یەکەم کۆمپیوتەر

SHKO 19/04/2019 - 06:01 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەكنەلۆژی

پەیام والی*

یەکەم کۆمپیوتەر لە مێژوودا، لە سەردەمى جەنگى جیهانیى دووەم لەلایەن (جۆن مۆچلى) و (جەى ئێکەرت)ى پڕۆفیسۆرانى زانکۆى پەنسیلڤانیاى ئەمریکییەوە دروست کرا.
کۆمپیوتەرەکە ژوورێکى 6 بە 12 مەترى پڕ کردبووەوە، کێشیشى 30 تەن بوو. لە کاتى کار کردندا گەرمییەکى لە ڕاددە بەدەرى هەبوو. زیاتر لە هەژدە هەزار (شەمعە)ى تێدا بوو، کە هەر یەکێک لەوانە بەقەد گڵۆپێک گەرمیى دەردەدا. ئەمەش ماناى وا بوو کە تەنها دەتوانرا لە ژوورێک دابنرێت کە بەتایبەتى بۆى دروست کرابێت، حسێبى ئەو هەموو گەرمییەى بۆ کرابێت و ساردکەرەوەى دەرئاساى بۆ دابین کرابێت.
کۆسپی گەورەى بەردەم دوو پڕۆفیسۆرەکە ئەوە بوو کە دەبوو هەر هەموو شەمعەکان پێکەوە کار بکەن، ئەمەش بە مەحاڵ دەبینرا، هەر بۆیە گەورەترین کۆمپانیاى بەرهەمهێن، ڕەتى کردەوە بەشدارى لە پڕۆژەکەدا بکات، بەڵام دواتر بە ناوى بەجێگەیاندنى ئەرکى نیشتمانى لە کاتى جەنگدا، ئامادەیی دەربڕی.
ئینجا مەترسییەکى تر هاتە ئاراوە، ئەویش مەترسیى خورانى وایەرەکانى ناو ئامێرەکە بوو لەلایەن مشکەوە. بۆیە بەر لەوەى بڕیار بدەن چ جۆرە وایەرێک بەکار بهێنن، تاقیکردنەوەیەکیان ئەنجام دا، بۆ چەند ڕۆژێک جرجى تاقیگەیان برسى کرد، ئینجا چەندین نموونەى وایەریان خستە بەردەمیان، تا بۆیان دەربکەوێت حەز بە خواردنى کام جۆرەیان ناکەن.
تێچووى کۆمپیوتەرەکە گەیشتە نیو ملیۆن دۆلارى ئەمریکى، کە سەرجەمى لەلایەن سوپاى ئەمەریکاوە دابین کرا. جا تۆ بڵێى سوپا پارەى شتێک بدات، داواى چیى لێبکات؟ یەکەم کارى کۆمیوتەرەکە بووە ئەوەى لێکی بداتەوە داخۆ دەکرێت بۆمبى هایدرۆجینى بەرهەم بهێنرێت یان نا. دواى شەش هەفتە سەرقاڵ بوون، کۆمپیوتەرەکە بە (بەڵآ) وەڵامى دایەوە، بەم جۆرەش بووە مایەى خستنەوەى یەکێک لە بەڵاکان بۆ سەر مرۆڤایەتى.

* مامۆستاى (تەکنۆلۆژیاى زانیارییەکان) لە زانکۆى (تیشک)ى نێودەوڵەتى