بەعەرەبكردنی هەرێمی كوردستان لە نێوان بێ پلانی یاران و پیلانی نەیارانیدا ...!؟

:
... پاش ڕوخانی سەدامی دیكتاتۆر و لە گۆڕنانی حكومەتی بەعسیەكان لە ساڵی 2003 و بە حوكمی ئەو بارودۆخە ناجێگیر و پاشاگەردانیەی كە بەسەر ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا هات ، دەرفەتێكی زێڕین و هەلێكی مێژوویی بوو بۆ سەركردایەتی كورد تیایدا پێداگیری بكات لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردی و وەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسین ، بەڵام بەداخەوە لەبری قۆستنەوەی ئەو بۆشایەو كەڵكـ وەرگرتن لە بێ پلانی سەركردەكانی عەرەب بە سووننەو شیعەكانیەوە ، سەركردایەتی كورد بەڕابەرایەتی ( پارتی و یەكێتی ) كوردستان و خەونی فراوانكردنی دەسەڵات و پێگەی كوردیان لە ناوخۆدا بەجێهێشت و چوونەوە بەغداو بوون بە كۆڵەكەو ئەستوونێكی قایم بۆ برا عەرەبەكان و لەوێشەوە لە‌ ماڵوێرانی ئیدارەدان و سیاسەتكردندا ‌هاوكارێكی سەخاوەتمەندانە بوون ! لێرەوە ئەكرێت پرۆسەی بە عەرەبكردنی كوردستان كە بەشێوەیەكی خشۆكی كاری بۆ كراوە دابەش بكەین بۆ سێ قۆناغ لەوانە :
:
یەكەم : قۆناغی هەستانەوە لەم قۆناغەدا‌ شیعەكان بەپشت بەستن بەیەكگرتووی ناوخۆیی و بە كۆدەنگی مەرجەعە باڵاكانی خوارووی عێراق و نزیكیان لە حكومەتی هاومەزهەبی ئێرانیەكان لە لایەكـ هەروەها بە هۆی بیركردنەوەی سەقەت و دواكەوتوویی فیكری و كەم ئەزموونی و كاڵفامی سەركردەكانی سووننەكان كە شەوو ڕۆژ بە بیانووی داگیركردنی عێراق لەلایان ئەمریكا و وڵاتانی هاوپەیمانانەوە كاریان بەو ئاراستەیە دەكرد و دەیان فەتوای لابەلایان داتاشی كە هیچ ئەندامێكی سووننە لە دامودەزگاكانی حكومەتی عێراقدا بەشداری نەكات ، هەربۆیە لە ماوەیەكی زەمەنی كەمدا شیعەكان توانیان تەواوی جومگەو پۆستە هەستیارەكانی دەوڵەتی عێراق كۆنترۆڵ بكەن ، بە وریایەكی سیاسی و مەزهەبیەوە لە كاتی هەڵهاتنی بەرپرسانی ئیداری و سیاسی و دیبلۆماسی سووننەكان بە ئەندامێكی شیعە مەزهەب جێگاكەی پڕ دەكرایەوە ! ئیدی‌ عێراق كەوتە ژێر هەژموونی شیعەكان و تاك لایەنە و بەڕێژی زۆرینە و بە هەناسەی مەزهەبی دەسەڵاتیان گرتە دەست !
:
دووەم : قۆناغی لەناوبردنی سوپای عێراق : لەم قۆناغەدا هەستان بە دامەزراندنی سوپایەكی مەزهەبی و پڕچەكراو بە نوێترین چەكی پێشكەوتوو هەروەها ئاخێنراو بە فەتوای جۆراو جۆری مەزهەبی و لە سەر حیسابی مەزهەبێكی تر بە ناوی ( حەشدی شەعبی ) ! بەم هەنگاوەی شیعەكان جگە لەوەی سوپای یەكگرتووی عێراقیەكانی تێكشكاند و لە هەموو هێزو توانایەكی ماددی و مەعنەوی داماڵرا ، دواتریش ئەم سوپایە وەك ئەمری واقیع توانا و دەسەڵاتی لە ئاست پرس و كێشە ناوخۆیەكاندا وەك هێزێكی لاوەكی و بێ ئیرادە هێڵرایەوە و مامەڵەی پێدەكرا ، لەولاشەوە دەرگای بەڕویی هێزەكانی حەش دا زیاتر واڵاكرد بۆ بە عەمەلیكردنی ئەو پیلانەی كە لە پێناویدا داهێنراون ، بەمەش بەناوی ڕاوەدوونانی ڕێكخراوە تیروریستیەكان و شەڕی داعش و داتاشراوەكانی ، كەوتنە وێزەی شار و گوند و تەواوی ئەو شوێن و جێگایانەی كە دانیشتوانەكەی عەرەبی سووننەیە ، بەهەمان هۆكار ڕۆژانە دەیان گەنج و لاو و لە هەموو تەمەنە جێاوازەكان ڕووبەڕووی كوشتن و ئازارو ئەشكەنجە دەبوونەوە تەواوی بیناو باڵەخانەكان پاش تاڵانكردن و دزین و فڕاندنی شت و مەكەكانی زۆرێكـ لەو شارو گوندانە تەخت و خاپوری زەوی كرا ، هەتا كار گەیشتە ئەوەی ماڵو حاڵی خۆیان بەجێ بهێڵن لە پێناو مانەوەو ڕزگار بوون لە دەستی شاڵاوی پاكتاوی مەزهەبی حەشدی شیعە ڕوویان لە شارو شارۆچەكەكانی كوردستان كرد ! لێرەوە پەلامارەكانی ئەم هێزە لە چەند لایەكەوە خزمەتی بە شیعەكان كرد ، لەلایەكـ شارو گوندنیشینەكانی عەرەبی سووننە چۆڵكران و ئێستا لەلایان شیعەكانەوە داگیركراوە ، لەولاشەوە بە هۆی ئاوارەیی و مانەوەیان لە كوردستان یارمەتیدەرێكی باشە كەبۆ كۆتاجار نیشتەجێی كوردستان بن و نەگەڕینەوە وڵاتی خۆیان ! بەمەش بارگرانی دەخەنە سەر هەرێمی كوردستان و رووبەڕووی تەعریب و گۆڕینی دیموگرافی دەكەنەوە ، سیماو ڕوخساری شارەكانی ئێستای هەرێمی كوردستان بە ڕوونی دەبینرێت !
:
سێیەم : قۆناغی بە یاساییكردنی تەعریب لەم قۆناغەدا دەركردنی فەرمانی پارێزگاری سلێمانی بە كیتابی ژمارە ( 6448 ) لە بەرواری ( 6 / 6 / 2016 ) دا ، جەنابی پارێزگار بیەوێ یاخود نا بە پێی ئەم فەرمانە كە ناوو و واژۆی خودی پارێزگاری سلێمانی لەسەرە ڕێكارە یاساییەكان كار ئاسانی دەكات بۆ هەموو هاوڵاتیەكی عەرەب و بیانی ببەن بە خاوەنی موڵكـ و باڵەخانەی خۆیان بەناوی خۆشیانەوە ، واتە بەتەواوی كوردستان دەخاتە بەر هەڕەشەی جیددی بە عەرەبكردن و گۆڕینی دیموگرافیەكەی ! چونكە لە ئێستادا میللەتی كورد بەهۆی سەختی بژێوی ژیان و ئەو كۆت و بەندانەی كە لە پرۆسەی هاوسەرگیریدا هاتۆتە پێش گەنجان و لاوان ناتوانن بە ئاسانی بچنە نێو پرۆسەی هاوسەرگیریەوە ، دیسان بەهۆی بارگرانیەكانی ژیان و ئەو ڕۆشنبیریەی كە لە ئێستادا زاڵە لەم هەرێمە ، خێزانی كورد جگە لە دوو یان كەمتر لە مناڵێكـ ناخەنەوە و ئامادە نین زیاتر لەوە مناڵیان هەبێ ، هەروەها بە هۆی ڕێگریەكانی قەدەغەكردنی یاسای فرە ژنی هیچ كەسێكـ ناتوانێ لە ژنێكـ زیاتر بهێنێ ، هەموو ئەمانە پێكەوە لە داهاتوویەكی نزیكدا كوردستان هاوشێوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەبێتە وەڵات و میللەتێكی پیر و دوا بڕاوو لەوێشەوە كار دەكاتە سەر دابەزینی ڕێژەی ژمارەی دانیشتوانی كوردستان ! لە بەرامبەردا عەرەبی ئاوارە بە پێچەوانەی خێزان و بیركردنەوەی تاكی كورد‌ لە پرۆسەی هاوسەرگیریدا كارئاسانی زۆری بۆ كراوە ، دیسان ئەتوانن لە غیابی نەبوونی ڕێگریە یاساییەكان زیاتر لە ژنێكـ بهێنن ، هەر بۆیە ژمارەی وەچەو خێزانەكانیان چەندین جار زیاتر ئەبێ‌ لە ژمارەی نەوەو خێزانی كورد ! لێرەوە وێنەی ڕاستەقینەی دیموگرافیاو شێوازی ژیان و بژێوی كوردستانیان بۆ چەند ساڵێكی تر ببینەوە ..!