بۆ ئەندامانی كۆنگرەی حەوتی یەكگرتوو

 

لە پێشوازی گرێدانی كۆنگرەی حەوتەمیدا، سەرەتا لە ناخەوە هیوای سەركەوتنی كۆنگرە و پێشكەوتن و نوێبوونەوە و هەستانەوەیەكی بە گوڕوتینی زیاتر بۆ (یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان) و پێشەنگ و عەلەمدارانی كاروانی میانەڕەوی و خەباتی مەدەنی و سەركردە و كادیر و لایەنگرانی ئەم حیزبە بێ‌ زیان و سودبەخش بۆ گەل و نیشتیمانی كوردستانە دەخوازم، هەروەك لە خوای گەورە داواكارم كە بە مەدەد و تەوفیقات و فیوزاتی بەردەوامی خۆی پشتیوان و ڕێ‌ نیشاندەر و ئیلهامبەخشیان بێت.
سەركردە و كادیر و ئەندامە یەكگرتووەكان دەبێ‌ ئەوە بزانن و دڵنیابن لەوەی كە لە ماوەی خەباتی چەند ساڵی ڕابردوویاندا -تەنانەت بە هەڵە و كەموكورتی و نەپێكانە سیاسی و دەعەوییەكانیشیانەوە- هێشتا باشیان هێناوە و جوانیان كێڵاوە و (مەسیر)ێكی باشی مرۆڤ دۆستانەیان گرتووەتە بەر و (مەسار)ێكی گونجاو و شایستەی نیشتیمانپەروەرانەیان هەڵبژاردووە و بەرە و (مصیر) و ئەنجامێكی باش و خواپەسەندانە كەوتوونەتە ڕێ‌، ئەمەش بەو مانایە نییە كە چاوپۆشی لە هەڵە و كەموكورتی و نەپێكانەكانیان بكرێت و پێداچوونەوەی شێلگیرانە و بڕیاری حاسیمانە و جورئەتی حەكیمانە بەخەرج نەدەن و نەگەڕێن بەشوێن فۆڕم و شێواز و میكانیزم و بیركردنەوەی باشتر و پێویستتر و جوانتر لەوەی ڕابردوو گرتوویانەتە بەر.
وەك دڵسۆز و پەرۆشێك بۆ ئەم حیزبە و بیركردنەوە و ئەو مەبدەئو ڕەوتەی گرتوویانەتە بەر، بە پێویست و ئەركی خۆمم زانی ئەم چەند سەرەقەڵەم و پێشنیار و بیرخستنەوەیە بخەمە بەردەستیان، بەتایبەت بۆ ئەندامانی كۆنگرەی حەوتەم.
بە پێویستی دەزانم كە بەر لە چوونە ناو هۆڵی كۆنگرە و ساتی و كۆنگرە و پاش تەواوبوونیشی، چەند خەسڵەتێك لەناو قیادە و قەواعیدی یەكگرتوودا زیندوو ببنەوە و جارێكی دیكە وەك جاران ببوژێنەوە و لە ناو ناخی یەك بە یەكی ئەندام و سەركردەكاندا دەركەون و نومایان بن و ئەم چەند وشە و بیرخستنەوەیەش لەپێش چاوی هەمووان بێت:
یەكەم/ شكۆی سەركردەكان:
شكۆ و حورمەت و پێگەی سەركردەكانی ئێستە و ڕابردوو و داهاتوویان پێویستە لەناوخۆیاندا پارێزراو بێت و بەردەوامیش پارێزگاری لێ‌ بكەن، نابێت بوونی هەندێ‌ لە هەڵە و كەموكورتی و نەپێكانەكانیان -مەگەر هەڵەی مەبدەئی و نەشیاو بە ئادابی گشتی- شكۆ و حورمەتیان لە لای ئەندامان و قەواعیدی حیزب كەم بكاتەوە، كە تا ئێستا نەك سەركردەكان بەڵكو ئەندامانی خوارەوەی یەكگرتووش لە هەڵە و گوناهی لەو چەشنە بەدوور بوون.
دووەم/ متمانەی ئەندامان و ڕێكخستنەكان:
پێویستە قیادە و سەركردایەتی یەكگرتوو متمانەی پتەوی بە دڵسۆزی و پەرۆشی و خەمخۆری و لێبڕاوی و قوربانیدەری ئەندام و ڕێكخستنەكانی هەبێت و لێیان بە گومان نەبێت، چونكە ئەوەی دەبینرێ‌ كادیر و ئەندامەكانی ئەم حیزبە هەم هۆشیاری و دڵسۆزیان كەم وێنەیە، هەم قوربانیدان و لێبڕانیان، ئەوەش بە خۆشحاڵی و باوەڕی تەواو بە ڕەوت و نەهجەكەیان ئەنجام دەدەن و شانازیشی پێوە دەكەن، بۆیە سەركردایەتی ئەم حیزبە پێویستە زۆر بە ڕێزەوە لەم ئەندام و كادیرانەی بڕوانێت و تەقدیریان بكات.
سێهەم/ شەهامەت و جوامێری و بوێری:
خاڵێك كە زۆر گرنگ و جێی بایەخە، پێویستە گیانی ڕەخنەگرتن و ڕەخنە قبوڵا كردن بەردەوام لەم حیزبەدا زیندوو بێت و برەوی پێ‌ بدرێت، ئەویش بەوەی كە ئەندامان شەهامەتی ڕەخنەگرتن و چاودێری و لێپرسینەوە لە سەركردەكانیان هەبێت، سەركردەكانیش جوامێری و سنگفراوانی قبوڵ كردنی ڕەخنە و سەرنج و تێبینییەكانیان هەبێت و نەترسن و ئەوە بە دڵسۆزی و ئازایی ڕێكخستن و كادیرەكانیان بزانن.
چوارەم/ ڕابردوو و ئێستا و داهاتووتان لەپێش چاو بێت:
بۆ هەموو ئەوانەی كە خۆیان بە سەركردە و پێشەنگی كاروانی یەكگرتوو دەزانن! لەبیرتان بێت كە بە هەندێ‌ بیركردنەوەی هەڵە و مامەڵەی ناتەندروست و نائەخلاقی و نەشیاو، بە شكاندنی بەرامبەرەكان لەپێناو سەرخستنی خوددا بۆ گەیشتن بە پلە و پێگە و پۆستێك، زیانێكی ئێجگار گەورە دەكەن و ڕەنج بەخەسار دەبن، دڵنیاشبن كە ئەگەر بەو شێوەیە بن ئەوا: مەحبوبترین كەستان دەبنە مەبغوزترین كەس، شیرینترین و ئازیزترین كەستان دەبنە مەنفورترین و بێزراوترین كەس، موەفەقترین و سەركەوتووترین كەستان دەبنە شكستخواردووترین كەس، كاریزماترین كەستان دەبنە فەرامۆشكراوترین كەس و هتد...
لەبیرتان بێت كە قەرارە هەمووتان پێكەوە و لەناو ئەو ڕەوتە میانەڕەو و ئیسڵاحخوازەدا ئەمانەتداری ئەمانەتێك بن كە حەشامەتێك لە ڕێكخستن و ژمارەیەك لە كادیر و خوشك و برای پێشەنگ و بەتەمەن و گەنج و لاو ئەمانەتی ئەم كاروانەیان پێ‌ سپاردوون، قەرار نیە كە هیچ یەكێك لە ئێوە بە پاساوی شكست خواردن و بە لاواز زانینی بەرامبەر و خوشك و براكانتان و خۆ بەباشتر زانین و دادگایی كردنی ڕابردوو، ئەمانەت و بەرپرسیارێتی و سپاردە و ئەركە مەزنەكەتان زایە بكەن و بیفەوتێنن و مامەڵەیەكی نائەخلاقی و نەشیاو بكەن، بەمەش هاوكاروان و كادیر و هەوادارەكانتان و ئەو خەڵكە ئیسڵاحخواز و ئیسلامخوازەی كە ئومێدیان پێتانە، نائومێدیان بكەن لە خۆتان و پرۆژەكەتان و كاری ئیسلامی بەگشتی و ڕەوتی میانەڕەوی ئیسڵاحخوازانە بەتایبەتی.
پێنجەم/ خۆ كاندید نەكردنەوە و متمانە وەرنەگرتنەوە:
ئایا ئێوەی یەكگرتووەكان بەگشتی و ئەندامانی كۆنگرەی حەوت بەتایبەتی، لە خۆتان پرسیوە كە (ئایا یەكگرتوو و سەركردەكانی چەنێك باشیان كرد و پێكایان كە لە هەردوو كۆنگرەی پێنج و شەشدا ژمارەیەكی زۆر باش لە سەركردە و ڕەمز و كەسە كاریگەرەكانی ناو یەكگرتوو خۆیان كاندید نەكردەوە، لەكاتێكدا كە توانای كاركردنیان مابوو و یەكگرتوو پێویستی پێیان بوو؟! یان هەندێكیان دەنگی پێویستیان پێ‌ نەدرا لە لایەن ئەندامانی كۆنگرەوە بە بیانووی ئەوەی با كەس و خوێنی تازە بێنە پێشەوە؟! ئەمە پرسیارێكی زۆر جددیە و ئەبێ‌ لەم كۆنگرەیەدا بەر لە دەنگدان و خۆپاڵاوتن و خۆكەنارخستنەكان وەڵام بدرێتەوە.
شەشەم/ كەی و تا كوێ‌ گۆڕانكاریمان بە دڵ و لا پەسەندە؟:
ئایا بیرتان لەوە كردووەتەوە ئەو گۆڕانكاری و چاكسازیەی كە هەر یەكەتان داوای دەكەن و پرۆژەی بۆ پێشكەش دەكەن و هەوڵی بۆ دەدەن، ئەگەر خودی خۆتان و ئەو ئۆرگانەی گرتەوە كە كاری تێدا دەكەن، یاخود پاش كۆنگرە و ساتی داڕشتنەوە و پێكهێنانەوەی هەیكەلی حیزب ئێوە و دەزگا و ئۆرگانەكەتانی بەركەوت، چەنێك قبوڵی دەكەن و بە گۆڕانكارییەكی باشی دەزانن؟! یان تا ئەو شوێنە باوەڕتان بە چاكسازی و گۆڕانكاری لە یەكگرتوودا هەیە كە دەزگا و ئۆرگانەكە و خودی خۆتان و كەسە نزیك و خۆشەویستەكانتان نەگرێتەوە و نەكەونە بەر هەڵمەتی لادان و گۆڕانكاری و كەنارخستنەوە و متمانە بەدەست نەهێنانەوە؟! ئایا ئەگەر ئۆرگانەكەتان یان خۆتان و كەسە نزیك و خۆشەویستەكانتان بەر ئەو گۆڕانكاری و كەناركەوتن و لادانانە كەوتن، هێشتا نەفەس و بڕستی كاردن و خزمەتكردنی ئەم حیزب و پرۆژەیەتان هەیە و ئامادەییتان تێدایە لە یەكێك لە ئۆرگانەكانی ئەم حیزبەدا درێژە بە كار و خەباتتان بدەن و دانەبڕێن و سارد نەبنەوە و واز نەهێنن؟!
دواجار ماوەتەوە بڵێین: یەكگرتووەكان دەبێ‌ بزانن كە زەرورەتی گۆڕەپانە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئایینییەكەی كوردستانن و جێی ئومێدی بەشێكی زۆر لە هاونیشتیمانیانن، هێشتا كاری زۆر ماوە كە دەبێ‌ ئەنجامی بدەن و ئەم وڵاتە پێویستی بە عەقڵ و بیركردنەوە و سلوكی یەكگرتووانەی یەكگرتووەكان و ڕەوتی میانەڕەوی هەیە زیاتر لە هەر كاتێكی دیكە، ئەم نیشتیمانە پێویستی بە كەسی چاك و پاك و چاكساز هەیە كە دڵسۆز و پەرۆش بێت و دژی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی نیشتیمان و لەدەستدانی بەها باڵاكان بێت، میانەڕەوبوون و ئیسڵاحخوازی نەفەسی درێژ و ئیرادەی بەهێز و تین و تاوی بەردەوام و دامەزراوی و كۆڵنەدانی دەوێ‌، ئەوەش لە سەركردە و كادیر و ئەندامەكانی (یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان) ڕادەبینرێ‌ و چاوەڕێ‌ دەكرێ‌.