نەوەی جی پێنجی مەترسیدار لەڕێگەیە

13/04/2019 - 09:44 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەكنەلۆژی

 

 

تیشكدانەوەی تەلەفۆنە گەڕۆكەكان هەمیشە جێگەی مەترسی بووە، بەڵام لەگەڵ نزیكبوونەوەی بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای (5G) ئەو مەترسییانە زیاتر بووە، ئەو پرسیارەی دەكرێت ئەوەیە، ئایا ئەم تەكنەلۆژیایە بە ڕاستی مەترسی بۆ مرۆڤایەتی دروست دەكات ؟

بەم نزیكانە نەوەی پێنجەمی ئینتەرنێتی گەڕۆك كە بە (5G) ناسراوە لە زۆربەی زۆری وڵاتانی جیهان دەكەوێتە بەردەستی بەكاربەران، لەكاتێكدا هەمووان دەیانەوێت ئەو تەكنەلۆژیایەیان هەبێت بۆ ئەوەی ئینتەرنێتێكی خێرایان هەبێت، بەڵام زۆركەسی دیكەش دەسەڵەمێنەوە لەو تەكنەلۆژیایەو ترسی ئەوەیان هەیە كە باشی كوالیتییەكەی لەسەر حیسابی تەندروستیان تەواو بێت.

مەبەست لە نەوەی پێنجەم چییە ؟

نەوەی پێنجەمی ئەو تەلەفۆنە شانەدارانە شەپۆڵی زۆر بەرزیان هەیە، ئەو مەودایەشی داگیری دەكەن زۆر بەرفراوانە، بە شێوەیەك بەكاربەر دەتوانێت زانیارییەكی زۆرتر كە چەندین جار هێندەی ئەوەی ئێستایەو خێراترە لە توانای تەلەفۆنە گەڕۆكەكانی پێشوو، بە تێكڕایەك كە دەگاتە (10) گیگابایت لە چركەیەكدا لە مۆبایلەكەیدا هەڵبگرێت.

بەپێی ڕاگەیاندنی لێپرسراوێكی گەورەی كۆمپانیای (ئەریكسۆن) ی سویدی تا ساڵی (2024) نزیكەی (40%) ی دانیشتوانی جیهان ئەو تەكنەلۆژیایە بەكاردەهێنن كە بە نەوەی پێنجەم ناسراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تۆڕی گەیاندنی نەوەی پێنجەم بە تۆڕەكانی مۆبایلی زۆر خێرا كارێكی زۆر ئاڵۆزە بە هۆی شەپۆڵی ملیمەتری كورتەوە، ئەمەش پێویستی بە بوونی ئامێری بەهێزكردنی پەخشی بێ سیم هەیە لە زۆر شوێن، بۆیە دەبێت خەڵكی ئامادەبن بۆ ئەو ڕاستییەی كە بێجگە لەو تاوەرە زۆرەی هێڵەكانی مۆبایل و ئینتەرنێت كە لەهەموو جیهاندا هەیە (ئانتێن) یان (ئالێر) یش دادەنرێت بۆ بەهێزكردنی ئاماژەكان یان شەپۆڵەكان بۆ دەستەبەركردنی كاری نەوەی پێنجەم، ئەم ئانتێنانەش بە شێوەیەكی بەربڵاوو لە زۆر شوێن لەسەر شەقامەكان جێگیر دەكرێن و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەستەم بێت خەڵك بتوانێت خۆی لە كاریگەری تیشكدانەوە هەمیشەییەكان بپارێزێت.

نیگەرانیی بۆ ؟

بەم دواییە نزیكەی (250) زانا لەسەرتاسەری جیهانەوە داواكارییەكان واژۆ كرد بۆ ئەوەی بیخەنە بەرچاوی نەتەوەیەكگرتووەكان و ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی كە تێیدا جارێكی تر باسیان لە مەترسییەكانی زۆربڵاوبوونەوەی ئامێرەكانی بڵاوكەرەوەی تیشك كردووە‌و لەوانەش ئامێرەكانی تەلەفۆنی گەڕۆك و ئامێرەكانی دیكەی پەخشە.

لەو داواكارییەدا زاناكان هۆشدارییان داوەو ئەوەیان خستۆتەڕوو كە مەترسییەكە لەوەدایە كە ئەو ئامێرانە دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری حاڵەتەكانی توشبوون بە شێرپەنجە بە هەموو جۆرەكانییەوە.

چەندین توێژینەوەی پێشتریش لەسەر نەوەكانی دووەم و سێیەم و چوارەمی تۆڕەكانی تەلەفۆنی گەڕۆك كراوەو ئەوەیان دەرخستووە ئەو تۆڕانەو كایە موگناتیسییەكەی كە دروستی دەكەن ڕەنگە كاریگەری لەسەر لەشی مرۆڤ بەجێبهێڵن كە هاوشێوەی ماندوو بوون و خەواڵووییەو دەشبێتە هۆی كەمبوونەوەی سپێرم لەپیاوانداو بە شێوەیەكی گشتیش چەندین كاریگەری دەماریی و دەروونیشی هەیە لەسەر مرۆڤ ، نەك هەر ئەوەندە، بەڵكو ئەو كایە موگناتیسییانە كاریگەری لەسەر ئاژەڵ و ڕووەكیش هەیە.

لەمبارەیەوە (سارە درایسن) مامۆستاو توێژەر لە زانكۆی (ئاخن) ی ئەڵمانیا وتی، كاتێك كایەی موگناتیسی شەپۆڵ بەرز بەكاربهێنێت لە نەوەی پێنجەمی تۆڕەكانی تەلەفۆنی گەڕۆكدا، ئەو دۆخەكە زۆر خراپتر دەبێت و شەپۆڵدانەوەكان زۆر زیاتر دەبێت لەوانەی ئێستا هەیە، هەر بۆیە ئەو شەپۆڵانە كاریگەری زۆر گەورەی دەبێت لەسەر منداڵان، چونكە ئەو شەپۆڵانە لە كەللەسەری منداڵ دەدات زیان بە ئەستورییەكەی دەگەیەنێت.

چی بكرێت ؟

نوسینگەی فیدراڵی ئەڵمانیا داوای كردووە بە مەبەستی خۆپاراستن لە تیشكدانەوەكان پشكنینێكی گشتگیر بكرێت بۆ مەترسییەكانی تەكنەلۆژیای نەوەی پێنجەم (5G) و لە (19) ی مانگی ئازاریشەوە جۆرە نووسینگەیەك بۆ تۆڕەكانی تەلەفۆنی گەڕۆك كراوەتەوە بۆ ئەوەی بەكارهێنەرانی ئەو تەكنەلۆژیا نوێیە ڕاوێژیان پێ بكەن سەبارەت بە چۆنییەتی خۆپاراستن لە تیشكدانەوەی ئامێرەكانیان.

وتەبێژ بە ناوی نوسینگەی فیدراڵی ئەڵمانی بۆ خۆپاراستن لە تیشكدانەوەكان ئاشكرایكردووە، پێویستە لەگەڵ زیادكردنی مەودای هەڵگرتنی زانیارییەكان دەبێت بەتیشكدانەوە كەوتن لەكاتی تەلەفۆنكردن و بەكارهێنانی ئینتەرنێت بەپێی توانا كەمبكرێتەوە و داواشیكردووە ئەوانەی تەلەفۆنی نۆرماڵیان هەیە باشترە بۆ قسەكردن سوود لە تەلەفۆنی ناو ماڵەكانیان وەرگرن و زۆرتریش بە كورتە نامە كاروبارەكانیان ڕاپەڕێنن تا تەلەفۆنكردن و ماوەی تەلەفۆنكردنیش بە پێی پێویست بێت و باشترە كورتترین ماوە بخایەنێت.