چەند بارە ساڵانە لە مانگی پیرۆزی رەمەزان باسی زەكات و نەبوونی سندوقێك یان دەزگایەكی تایبەت دەكەین بۆ كۆكردنەوەی زەكات لە هەرێمی كوردستان، دیارە وەكو زۆر بابەتی تر ئەو پرسەش وەكو قەوانی كۆن لێ دەدرێتەوە، ئایا لەو قەیرانە داراییە باشترین كات ئەوە نەبوو دەزگایەكی تایبەت بە زەكات دابمەزرێت؟.

بە پێی گوتەی بەرپرسانی وەزارەتی ئەوقاف لەهەرێمی كوردستان ئەمساڵ بەپێی خەمڵاندن 30 ملیۆن دۆلار زەكات و سەرفیترە هەیە، ئەوەیش بەم خەمڵاندنە" ئەگەر تەنیا1 ملیۆن كەس سەرفیترە بدات و 2000 دەوڵەمەندیش زەكات بدەن، بۆ ئەمساڵ كۆی داهاتەكەیان 30 ملیۆن دۆلار".
كێشە لەسەر خەمڵاندن و قەبارەی بڕی زەكات نیە ، بەڵكو كێشەكە لە نەبوونی مكانیزمێكە كە چۆن‌ ئەو پارانە كۆ بكرێنەوە، پێنج ساڵ لەمەوبەر وەزارەتی ئەوقاف پرۆژەیەكی بۆ دامەزراندنی سندووقی زەكات و داهاتە خێرخوازیەكان پێشكەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان كردووە، بەڵام تاوەكو ئێستا تۆزی لەسەر نیشتووە و پەسند نەكراوە.
نەبوونی ئەو سندوقە و پەسند نەكردنی گلەیەكە دەمێكە قسەی لە سەر دەكەین و كەسیش نیە بە كردار هەنگاوی بۆ بهاوێژێت.
لە كاتێكدا كە سندوقێك نیە و دەزگایەك نیە ، بێگومان زەكات زۆر بە پەرتەوازەیی دەدرێت كە ئەوەش وا دەكات ئامانجە گەورەكەی نەپێكێت، چونكە حیكمەت لە واجب بوونی زەكات بۆ ئەوەیە زۆرترین موسڵمان لە هەژاریی رزگار بكرێت و هاوكاری بكرێن.
لە غیابی ئەو سندوقەدا بۆ ئەمساڵ پێشنیازم بۆ سەرمایەدار وخودا پێداوەكانە پێكەوە لە رێگەی ئەنجومەنێك یان گروپێك زەكاتەكانیان دابەشی سەر ماڵی پێشمەرگە كەم دەرامەتەكان و بنەماڵەی شەهیدانی شەڕی داعش بكەن و لە پاڵ ئەوەشدا بەشێكی بەو هەژارانە بدەن كە قەیرانی دارایی تەنگی پێ هەڵچنیوون و نیوە مەعاشی بێ ئۆقرەی كردوون.
هەبوونی ئەنجومەنێك یان گروپێكی لەم جۆرە هەر چیەك بێت دەتوانێت كۆكەرەوەی سەرمایەی زەكات بێت و سودی گەورەش بگەیەنێت بەو كەسانەی كە پێویستی زۆریان بە هاوكاری و دەستباركردن هەیە. با لەم رێگەیەوە هەم فەرزەكەی خوا بە رێكوپێكی ئەدا بكرێت هەمیش لەم قەیرانی داراییەدا زەكاتەكان شوێنی خۆیان بگرن و ئەو ماڵانە ئاوەدان بكرێنەوە كە 3 ساڵی قەیرانی دارایی وێرانی كردوون.