چەژنی موسڵمانان بۆ ....!؟

:
.... ئەگەر چی چەژنی ڕەمەزانی پیرۆز بۆ زیاتر لە چواردە سەدە دەگەڕێتەوە و بۆ سەردەمی شیرینی پێغەمبەرایەتی محمد صل الله علیه وسلم و یارانی خوایان لێ ڕازی بێت وەكـ ئەركێكی شەرعی و فەرمانێكی خوایی بووبێت بۆ بەندەكانی ، تیایدا لە نێو خۆیاندا هەنگـ ئاسا دابەشكردنی خۆشی و گەردن ئازادیی و سازادانی چركە ساتەكانی زاڵبوون‌ بەسەر هەواو ئارەزووەكان و چەژنی سەرفەرازی و بەجێهێنانی شەعیرەیەك لە شەعائیرەكانی ئەم ئاینە جوانە بووبێت‌ ،

ئەوا بۆ ئەمڕۆ و جێا لەو تایبەتمەندیانەش پێویستیەكی حەتمی و داخوازیەكی كۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و نیشتمانیە بۆ هەرچی باشتر و تووندكردنەوەی ڕایەڵەو پەیوەندیەكانی مرۆڤەكان بەگشتی و موسڵمانان بەتایبەتی ، چونكە ئەگەر لە ئێستای جیهان بەگشتی و وڵاتانی موسڵمان نیشین بڕوانی لە هەر كات و ساتێكـ زیاتر لە حاڵەتی دابڕان و لێكترازان و دووریدا ژیان و گوزەران بەڕێدەكەن ،

ڕووە نائاساییەكانی ژیان زاڵترە عەقڵێتی فەردانیەت لە هەڵوێست و كاردانەوە لە بڕیارەكاندا حاكمە ، بەداخەوە ئەم شێوازە لە مامەڵەو هەڵسوكەوتدا شۆربووەتەوە بۆ نێو كایە فیكری و شەبەنگە جێاوازەكانی بیركردنەوە و ڕاو ڕای تر ، كە ئەمەی دوایی ئەركەكەی هێندەی تر تاقەت پروكێنەرە چونكە لە ماناو گەوهەری ئەم بۆنەیەی كەمكردۆتەوەو ئاسەوارەكانی وەكـ ئەوەی پێویستە بەدی ناكرێت ، ئەگەرنا چەژنی ڕەمەزان و قوربان بەسە بۆ گێڕانی ئاشتی و ئاشتبوونەوە و گەورەتر بوونی خەمەكانی ئێمەی موسڵمان لەوێشەوه ‌بۆ مرۆڤایەتی ئەڵبەتە بە تێڕوانینە فراوانیەكەی گەردوون بۆ مرۆڤەكان بەو پێوەری مرۆڤش وەكـ هەموو بووەكانی تر لە گەردیلەوە هەتا ئەستێرەو هەسارەكان لەوێشەوە بۆ دارو درخت و گژو گیاو شیناییەكانی ژیان و مانەوە پێكەوە لە خزمەت و تەواوكاری یەكتریدا هێنراونەتە بوون بەڵام مرۆڤ بەشێكی گەورەو سەرداری ئەم بوونەیە ،

هەر بۆیە تێكڕای مرۆڤایەتی پێویستی بە مانگێكـ لە داشۆرین و پاكژكردنەوەی دەروون و خۆداڕنینە لە خودپەرستی و جێابوونەوەیە لە نزمی و بڵند بوونەوەیە بەرەو ڕۆح و ژیانی فریشتەییانە , بە ئومێدی ڕاماڵین و بنەبڕكردنی ئەو شێوازەیە لە ژیانی ئێستای تاكەكانی كۆمەڵگا بەڵكو لە ڕۆژووەكانی هەستكردن بە بوونی ئەویتر و لە نوێژەكانی بەردەوامی و پێكەوە بوون و لە خێرو صەدەقەكانی خۆشەویستی و بۆ یەكـبوون و لە قورئان خوێندنەكانی گەڕانەوە بۆ فەرمان و ڕێنماییەكانی ئەم ئاینە و جێگیركردن و جێبەجێكردنی ،

كەواتە ئەركی موسڵمانانە بە گشتی و ئیسلامییەكان بە تایبەتی كە بەخۆدا بچنەوەو خوێندنەوەیەكی واقیعیانەی سەردەمیانە بكەنەوە بەكۆڵێ خەمی گەورەو ووشیارییەوە بێنەوە ، وەكـ ئەركێكی مەزن لە ئێستای قۆناغەكەدا بڕوانن هەڵوەستەو چوون بەیەكا بكەنە‌ ستراتیژو لە خەمی نزیكردنەوەو یەكخستنەوەی گوتار و تێڕوانینەكانیان بن ، بۆ یەكتر بژین ڕووەو یەكگرتوویی هەنگاو هەڵبگرن و كاروانەكەش بەجوانی بەڕێكەن ، ئەگەرنا لە دونیادا هەمووان بەرپرسیار و گوناكارین بۆ‌ قیامەتیش ڕادەگیرێین