سیاسەت، باشترین كاڵای بازرگانی لە عێراق!

مێژوی بازرگانی و سەرقاڵ بوونی خەڵك بەم پیشەوە لەگەڵ مێژووی دروست بوونی ژیان سەرهەڵدەدات و دیارە لەهەموو سەردەمێك بازرگانی هەر بووە، دیارە هەڵبەت بە شێوەیەك بووە كە لەگەڵ رۆژگاری خۆیدا گونجاوە و بە واقیعی ساتە وەختی خۆی نامۆ نەبووە. راستی بازرگانی پیشەیەكە وەك هەر پیشیەكی تر و ئەگەر بە باشی بكرێ‌ نەك هەر عەیبە نیە، بەڵكو خزمەتێكی گەورەشە بە گەل و خاك و وڵات،بەڵام ئەوەی نا ئاساییە و پنتی قسە لەسەر كردنی ئێمەیە ئەوەیە سیاسەت بكرێ‌ بە كاڵاو مامەڵەی پێوە بكرێ‌!، هەر چەند ئەم دیاردەیە هەر عێراقی نەگرتۆتەوە و هەموو خۆرهەڵاتی ناوەراستی تەنیوە، بەڵام ئێمە لەم بابەتەدا قسەمان لەسەر عێراقە.
دیارە بە كاڵاكردنی سیاسەت لە هەر وڵاتێكدا حیكایەتێكی خۆی هەیە، بەڵام ئیمە لێرە تەنیا ئاماژە بە حیكایەتی سیاسەت لە عێراقدا دەكەن،دەمانەوێ‌ بە درێژایی مێژووی دەوڵەتی عێراق تیشكێك بخەینە سەر سیاسەت و سیاسیەكانی ،ئاخۆ سیاسەت خۆش بەختی هێناوە یان بەدبەختی، بەهەشتی فەراهەم كردوە یان دۆزەخی جۆشداوە؟!
بێ‌ گومان دوای 90 ساڵ لە دروستكردنی جوگرافیایەكی داتاشراو بە ناوی عێراق تا ئێستا نەك بە شاهێدی سەرچاوە مێژوویەكان، بە ڵكو بە شاهێدی كەسانێكیش كە دوور نیە تا ئێستا لە ژیاندا مابن ئەم وڵاتە كەم ترین بڕی ئارامی و خۆشگوزەرانی بەخۆیەوە بینوە بۆ؟
چونكە لەوەتەی ئینگلیز ئەم دەوڵەتەی دروستكردوە شەڕی نەتەوە و حیزب و گروپە جیا جیاكان نەیان هێشتوە تەنیا رۆژێك ئەم وڵاتە بحەسێتەوە، كوشتن و گرتن و ئەشكەنجەدان و راوەدوونان سیمای سیاسەتی حاكمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بووە، سیاسەت لەم وڵاتە سەری ملیۆنەهاكەسی خواردوە بەڵام زۆربەی جارەكان سیاسەت مەدارەكان بۆی دەرچوین و سزای خۆیان وەرنەگرتوە!!!.
ئەگەر بپرسین بۆ لە عێراق هەردەم بازاڕی سیاسەت جمەی هاتوە لە سیاسەتمەداری فاشی و فاشیل؟!،بۆ هەردەم حیزبی قائید ئەوانی تری ژێرپێ خستوە و دەنگە جیاوازەكانی نەبیستوە؟ بۆ عێراق پێش راپەڕینی كوردستان و دوای راپەڕین، پێش رووخانی بەعس و دوای لە گۆڕنانی سەدام هەر جێگای سەودا و مامەڵەكردن بووە بە كاڵای سیاسەت؟ ئەوە زۆر بەكورتی وڵامەكەی ئەوەیە كە زۆر بوونی خواست لەسەر مامەڵەكردن بە سیاسەت بۆئەوە دەگەڕێتەوە كە كاڵای سیاسەت پێویستی بەسەرمایە و دەست مایە نیە و، گەرەنتی ئەوەشی هەیە كە هەرگیز بازرگانەكانی مایە پوچ نابن ئەوانەش كە دەبن بە قوربانی هەر كرێكارو شاگردەكانی چینی خوارەوەن.
بە دڵنیایەوە دیارە بازرگانە سیاسیەكان باش دەزانن بازاڕیانخۆشە و قازانج و خێریشیان هەر ماشەڵای دەوێ‌، بۆیە تا ژێر پەتەكە واز لە پلە و پایە و كورسی دەسەڵات ناهێنن ،ئەوەش بڵێن چۆن بازرگانی گەورە و بچوك و ملیۆنەر و ملیاردێر هەیە، ئاوا سیاسی و فەریكە سیاسی و بەچكە سیاسیش لەم وڵاتە بوونیان هەیە،ئاخر خۆ سەیر و سەمەرەكانی عێراق تەواو نابێ‌، بەڵام وەك بەراوردێك ئەمریكا كە رابەراتی جیهان دەكات تەنها پارتی كۆماری و، پارتی دیموكرات و، پارتی دەستور و، پارتی سەوزە بونیان هەیە، لە بەریتانیای كە مەڵبەندی ئازادی و دڵی خۆرئاوایە تەنها پارتی كرێكاران و پارتی موحافیزەكان لەگەڵ سێ‌ حیزبی بچوكی تر هەن و هیچی تر، بەڵام لای خۆمان بی چاوی بێ‌ ( 110 )لایەن و كیانی سیاسی بونیان هەیە!!! ناحەقیان ناگیرێ‌ بودجەی مانگانە و پۆستی حكومی و لە دوایش ئیكرامیە و خانەنشینی چاوەڕێیان دەكات، دەی بۆ خراپە خۆ پارەی ئەم وڵاتە یان بۆ پلەی تایبەتە یان بۆ خانەنشینی تایبەت،ئاخر كابرا ئەگەر مامەڵەی ئاڵتونیش بكات جار هەیە زەرر دەكات،جگە لەوەی هەر رۆژێك وازی لە پیشەكەی بێنێ‌ ئیتر یەك قروشی دەست ناكەوێ‌ لە كارەكەی، بەڵام سیاسەت لەم وڵاتە وەك سەدەقەی جاری دوای مردوو وایە و، خێر و بەرەكەتەكەی بۆ نەوەكانی داهاتووش بەردەوام دەبێ‌!!!
ئاخر ئەم حاڵەتەیە كە نزیكەی سەدەیەكەیە سیاسیەكانی ئەم وڵاتە عێراقیان بەم دەردە بردوە كە هەموویان لەبەر چاومانە،ئیتر تا دوكانە سیاسیە تیجاریەكان دانەخرێن و سیاسەت لەكاڵاوە نەبێ‌ بە پرۆسە، پرۆسەكەش لە شەخسی و حیزبیەوە نەكرێ‌ بە نیشتیمانی هەرگیز چاوەڕێی ئاسودەیی و خۆشگوزەرانی و ژیانێكی شەرفمەندانە لە عێراقدا مەكەن.