ڕایەکی تر لەسەر ڕێککەوتننامەی دەباشان

ڕێککەوتننامەکەی دوێنێ ی نێوان یەکێتی وگۆڕان ، دوو لێکدانەوەی دژبەیەک هەڵدەگرێ..یەکەمیان ئەوەیە کەئەم ڕێککەوتننامە دەروازەوسەرەتایەکە بۆ ڕێککەوتنێکی فراوانتر لەگەڵ پارتی و دوولایەنە ئیسلامیەکەو یەکخستنەوەی نێوماڵی هەرێمی کوردستان و کۆتایی هێنان بە ناکۆکیەکان ، لەڕێگەی گفتوگۆی نێوان (گۆڕان ویەکێتی) وەک تەرەفێک لە گەڵ (پارتی ) و دواتریش کۆبوونەوەی لەیەک تێگەیشتن لەنێوان لایەنەسەرەکیەکان .. ئەم لێکدانەوەش لە ناوەڕۆکی ڕێککەوتننامەکەو لەلێدوانی بەرپرسانی یەکێتی و گۆڕاندا ئاماژەی بۆکراوە و وتەبێژی گۆڕانیش وتی هەقە ڕێککەوتنەکە والێکبدرێتەوە کەیەکێتی دۆستی پارتیەو دەرەنجام لەوڕێگایەوە گۆڕان و پارتیش گفتوگۆ دەکەن و ڕێکدەکەون ، نەک بەپێچەوانەوە لێکبدرێتەوە ،کەگۆڕان و پارتی ناکۆکن و دواجار بەهۆی ئەم ڕێککەوتنەوە گۆڕان یەکێتیش ڕادەکێشێت بۆ دژایەتی پارتی..

لێکدانەوەی دووەمیش ئەوەیە ،کە پێی وایە ئەم ڕێککەوتننامەیە لە بنەڕەتدابەدەستی ئەقلیمی وەک گوشارێک لەدژی پارتی ئەنجام دراوە..پارتی ئەم مەترسیەی هەیە.
بەبۆچوونی من ڕێککەوتننامەکە هەردوو لێکدانەوەو دوو ئەگەر هەڵدەگرێ ، بەڵام گرنگ ئیرادەی ئەم دوو تەرەفەیە؛ ئایا ڕێککەوتننامەکە بە چ ئاراستەیەک دەبەن ؟ ئایا دەیانەوێ بیکەنە دەروازەو بناغە بۆ دەسپێکردنەوەی گفتۆگۆی جددی لەنێوان پارتی و گۆڕان ، بەڕەچاوکردنی هەستیاری ڕەوشەکەو ئایندەی هەرێم؛ هەروەک زۆرجاریش پارتی وتویەتی ئەگەر یەکێتی و گۆڕان پێکەوە بن، بۆ ئێمە گفتوگۆکان ئاسانتر دەبن ..
یان ئەوەیە ئیرادەکە بەئاراستەی پێچەوانەوە دەبێت لەتەرەفێکەوە؛ بە مەبەستی گۆ ڕینی هاوسەنگی هێزو دەسبادانی تەرەفی بەرامبەر .. کەئەمەیان مەترسی ئەوەی هەیە جارێکی تر کێشەکان قووڵتر کاتەوەو ڕەوشەکە ئاڵۆزتربکات.. دیارە ئەمەی دوایی نەخوازراوەو هەرێمی کوردستان دەخاتە گێژاوێکی دیکەی گەورەوە ،کە بێگومان خەڵکی کوردستان ڕەتی دەکاتەوە و ئومێد وایە ئەم ئیرادەیە بوونی نەبێت..