 – 35) ساڵە، واتە نزیكەی (1.1) ملیار كەسە لە جیهانداو ئەمانەش لەبەردەم هەڕەشەی مەترسی كێشە گەورەكانی هەستی بیستندان.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە دراوە كە (5%) ی دانیشتوانی جیهان كە دەكاتە (466) ملیۆن كەس و لە نێویشیادا (34) ملیۆن منداڵ بەدەست لەدەستدانی هەستی بیستنەوە دەناڵێنن.

وتەبێژی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئەوە دەخاتەڕوو كە تائێستا ژمارەی دیاریكراوی ئەو كەسانەی لەبەردەستدا نییە كە بە هۆی شێوازی هەڵەی بە كارهێنانی ئامێرەكانی وەك تەلەفۆن و هیدفۆنەوە هەستی بیستنیان لەدەستداوە یان لەدەستی دەدەن.

(شیلی شادها) كە خانمە دكتۆرێكی ئەندامی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانییە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە جنێڤ ئاشكرایكردو وتی : مەسەلەكە وەك لێخوڕینی ئۆتۆمبیلە لەسەر ڕێگەیەكی خێرا بێ ئەوەی ئۆتۆمبێلەكە ئامێری پێوانەكردنی خێرایی هەبێت.

ئەو وتی: ئەوەی ڕێكخراوەكەمان داوای دەكات ئەوەیە كە تەلەفۆنە زیرەكەكان جۆرە پێوەرێكی لەسەر بێت بۆ ئاستی دەنگ و لە كاتی پێویستتدا بەكارهێنەر لە ئاستی دەنگەكە و مەترسی بۆ هەستی بیستن ئاگادار بكاتەوە.

هەروەها وتیشی، سەبارەت بە منداڵان و نەوجەوانانیش پێویستە كەسوكاریان هەمیشە ڕێنماییان بكەن بۆ كەمكردنەوەی بە كارهێنانی تەلەفۆنی زیرەك و هەیدفۆن و لەو كاتانەشی بەكاری دەهێنن پێویستە دەنگەكەی زۆر گونجاو بێت، بۆ ئەوەی بە دوور بن لە مەترسیی لە دەستدانی هەستی بیستن و گرفتەكانی دیكەی پەیوەست بە نەخۆشییەكانی گوێ كە دواتریش كاریگەری مەترسیداری هەیە بۆ سەر مێشك.

 

 

 

ئـ . كـ