بەرەو یەکڕیزی و یەک گوتاری ئیسلامخوازانی هەرێم

پڕۆژەی کۆکردنەوەو یەکخستنی توانا ی ئیسلامیەکان و ئیسلامخوازان لە هەرێمی کوردستاندا ، بەدڵنیاییەوە لە بەرژەوەندی و خزمەتی خەڵکی کوردستان و ئایندەی حوکمڕانیەکەی کوردستاندایە؛ کەبەداخەوە ئەمڕۆ لەبەردەم چەندین مەترسی و هەڕەشە ی ناوخۆیی و دەرەکیدایە.. ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان،پێویستی بە لێکنزیکبوونەوەو یەک گوتاری هێزو لایەنە ساسیی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنیرییەکانە ؛ بۆ ئەوەی لە ئەگەری هەر پێشهاتێکدا لەنزیکەوە گفتوگۆبکەن و بڕیاری گونجاوو وەربگرن ..

ئەو ژەرتەوازەییەی ئەمڕۆی هێزو لایەنە کوردستانیەکان ، مایەی نیگەرانی و بگرە مەترسییەکی زۆرە؛ بۆیە هەرنزیکبوونەوەیەکی ئەم لایەنانە مادام بە ئیرادەو بڕیاری خۆیان بێت، جێی دڵخۆشی و شایانی پشتگیرییە.. هەرلەم سۆنگەیەوە، ئومێد وایە کە چین و توێژە جیاجیاکانی خەڵکی کوردستان ، دڵخۆشبن بە قووڵکردنەوەی پڕۆژەی هاوکاری ئیسلامی و زیاتر نزیکبوونەوەی نێوان ئیسلامخوازان و پشتیوانی لێ بکەن ؛ لەهەمانکاتیشدا چاوەڕوان دەکرێ کە هێزو لایەنە سیاسیە نیشتمانیەکانی دیکە، بەئیجابی بۆئەم هەنگاوە بڕوانن و بەدڕدۆنگیەوە سەیری نەکەن ، بەتایبەت کە لەچەند ساڵی ڕابوردوودا ،بینیان کە ئیسلامیەکان چۆن لە پرسە ستراتیجیە نەتەوەیی و نیشتمانیەکاندا ،هەم لە بەغداو هەم لە هەرێم ، هاوڕاو هاودەنگیان بوون و درێغییان نەکردووە لە داکۆکی کردن لە مافەکانی گەلی کوردستان و لەدووساڵی شەڕی تیرۆرستانی داعشیشدا ،ئیسلامیەکان بەهەمان شێوە لەلایەک کاریان لەسەر پووچەڵکردنەوەی فیکری داعش و توندڕەوی کردووەو لەلایەکی دیکەشەوە بە پێی تایبەتمەندی و توانای خۆیان، پاڵپشتی هێزی پێشمەرگەیان کردووەو لەگەڵ هێزو لایەنەکانی دیکەدا لەم بوارەشدا هاوڕاو هاوکار بوونە..