‌سیناریۆی ئاڵوگۆڕی ئەمیندار

لەکەسی ناگرم هەموو شتێک لەم وڵاتەدا تەفسیری پلان و سیناریۆی پێش وەختی بۆ بکات بە کۆنگرەی یەکگرتوو و ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتەکەشیەوە

چونکە بەجدی هێشتا ناتوانین لەوە تێبگەین لەکوردستان کۆنگرەی حزبێک هەیە لەکاتی خۆیدا دەبەسترێت و بەڕاستەوخۆ و شەفافانە سات بەساتی دەگوازرێتەوە و کەس بەتەزکیە ناکرێتە ئەمیندار و سەرکردایەتی و هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ و لەژێر چاودێری دادوەر و بەبەرچاوی کامێراوە یەکلایی دەبێتەوە

کەئەم وێنەیەی بۆ هەرس ناکرێت بەراورد بە گۆڕەپانە سیاسیەکە ناچار پەنا دەباتە بەر تەحلیلی گومانی پلان و سیناریۆی پێش وەختە

بەشێکی زۆریش هەن کە هەموو هەوڵێکی بۆ کەمکردنەوە و هەوڵی ناشیریکردنی ئەو دیمەنە کەم وێنانە دەدەن بۆ ڕزگارکردنی حزب و سەرکردەکانی خۆیانە کە ناتوانن بەسیناریۆ و پلانیش کۆنگرە لەکاتی خۆیدا ببەستن و نیوەی ئەوەی یەکگرتوو دوبارە بکەنەوە

وەک نزیکێک لە زۆرێک لەورد و دریشتی بابەتەکە دەڵێم و سوێندیش ناخۆم ئەگە بڕواتکرد زۆر سوپاس بۆ متمانەت ئەگەر نەشتکرد گەردنت ئازادبێت

دەست بەرداربونی مامۆستا سەڵاحەدین لە ۲۰۱۲ و کۆنگرەی شەشەم لەلوتکەی قەناعەتی شەخسی خۆیەوە بوو ئەگەرچی فشارێکی زۆری ناوخۆیی یەکگرتوشی لەسەر بوو کە کاری وانەکات
ئەگەرچی لەلوتکەی هێزی جەماوەری و جەستەیی و فیکری و سیاسیشیدابوو بەڵام بڕیارە شەخسیەکەی جێبەجێکرد و بووە هۆی ئاڵوگۆڕی ئەمیندار و تۆمارکردنی خاڵێکی مێژوی بۆ خۆی و حزبەکەی و ئیسلامیەکان و گۆڕەپانە سیاسیەکە

ئێستاش دوای فشارێکی زۆری ناوخۆی یەکگرتوو و دەرەوەی یەکگرتووش ڕۆشنبیران و سیاسیەکان و قەناعەتی خۆی بەپرۆژەیەکی ڕاگوزەر بۆ ئەم چوارساڵە و پاش ئامادەبوونی بۆ دەست بەرداربوون لەبەشێک لەو گەورەییەی کەتۆماریکردوە لەپێناو شتێکی گرنگترە کە یەکگرتوە و بەگرنگیدان بە ناوخۆی یەکگرتوو لەهەموو بوارەکاندا بەشێوەیەکی یاسایی و بەهەڵبژاردنێکی ئازاد و دوور لەڕیکلام و ئو ڕێکارە نایاسایی و ناشەرعیانەی لەشوێنیتر هەیە و بەزۆرینەیەکی باش ئەبێتەوە ئەمیندار

کشانەوەی مامۆستا محمد فەرەج سیناریۆ نەبوو قەناعەتێکی شەخسی خۆی لەدواساتەکانی پێش کۆنگرە کە بۆ یەکگرتووش و بۆ کەسایەتی خۆشی کارێکی دروست و زۆر باشیشی ئەنجامدا ئەگەر تێبینیتان لەسەر پشتیوانی مامۆستا و پێشنیاری کشانەوەی کاندیدەکانیتر هەیە ئازادن بەڵام پشتیوانی بۆ مامۆستا و پێشنیارەکەشی نایاسایی نین و لەپرسی دیموکراسیدا جێگەی هەیە و ڕەخنە لێگرتنی نادیموکراسی و نایاساییە و ئەگەر سیناریۆ بوایە دەبوو بەگوێی بکەن کە وانیە

بەکورتی و بەکوردی ئەو پرسانە سیناریۆی تیانیە ئەوەی هەیە کەسەکان یەکگرتوویان خستووەتە پێش خۆیان و یەکگرتووش نمونەیەکی بەرزی شەفافیەت و دەوروبەر یان هێشتا ناتوانن هەزمی بکەن یان بەئەنقەست نایانەوێت هەزمی بکەن !

ئەگەر یەک کاندید یان یەک دەنگدەری کاندید بڵێت سیناریۆیە یان تەزویرە یان دەنگ کڕدراوە یان هەڕەشە لەکەسێک کراوە ئەمە نادیموکراسی و نایاساییە و ئێمە پێش خەڵکی قسەمان دەبوو

بەڵام لەم جەنجاڵی نایاسایی و نادیموکراسیەدا لەکوردستان و لای هێزەکانیتر
جێگەی سەرنج و سەرسوڕمانە ڕاو پێشنیار و گومانەکانت بەسەر یەکگرتووەکاندا بسەپێنیت و دیاری بکەیت ئەبێ یەکگرتوو چی بکات و کێ بکاتە ئەمیندار !!