بۆچی ئیسرائیل پشتگیری له‌ ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌كات؟

به‌ داخه‌وه‌ به‌ درێژایی مێژووی ژیان و گوزه‌رانی هاوبه‌شی گه‌لی كورد له‌گه‌ڵ گه‌لانی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی و نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و وڵاتانی موسڵمانیش به‌تایبه‌تی، به‌ جۆرێكـ بووه‌ له‌ سنووری دراوسێتی نێوان دوو نه‌ته‌وه‌و دوو جوگرافیای جیاواز نه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵكو به‌ هۆی موسڵمان بوون و پابه‌ندی زیاتری گه‌لی كورد به‌ ئاینی پیرۆزی ئیسلام و تێكه‌ڵاویان له‌نێوان یه‌كتردا، له‌ زۆر ڕووه‌وه‌ ده‌یان كه‌سایه‌تی كوردی موسڵمان له‌ بواره‌ جێاوازه‌كانی زانسته‌ شه‌رعیه‌كان و بواری سه‌ربازی و ده‌وڵه‌تداریدا هه‌ڵكه‌وتووه‌ جێ په‌نجه‌یان دیاربووه‌، له‌وێشه‌وه‌ متمانه‌ی چوارده‌وریان له‌ غه‌یره‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌ ده‌ستهێناوه‌، هه‌ر بۆیه‌ توانراوه‌ به‌ قوڵایی چوارده‌ سه‌ده‌ له‌ هاتنی ئاینی ئیسلام و ویستگه‌ جێاوازیه‌كانی دونیای ئیسلام به‌ هه‌موو تێبینیه‌كانیه‌وه‌، خزمه‌تێكی باش و له‌به‌رچاوی نه‌وعی به‌ مێژووی موسڵمانان و خودی ئاینه‌كه‌ بكه‌ن، لێره‌وه‌ ده‌بوو برا عه‌ره‌به‌كانی هاونشین و هاوئاینی كوردانی كوردستان پاش ئه‌وه‌ی كۆتا ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ت و ڕه‌مزی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامیی ڕووخا، وه‌كـ ئه‌وانیتر ئه‌و مافه‌یان به‌ كورد بدایه‌ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ و له‌سه‌ر خاكی باوباپیرانی خۆیان بونیاد نرابا! ئه‌گه‌ر چی ئه‌م دابه‌شبوون و كه‌رت و په‌رتكردنه‌ی وڵاتی كوردان به‌هۆی ڕێكه‌تنامه‌ی (سایكس بیكو) بووه‌، واته‌ ئه‌م جیاكاریه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ و ویستی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی و خه‌لافه‌تی ئه‌و كاتی عوسمانیه‌كان بووه‌! ئێستا و پاش سه‌ده‌یه‌كـ له‌ تێپه‌ڕینی ئه‌و ڕێكه‌وتنامه‌یه‌ به‌ له‌رچاوگرتنی گۆڕانكاریه‌كانی ناوچه‌كه‌و ئاڵۆزتربوونی په‌یوه‌ندیه‌كانی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، جار جار باسی كات و زه‌مان و زه‌مینی له‌ بار ئه‌كرێ بۆ ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی، ده‌بوو برا عه‌ره‌به‌كان یه‌كه‌م نه‌ته‌وه‌ و یه‌كه‌م وڵاتی دراوسێ بن پێش (توركـ و فارس) پێشوازیان له‌ هه‌وڵێكی له‌م جۆره‌ كردبا! كه‌چی به‌ داخه‌وه‌ ته‌نها ده‌وڵه‌تێكـ له‌ ناوچه‌كه‌و جیهانی ئیسلامیی به‌گشتی به‌ ده‌مامكێكی ساخته‌وه‌ دێته‌ پێشه‌وه‌و به‌ڵێ بۆ ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌كات وڵاتێكی داگیركارو خۆسه‌پێنه‌ری وه‌كـ قه‌واره‌ی جوله‌كه‌یه‌؟ ڕه‌نگه‌ ئه‌م خۆشحاڵیه‌ی ئیسرائیل لای هه‌ریه‌كـ له‌ ئێمه‌ پرسیاری بۆ دروست كردبین بۆچی ته‌نها ئیسرائیل ؟ من هه‌وڵ ئه‌ده‌م به‌شێكـ له‌‌ نهێنی ئه‌و پێ خۆشبوونه‌ی ئیسرائیل بخه‌مه‌ ڕوو له‌وانه‌ :

١- ئیسرائیل له‌ ئاستی شه‌قامی عه‌ره‌بی و ئیسلامیدا نه‌كـ (حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ره‌ب) هه‌ست به‌ نامۆیی و ناسازی ئه‌كات به‌ جه‌سته‌ی ناوچه‌كه‌ ، ڕه‌نگه‌ به‌ هه‌مان هه‌ناسه‌و هه‌سته‌وه‌ له‌ كورد و كێشه‌ ڕه‌واكه‌ی ته‌ماشا بكا! بۆیه‌ ئه‌خوازێ ده‌وڵه‌تێكی تری نامۆ و هاورده‌ وه‌كـ خۆی له‌ ناوچه‌كه‌ ڕابگه‌یه‌نرێت! له‌ كاتێكدا ئه‌م تێڕوانینه‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌یه‌ !

٢ - نزیكبوونه‌وه‌ی ئێران و ڕۆژئاواو گه‌یشتن به‌ ڕێكه‌وتنی نێوانیان به‌ تایبه‌تی له‌ بواری دۆسیێی ئه‌تۆمی، كه‌ بێ گومان بۆ ئێران ده‌رگای زیاتر ئه‌كاته‌وه‌ به‌ڕووی ووڵاتانی رۆژئاوا! ڕه‌نگه بۆ ئیسرائیل ئیدی بیانوو هێنانه‌وه‌ بۆ ڕۆژئاوا له‌ هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ڕۆژئاوا ئه‌و نرخ و به‌هایه‌ له‌ ده‌ست بدا! لێره‌وه‌ جۆرێكـ له‌ جۆره‌كان بكه‌وێته‌وه‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌و داخوازیه‌كانی شه‌قامی عه‌ره‌بی و ئیسلامیی!

٣- به‌ هۆی زۆرینه‌ی شیعه‌ له‌ حكومه‌تی عێراق و مانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د له‌ سوریا و پاڵپشتیه‌كانی ئێران بۆ شیعه‌كانی لوبنان و یه‌مه‌ن، هێنده‌ی تر‌ پێگه‌ی شیعه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌ به‌هێز تر كردووه‌! ئه‌مه‌ش بۆ ئیسرائیله‌كان جێگای نیگه‌رانیه‌ !

٤ - نزیكبوونه‌وه‌ی سعودیه‌ له‌ توركیا و ئاشتبوونه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵ حكومه‌ته‌ كوده‌تاچیه‌كه‌ی میسر كه‌ ئه‌مه‌ی دوایی بۆ میسریه‌كان ته‌كاندانه‌ به‌ چاره‌سه‌ری به‌شێكـ له‌ گرفته‌ ئابوریه‌كانی ئه‌و وڵاته‌، له‌ ئه‌گه‌ری بێ نیازی سوپای میسر له‌ هاوكاریه‌ دارایی و سه‌ربازیه‌كانی ئه‌مریكا سنووره‌كانی ئه‌و ووڵاته‌ بكه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ ، دیسان بۆ ئیسرائیل مایه‌ی تێبینیه‌ !

٥ - به‌ هێز بوونی داعش و تیرۆریستان له‌ ناوچه‌كه‌ بیری توندڕه‌ویی و كاری تیرۆریستی زیاتر ده‌كات، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌ هۆی په‌یوه‌ندی كردنی گه‌نجان و لاوانی تازه‌ پێگه‌یشتوو هه‌ڵهاتن و مانه‌وه‌ له‌ ڕیزه‌كانی ئه‌و ڕێكخراوانه‌ كۆنترۆڵ نه‌كرێت و دواتر ئاراسته‌ی هه‌ڕه‌شه‌كان به‌ره‌و ئیسرائیل بگۆڕدرێت !

٦- ئیسرائیل به‌م پێشوازیه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی كوردی له‌ پاڵ هه‌ندێ ده‌ستكه‌وتی بازرگانی و ئابوری، ئه‌یه‌وێ كوردان تێ بگه‌یه‌نێ ئه‌وه‌ی دوژمن و ڕێگری ڕاسته‌قینه‌ی ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردیه‌ ووڵاتانی موسڵمانشینی ناوچه‌كه‌یه‌ نه‌كـ ڕۆژئاوا به‌ته‌نها

لێره‌وه‌ ئه‌م خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌ پێمان ده‌ڵێت كه‌ ئیسرائیل ئه‌یه‌وێ له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ لاوازی پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی و نه‌بوونی هاوسۆزی زلهێزان و دژایه‌تی نه‌ته‌وه‌كانی (عه‌ره‌ب و فارس و تورك) بۆ كورد و پرسی به‌ ده‌وڵه‌تبوون بقۆزێته‌وه‌، له‌لایه‌كـ‌ به‌ دوای هاوبه‌ش و هاوڕێه‌كی تری دژه‌ عه‌ره‌ب و فارس و توركه‌كانه‌، له‌ولاشه‌وه‌ كارتێكی به‌هێز بێ بۆ هه‌ر كاتێكـ بیه‌وێ به‌ هۆی ئازایه‌تی و قاره‌مانێتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و ڕۆڵه‌كانی ئه‌م گه‌له‌ ، ته‌گه‌ره‌ بخاته‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیه‌ حه‌تمیه‌كانی ئاینده‌ی سه‌ر قه‌واره‌كه‌ی!