لاپتۆپێك دروست دەكرێت، قەد دەكرێت !!

23/06/2019 - 09:45 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەكنەلۆژی

 

 

كۆمپانیای (لینۆفۆ) ی چینی یەكەمین لاپتۆپی بەرهەم هێنا كە دەتوانرێت قەد بكرێت و ئەمەش یەكەمین لاپتۆپی لەو جۆرەیە لە جیهاندا.

لەگەڵ ئەوەی پێشتر كۆمپانیای سامسۆنگ تووشی كێشە بوو لەگەڵ ئەو مۆبایلانەی كە توانای قەدكردنیان هەبوو، بەڵام ئەو كێشەیە كاریگەری نەبوو لەسەر كۆمپانیای (لینۆفۆ) ی چینی و كۆمپانیاكە بڕیاریدا سەركێشی بكات لە بواری ئامێرو شاشە نەرمەكانداو بۆ یەكەمین جارو لە جیهاندا پەردەی لەسەر یەكەمین بەرهەمی خۆی لادا كە دروستكردنی لاپتۆپێكە دەتوانرێت قەد بكرێت.

هەرچەندە خودی لاپتۆپەكان خۆیان جۆرێكن وەك ئەوەی قەد بكرێن، بەڵام ئەم جۆرە نوێیەی لاپتۆپ كە هێشتا ناوی نەنراوە بە شێوەیەك دیزاین و دروستكراون كە تەختە كلیل و پێداویستییەكانی دیكەش هەر لە ناو شاشەی لاپتۆپەكەدان ‌و شاشەكەی (OLED) و قەبارەكەی (13.3) بۆسەیە، كاتێك ئامێرەكە دەكرێتەوە دەبێتە جۆرێك تابلێتی گەورە.

كۆمپانیای لینۆفۆ لە بەیاننامەیەكیدا لەمبارەیەوە وتی، ئەو ئامێرە تەلەفۆن نییەو تابلێتیش نییەو تێكەڵەی هەردووكیان نییە، بەڵكو لاپتۆپێكە‌و بەهەموو تایبەتمەندییەكی لاپتۆپەوەو شاشەكەی قەد دەكرێت.

وتەبێژی كۆمپانیاكە وتی، ئەم ئامێرە شتێكی ناوازەیە بۆ ئەو كەسانەی جێگۆڕكێ زۆر دەكەن و دەیانەوێت سوود لەكۆمپیوتەرەكانیان ببینن، كاتێكیش قەدی كۆمپیوتەرەكە دەكرێتەوە تەختە كلیلەكان لەسەر شاشەكە دەردەكەوێت و كەسی بەكارهێنەر دەتوانێت بە ئاسودەیی نامە ئەلكترۆنییەكانی یان هەر شتێكی تر بنوسێت، هەروەها دەشتوانرێت تەختە كلیكی وایەرلێس یان بلوتوسی لێ ببەسترێت بۆ ئەوەی سوود لە هەموو شاشەكە وەرگرێت.

ئەوانەی تائێستا نموونەی یەكەمی ئەو بەرهەمەیان تاقیكردۆتەوە زۆر بەلایانەوە شتێكی باشەو دەتوانرێت زۆر بە ئاسانی كاری لەسەر بكرێت.

كۆمپانیای لینۆفۆ دەڵێت، هێشتا ئامێرەكە لە هەنگاوی سەرەتاییدایەو لەساڵی (2020) دا بەتەواوی هەمو وردەكارییەكانی دەخرێتە ڕوو لە دوای ئەوەشەوە كار بۆ بەرهەمهێنانی ژمارەیەكی زۆر لەو ئامێرە دەكرێت و بە سەرانسەری جیهاندا بڵاوی دەكەنەوە.

كەشتی نووح