جیاوازی سوپا و ئیعلام و خەڵك، لەنێوان ئینقیلابەكەی میسر و توكیادا

توركیا و میسر هەردوكیان دوو دەوڵەتن لە رۆژهەڵاتی ناوەراست،لە رووی دینەوە هەردووكیان موسڵمان و سوننە مەزهەبن،بەڵام تا ئیستا 5 جار لە توركیا ئینقیلاب كراوە، لە بەرامبەردا تەنها یەك جار لە میسر ئینقیلاب كراوە. دیارە لە ساڵی 1952 لە میسر ئینقیلاب لە مەلیك فارق كرا و،ئیتر جگە لە یەك ساڵی حكومەتەكەی (مورسی) تا ئەم ساتە ئینقیلاب لە میسر بەردەوامە.


جەنەڕاڵ (سیسی) كە ساڵانێك پیاوی موخابەرات بوو، لە حوكمڕانیە یەك ساڵیەكەی (مورسی) دوای ئینقیلابەكە دۆریەكی شاخداری بڵاوكردەوە و، راگەیاند ئەو تەنها لەبەرخاتری بەرژەوەندی وڵات ئەوەی كردوە و لەم پێناوەدا خۆی خستۆتە مەترسیەوە،دوای چەند خولەكێك لە راگەیاندنی ئینقیلابەكە، ئەوەی كە خراپترن رۆڵی لە گەوجاندن و خەڵەتاندنی خەڵكی گێڕا ئیعلامە چاوەشەكاریەكەی دەولەی عەمیقەی موبارەك بوو، بەڵێ‌ زۆرێكیان راستەوخۆ لەسەر شاشە گریانی خۆشیان دەربڕی و، ئیتر لەم چركە ساتەوە تا كۆتایی شانۆگەری بەناو هەڵبژادنەكە،كۆنە ئیعلامیەكانی موبارەك دەستیان لە تەقدیس و تەعزیمی جەڕانەڵ هەڵنەگرت، پێش ئینقیلابەكەش خەڵك بەناوی داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەو داواكردنی خزمەتگوزرای هێنرایە سەر شەقام و، دواتر عەسكەر زۆر عاقڵانە بۆ مەبەستی سیاسی بەكاریهێنان. بەداخەوە لە میسر زۆرینەی سوپا خائین بوو بە شەرعیەتی سەرۆك و، هەڵبژاردن و دیموكراسیەت،زۆربەی ئیعلامیەكانیش قێزەونانە بە باڵای ئینقیلاباندا هەڵدا.


بەڵام لە توركیا دۆخە كە ریك پێچەوانە بوو،بەشێكی زۆر لە سوپا لەگەڵ شەرعیەت و سەرۆك و هەڵبژانی و دیموكراسیەت بوون، زۆرینەی ئیعلامیەكان و دەزگا راگەیاندنەكانیش لەگەڵ شەرعیەت بوون و بە باڵای پۆستاڵی عەسكەریان هەڵنەدا. خەڵكیش بە دۆری شاخدار و بەڵێنی بریقەدار نەخەڵەتا و رژانە سەرشەقامەكان و ئینقلابیەكانیان ناچار بە پاشەكشەكرد. حیزبەكانیش بە حیزبی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە لەمانای تاڵی ئینقیلاب تیگەیشت بوون، بۆیە كەس پشتگیری ئینقیلابی نەكرد. چونكە دەزانن لە مەنتیق و عەقڵی سەقەتی عەسكەردا هیچ هێزو لایەنێكی سیاسی بەقەد تورێك ئەرزشی نیە. باشە ئێستا كێ‌ دەزانی لە میسر (بەرادعی و صەباحی و بەكار و بابا شنۆدە) پلە و پێگەیان چیە؟
بەداخەوە خەڵكانێكیش لە لایەنەسیاسیەكان و گروپیك لە ئیعلامیەكانی لای خۆمان لە هەردوو ئینقیلابەكەی میسر و توركیادا، لەبری گەیاندنی راستیەكان و پیشەیی بوون و، تیشك خستنە سەر ژورە تاریكەكان ،بوون بە مەكینەی دروستكردنی دۆر و كاریان كرد بۆ گەوجاندنی خەڵك و پیشگیری كردنی ئینقیلاب لەپەنای دیموكراسی و، لەناو بردنی شەرعیەت لەپەنای بە شەرعی زانیی ئینقیلاب.