پرسی دیموکراسیەت پاش ڕیفراندۆمەکەی بەریتانیا

لە وتە سیاسیە جوانەکانی (ونستۆن چرچل)ی سەرەک وەزیرانی پێشوتری بەریتانیا دەربارەی دیموکراسیەت:- (ابلغ فضح لهشاشة الديمقراطية، توفره دردشة لمدة خمس دقائق مع ناخب عادي) واتە: بۆڕیسواکردنی فشۆڵی دیموکراسیەت ، تەنها پێنج دەقیقە گفتوگۆ لەگەڵ دەنگدەرێکی ئاساییدا بەسە.. پاش ڕیفراندۆمەکەی چەند ڕۆژی پێشوی بەریتانیا حیکمەت و ڕاستی ئەم وتەیە زیاتر ڕوون بووەوە..

بۆیە سیاسەتوانێکی ئەو وڵاتە ، وتی لێرە بەدواوە ئیتر پێویستە هەڵوەستە لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ دیموکراسیەتدا بکەین ، ئەگەرچی پاشەکشەی لێ ناکەین. کەوابوو مەرج نیە هەموو پرسەکان ـ بەتایبەت پسپۆری و هەستیارەکان ـ بخرێنە بەردەم نەشتەرگەری دیموکراسیەت و ڕیفراندۆم . بەبۆچوونی خۆم یەکێک لەوپرسانە، پرسی مانەوەو دەرچوون لە یەکێتی ئەوروپا بوو ، کە دەنگدەرانی بەریتانیا بەبڕیارەکەیان ، خۆیان و خەڵکیشیان تووشی شۆک کرد تیایدا..

وائەزانم ئەو پرسە پێویستی بەوەبوو کە لەڕێگەی سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوەی ستراتیجی و سیاسیەوە، زیاتر تاوتوێ بکرێ و بەجوانی هەردوو بژاردەی مانەوەو دەرچوون ، لێکبدرێتەوەو ئیجابیات و سەلبیاتەکانی بۆ بەریتانیەکان ڕوون بکرێتەوەو ئەنجامەکەی بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی گشتی ( پەرلەمانی بەریتانیا) و پاش ئەم ڕێو شوێنانە، یان خەڵکی وڵاتەکە بە بەرچاوڕوونی بڕیاری لەسەر بدەن ، یان پەرلەمانەکەیان .. ئەوەی تێبینی دەکرێت پەلەیی لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە دیاربوو؛ بۆیە ئەنجامەکەی ئەو هەموو مشتومڕەی لێ کەوتەوەو ئەمڕۆ کەسانێک لە ئاستی بەرزدا ، بەشەرمنی ڕەخنە لە دیموکراسیەت، یان لانی کەم له (تطبيقات) ه كانى دەگرن.

پێشبینی دەکەم ئەم ئەزموونەی بە ریتانیەکان ،وانەیەکی گەورەی تیابێت بۆ جیهان بەگشتی و بۆ ئەوانەی کە بڕوایان بەتێوری (کۆتایی مێژوو) هەیە..