ئەم سەرنج و پێشنیارانەش لەبیر مەكەن بۆ كۆنگرەی حەوتی یەكگرتوو

 

لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و مەبدەئی بوونەوە، لە پێشوازی گرێدانی كۆنگرەی حەوتەمی (یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان)دا ئەم چەند وردە سەرنج و پێشنیارە دەخەمە بەردەست لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی كۆنگرە و ئەندامانی كۆنگرەی حەوتەم بەگشتی:
یەكەم/ دامەزراوەی تیۆریزەكردن:
یەكَێك لە پێویستترین كارەكان بۆ یەكگرتوو بریتییە لە دروستكردنی (دامەزراوەی تیۆریزەكردن-مۆسسە التنڤیر) وڵاتێكی گەورەی وەك ئەمریكا و وڵاتە زلهێزەكانی دیكەش هەموویان (تیۆریست-منڤر)ی تایبەتیان هەیە و پشت بە توانای بیركردنەوە و مەعریفە و توانستی تیۆریزەكردنی چەند تیۆریستێك دەبەستن بۆ شێواز و فۆڕمی حوكمڕانی و دەسەڵاتدارییان، كە كاریان بریتییە لە بیركردنەوە و تیۆریزەكردن و دواجار خستنەبەردەستی دەسەڵات و سیاسییەكان بۆ پراكتیزەكردنی.
ناكرێ‌ حیزبێك (تیۆریست-منڤر)ی نەبێت و سیاسییەكان هەر بۆخۆشیان بیانەوێ‌ بە بێ‌ خوێندنەوە و پەرژانە سەر بابەتە مەعریفی و فیكری و ڕۆشنبیری و ئەكادیمییەكان، بیریش بكەنەوە و سیاسەتیش بكەن، لەكاتێكدا سیاسەت زیاتر مامەڵە كردنە، بۆیە بۆ حیزبێكی وەك (یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان) كە خاوەنی سەرمایەی باشی مرۆیی مەعریفی و ڕۆشنبیری و ئەكادیمی یە، كارێكی باش ناكات كە دامەزراوە یان دەستەیەكی نەبێت بۆ تیۆریزەكردن و بیركردنەوە و داڕشتنی ڕوئیای حیزب.
دووەم/ دامەزراوەی داتا و زانیاری توێژینەوە:
بۆ ئەوەی واز لە خەمڵاندن و پێشبینی بێ‌ بنەما و نازانستی بهێنین و عاتیفیانە مامەڵە لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەكان نەكەین، بەڵكو پشتئەستوور بین بە زانیاری و داتای ورد و دروست، زۆر گرنگ و پێویستە ئۆرگان و دامەزراوەیەك هەبێت تایبەت بە داتا و زانیاری و ورد و توێژینەوەی زانستی بۆ ئەو كایە و بابەتانەی كە حیزب پێویستی پێیان دەبێت، وەك هەڵبژاردنەكان و كێشە و قەیران و هەڵكشان و داكشانەكان و هتد...
سێهەم/ ئەمیندارەكان دەبێ‌ ئەمانەتدار بن:
لانی كەم و ئەوەی تا ئێستا ڕاگەیەنراوە، چوار كەسایەتی خۆیان بۆ پۆستی (ئەمینداری گشتی) یەكگرتوو پاڵاوتووە، لەم چوارە كەسێكیان متمانەی دەنگی زۆرینە بەدەست دەهێنێ‌ و ئەوانی دیكەش هەر كامە و ڕێژەیەك دەنگ بەدەست دەهێنێ‌.
ئەوەی كە زۆرینەی دەنگەكان بەدەست دەهێنێ‌، پێویستە ئەوەی لەپێش چاو بێت كە ژمارەیەك دەنگیان بە ئەو نەداوە و پاڵێوراوەكانی دیكە و پرۆژەكانی ئەوانیان پێ‌ باشتر و پەسەندتر بووە، بۆیە پێویستە خواست و بۆچوونەكانی ئەوانیش لەپێش چاو بگرێت و هەوڵ بدات جێگە و پانتایی گونجاو بۆ پرۆژە و كارنامەی پاڵێوراوەكانی دیكەش دەستەبەر بكات و بە تەواوكاری كارنامە و بۆچوونەكانی خۆیانی بزانێت.
بۆ ئەوەش وێنەكە گونجاوتر و جوانتر بێت، زۆر شایستەیە كە پاش دەركەوتنی دەرەنجامەكان، ئەو سێ‌ كەسەی متمانەی زۆرینەیان بەدەست نەهێناوە، پێكەوە بچنە سەر مەنسەكە و پیرۆزبایی لە (ئەمینداری گشتی) متمانە پێبەخشراو بكەن و پشتیوانی بۆ دەربڕن و بەڵێنی هاوكاری دەستباری پێ‌ بدەن تا كۆتایی خولەكەی.
لەوەش جوانتر و باشتر ئەوە دەبێت ئەو سێ‌ كەسە لەو ئاستەدا نەوەستن و خۆیان بپاڵێون بۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی و ئەنجوومەنی ڕاپەڕاندن و یاریدەدەری ئەمیندار، ئەمەش قووەت و هێزی جەماعی بوون تەواو دەكات و دەشتوانن لە میانەی كاردا متمانەی ئەمیندار بەدەست بهێنن و زەمینەی لەبار بۆ كارنامەكەی ئەوانیش بڕەخسێ‌ و ئەم خولە ببێتە (خولی ڕاگوزەر) و هەنگاونان بۆ ئەوەی لە كۆنگرەی داهاتوودا گۆڕانكاری جەوهەری و جددی بكرێت، ئەمەش تین و تاوی بەردەوامی لەسەر بۆچوون و قەناعەتە جیاوازەكان و هەوڵەكانی چاكسازی و گۆڕانكاری دامەزراوتر و نەفەس درێژتر دەكات و لە نیوەی ڕێ‌ كاروان و هاوبۆچوونەكانیان دڵسارد و بێ‌ هیوا ناكەن، بەمەش دەسەلمێت كە پاڵێوراوەكانی ئەمینداری بە ڕاستی ئەمانەتدار و هەڵگری سپاردەیەكن لە بۆچوون و خولیا و خەونی گەشەپێدان و نوێبوونەوە و ڕیفۆڕم و هەستانەوە و جەماوەری بوون.
چوارەم/ بەرەكەت لە كاری جەماعی و بەكۆمەڵدا:
وەك دەزانین هەرێم و سەرجەم لایەنەكان بەگشتی و هاوڵاتیان بەتایبەتی، لە قەیرانێكی قوڵی داراییدان، تێپەڕاندنی ئەم دۆخە پێویستی بە كاری هەرەوەزی و هاوكاری و بەدەمەوەبوونی یەكتر هەیە، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش پشكی شێر لەو قەیرانەی بەر كەوتووە، ئەگەرچی تا ئێستا باش هاتووە.
بۆ سوككردنی باری سەرشانی حیبزب و زیندووكردنەوەی زیاتری كاری هەرەوەزی و بەدەمەوەبوون و بەرەكەتداركردنی كارەكان بەگشتی و كۆنگرەی حەوت بەتایبەتی، بەندە پێم باشە بە پشك و هاوكارییەكی ڕەمزی هەموو ئەندامانی كۆنگرە بەشدار بن، بەتایبەت كە زیاتر لە (1000) كەس بەشدارە، بۆ نموونە ئەگەر هەر ئەندام كۆنگرەیەك تەنها بڕی (10,000) دینار هاوكاری پێشكەش بكات، دەكاتە (10,000,000) دە ملیۆن دینار، كە ئەم بڕە زۆر ناكەوێت لەسەر ئەندامانی كۆنگرە، بەڵام لەهەمان كاتدا كەلێنێكی باش بۆ دارایی حیزب پڕ دەكاتەوە.
بۆ ئاسانكاری و جوانتر كردنی پرۆسەكەش، هەر مەڵبەند و ئۆرگانێكی حیزبی، ڕۆژێك بەر لە كۆنگرە یان ئەو ڕۆژەی دەكەونە ڕێ‌ بۆ كۆنگرە، هاوكاری ئەو ئەندام كۆنگرانەی سنووری مەڵبەند و ئۆرگانەكە كۆ بكەنەوە و بە گەشتنیان بە كۆنگرە تەسلیمی بەرپرسی دارایی حیزب یان كۆنگرەی بكەن.
(24-5-2016)