تویۆتا گەشت بۆ سەر مانگ ڕێك دەخات

14/03/2019 - 09:46 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەكنەلۆژی

 

 

كۆمپانیای تویۆتا بەهاوكاری ئاژانسی ئاسمانی ژاپۆن كار لەسەر پرۆژەیەك دەكات بۆ ئەوی لە ماوەی نزیكەی (10) ساڵی داهاتوودا مرۆڤ بگوازێتەوە بۆسەر مانگ.

پرۆژەكە خۆی لە دروستكردنی ئۆتۆمبێلێكی كارەباییدا دەبینێتەوە كە بڕیارە لەساڵی (2029) دا رەوانەی بۆشایی ئاسمان بكرێت.

بەپێی راگەیەندراوی كۆمپانیای تویۆتا ئەو ئۆتۆمبێلە توانای هەڵگرتنی دوو سەرنشین و گەشتكردنی بۆ هەزاران میل لەسەر رووی مانگ دەبێت، هەروەها كابینەیەكیش دروست دەكرێت بۆ ئەوەی كەشتیوانەكان تێیدا بژین بەبێ ئەوەی پێویستیان بە پۆشینی جل و بەرگی بۆشایی ئاسمان هەبێت.

بەپێی ئەو پلانەی تویۆتا بۆ ئۆتۆمبێلەكەی سەر مانگ دایڕشتووە، درێژییەكەی (6) مەتر دەبێت یان بە درێژی دوو پاسی بچووك، بەپێی زانیارییەكانیش لە هاوینی رابردووەوە كۆمپانیاكە دەستیكردووە بە لێكۆڵینەوە سەبارەت بە چۆنێتی دروستكردنی ئۆتۆمبێلەكە، بەڵام لەم هەفتەیەدا رێككەوتنێكی نوێی لەگەڵ ئاژانسی ئاسمانی ژاپۆن ئیمزا كردووە بۆ خێراكردنی پرۆژەكە.

لەوبارەیەشەوە (ئەكیو تویۆدا) سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای تویۆتا وتی: پرۆژەكە متمانە بە توانای بەرگەگرتن و لێخوڕینی ئۆتۆمبێلە دروستكراوەكان و تەكنەلۆژیای شانەی سووتەمەنی تایبەت بە كارپێكردنی ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان دەردەخات.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو ئۆتۆمبێلە كارەباییانەی بەشانەی سووتەمەنی كاردەكەن توانای گەشتكردنیان زیاترە لەوانەی بە پاتری كاردەكەن ئەوەش وادەكات ئەم تەكنەلۆژیایە شیاو بێت بۆ پرۆژەكەی سەر مانگ.

بەپێی زانیارییەكانی تویۆتا هەرچەندە ئەو وزەیەی كە دەتوانرێت بگوازرێتەوە بۆ سەر مانگ بڕێكی سنووردارە، بەڵام مەودای گەشتكردنی ئۆتۆمبێلەكە زیاتر لە (10) هەزار كیلۆمەترە.