فاڵگرتنەوە بۆ هەنگاوە سیاسیەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

لە پاش كۆنگرەی حەوتەمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانەوە رەنگە ئیدی پاساوێك نەمێنیتەوە بۆ لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان لە ترس و دڵەراوكێ لە بەستنی كۆنگرەكانیان، پاساوێك نەمێنیتەوە بۆ مكور بون لە بەستنی كۆنگرە لە ژورە داخراوەكان ودور لە چاوی كامێرا و كەناڵە میدیایەكان، پاساوێكیش نەمێنیتەوە بۆ تاقە كاندیدیی و نەبونی مونافیسێك بۆ بەرپرسی یەكەمی حیزبە سیاسیەكان. 

كۆنگرەی حەوتەمی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان ئەگەرچی خاڵی نەبوو لە وردە خەوش و سەرنج و رەخنە، بەڵام هەنگاوێكی نوێ و بوێرانەی سەر گۆرەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان بوو، كە دەكرێت وەك نموزەجێكی چاولێكراو خوێندنەوەی بۆ بكرێت و بە ئینسافەوە هەڵسەنگاندی بۆ بكرێت.
لە پاش كۆتایی هاتنی كۆنگرە و شێوازی بەرێوەچونی كارەكانی لە بونی چەند كاندیدێك بۆ ئەمینداری گشتی ئەو حیزبە تا گواستنەوەی راستەوخۆی روداوەكانی بۆ هاوڵاتیان تا شێوازی رێكخستنەكەی و زۆر خاڵی دیكە، دەیان كەسایەتی سیاسی و رۆشنبیریی و فیكریی لە هەرێمی كوردستاندا بە پەیوەندی شەخسی و لە رێگەی كەناڵە میدیایی و تۆرە كۆمەلایەتیەكانەوە مونسیفانە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو هەنگاوەی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان دەكەن و لەگەڵ رەخنەكانیان لە هەنگاوە سیاسیەكانی دیكەی ئەم پارتە سیاسیە لە هەرێمی كوردستاندا، بەڵام بە شێوازی جۆراوجۆر دەستخۆشانە ئاراستەی ( ئەم هەنگاوە) دەكەن و بە نەریتێكی نوێی سیاسی سەر گۆرەپانی سیاسی هەرێمی كوردستانی لە قەڵەم دەدەن.
كۆنگرە بە ئاشكرا ئەو پەیامەی ئاراستە كرد كە قاعیدەی یەكگرتوو لەگەڵ داخوازیەكانی شەقامدایە و پشتیوانی لە دەنگی نارازیی و رەخنەگرانە دەكات، ئەو پەیامە گشت ئیدیعاكانی دابەشبونی ئەم حیزبەی بۆ دوو بەرەو دوركەوتنەوە لە داخوازیەكانی شەقامی بەدرۆخستەوە و ئەو راستیەی پێ وتین كە زۆرجار لە هەرێمی كوردستاندا شیكردنەوەی سیاسی و هەڵسەنگاندن بۆ ئەدائی پارتێكی سیاسی ئەوەندەی تۆمەتباركردن و فاڵگرتنەوە و خەمڵاندنی نابەجێیە، كەمتر هەڵسەنگاندێكی واقیعیانە و مونسیفانە و دوربینانە.
ئەوانەی ئەم جۆرە تۆمەتەیان دەخستە (و دەیخەنە) پاڵ ئەم پارتە سیاسیە وا باشترە لەمەودوا پەلە نەكەن لە حوكمدان و دیمەنەكە فراوانتر و وێنەكە لە گشت لاكانەوە ببینن، دیارە ئەمە وەك چۆن بۆ چاودێران و لایەنە سیاسیەكان و نەیارانی ئەم حیزبە راستە، بە هەمان شێوەش بۆ سەركردایەتی ئەم حیزبە و رێكخستەكانیشی هەر راستە، كە زۆرجار شیكردنەوەی هەڵە بۆ هەڵوێست و هەنگاوەكانی هەندێك لایەنی سیاسی دیكە دەكەن و بە تیۆری پیلانگێری و تۆمەتباركردنی لایەنەكانی دیكە بینای تێروانین و گۆشەنیگاكانیان دەكەن.
ناكرێت پارتێكی سیاسی لە (كون فەیەكون) ێكدا لە ئەمپەری ئۆپۆزسیۆن بون و رەخنەگرتنەوە فرێدەیتە ئەوپەری دەستەمۆبون و خیانەتكرای و خۆفرۆشتن، ئاسان نیە پارتێكی سیاسی هەروا لە شەوورۆژێكدا گشت هەنگاوە سیاسی و سەروەری و دەنگی دەنگدەرانی و داخوازی جەماوەرەكەی بفرۆشیت بە (هیچ !)، ئەوە لەگەڵ مەنتیق و لێكدانەوەی سیاسی دروستدا یەك ناگرێتەوە، ئەڵبەتە ئەستەم نیە حاڵەتی لەو شێوەیە روبدات، بەڵام رەنگە ئەوەندە سادە و سانا نەبێت و خوێندنەوەیەكی قوڵتری دەوێت تا دەگەیتە دەرەنجامێكی هاوسەنگانە و دوربینانە.
لە هەموو حاڵەتەكاندا ئەوانەی لە نێو ئەم پارتە سیاسیەدا بریارە دەدەن فریشتە نین و دەكرێت بكەونە هەڵەو پەڵەی سیاسیانە، بەڵام رەنگە تۆمەتباركردنیان بە خیانەت و كەوتنە داوی بەرەیەكی سیاسی دیاركراوەوە رەنگە ئەوەندەی لە خەیاڵات و فاڵگرتنەوە نزیك بێت كەمتر لە خوێندنەوەی واقیعیانە و مێژوی خەباتی سیاسی ئەو پارتە سیاسیە.

*ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان