خوێندنەوەیەک بۆ  ڕاپرسیەکەی بەریتانیا

Stay or go

مانەوە) یان (دەرچوون) لەیەکێتی ئەوروپا ، ئەو دوو بژاردەیە کە ئەمڕۆ زیاتر لە 46 ملێون کەس لە خەڵکی بەریتانیا بۆیان هەیە لەڕاپرسییەکدا دەنگی لەسەر بدەن.. یەکێتی ئەوروپا کە لە 28 وڵات پێکدێ، کۆمەڵێک ڕێککەوتننامەو هەروەهاپەرلەمان و بازاڕی هاوبەش پێکەوەیان دەبەستێت؛ تەنانەت دراوێکی هاوبەشیان هەیە کە (یۆرۆ) یە ..

ئەوەی جێی سەرنجە بەریتانیا تاکە وڵاتی ئەندامە کەتائێستاش دراوەکەی نەگۆڕیوەو هەردراوەکۆنەکەی خۆی(پاوەند) بەکاردەهێنێ ، ئەمەش خۆی ئاماژەیەکە بۆئەوەی ئەم وڵاتە ئەندامبوونەکەی لە و یەکێتیە بەچاکی نەچەسپیوەو وەک ئەزموونێک چووەتە ناوی بۆئەوەی هەرکات بیەوێ لەڕێگەی ڕاپرسییەکەوە ،خۆی دەربازکات.. بەپێی چاودێران خەڵکی بەریتانیا بوون بەدوو بەرەوەو تائێستا کەس دڵنیا نیە لەم ڕاپرسیەدا کامیان براوە دەبن ، دیارە وەک هەولێریەکان دەڵێن هەر دەنگدەرێک (بەڕبەی خۆی دەپێوی) . بێگومان یەکێک لەوفاکتەرانەی کە ئەم پرسەی جووڵاندوە ـ ئەنجامدانی ڕاپرسی ـ ئەو (قەیران)ەیە کە لافاوی پەنابەران بۆ یەکێتی ئەوروپا خوڵقاندویەتی و ئەندامەکانی یەکێتی ئەوروپاش هەریەکەو لەڕوانگەی بەرژەوەندیە نەتەوەییە (سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی ) ەکانی خۆیانەوە ، بۆ پرسی پەنابەران و چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵیدا، دەڕوانن..

پێشبینی دەکرێت لەمڕاپرسیەدا دەنگەکان بۆ هەردوو بژاردەی مانەوەو دەرچوون ،لەیەکەوە نزیک بن . بەبۆچوونی تایبەتی خۆم، بەشی زۆری نەوەی نوێ کەحەزیان لەکرانەوەو تێکەڵبوونە ،لەگەڵ مانەوە دەبن ، بەتەمەنەکانیش کەهەمیشە خەو بە (بەریتانیای مەزن) و داهاتوویەکی ئابوری گەش و پارێزگاری لەناسنامەی خۆیان دەکەن ، حەزیان لە دەرچوون و جیابوونەوەیە لەو یەکێتیە ، کە بەبۆچوونی ئەوان ئەوەندە ئەرک و ئیلتیزاماتی خستۆتە سەر وڵاتەکەیان ، ئەوەندە خێری بۆیان نەبووە.. بێگومان میدیا زەبەلاحەکەی بەریتانیا ڕۆڵی خۆی هەبووەو هەیە لەم پرسەداو وەک خوێنوومەتەوە ، بەشی زۆری کەناڵەکان لەگەڵ دەرچوونن ، جگ لە تۆڕی bbc کە هانی مانەوە دەدات؛ بۆیە سەیر نیە کە دەرەنجامی ڕاپرسیەکەی ئەمڕۆ کاریگەری لەسەر داهاتوی کەناڵەکانی میدیای ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵێت ؛ ئەگەرچی بۆ مەودایەکی دووریش بێت.. ئەمڕۆ ئەوروپاو یەکێتیەکەی لەبەردەم بڕیاری دەنگدەرانی بەریتانیادا ، چاوەڕێی گۆڕانکارییەک دەکات ، کەهیچ سەیر نیە ئەگەر ئیگلیزەکان دەنگیان بۆ دەرچوون( go) بێت ، لەداهاتودا هانی وڵاتی تریش بدات بەو ئاراستەیە..