(ئایدۆلۆجیا ، مەبادئ ، بەرژەوەندیی) ڕەهەندەکانی هەڵوێست وەرگرتن

لە ئەنجامی چاودێری و تێبینیم لەسەر هەڵوێستەکان بەرامبەر هەوڵی کودەتا سەربازیەکەی تورکیا، گەیشتمە ئەو ئەنجامەی کە هەڵوێستەکان هەندێکیان لەڕەهەندی ئایدۆڵۆجی و حیزبی سەرچاوە دەگرن و هەندێکی لە ڕەهەندی فیکری و مەبدەئی و بەشێکیشی لەڕەهەندی بەرژەوەندی وبراگماتیەوە سەرچاوە دەگرێت ..

بەڕای بەندە هەڵوێستەکان لە ئاست ئەو ڕووداوە ، لە هەرێمی کوردستان زیاتر ڕەهەندی ئایدۆلۆجی و حیزبی وەرگرتبوو.. خەڵکانێک بەحوکمی پاشخانە فیکریە چەپەکەیان ، یاخود دابەشبونە حیزبیەکەیان ،پێیان خۆشبوو ئەوکودەتایە سەرکەوێ وکۆتایی بەحوکمی شەرعی ئاکپارتی وئۆردوگانی پاشخان ئیسلامی بهێنێت.. خەڵکانێکیش بەپێچەوانەوە خۆشحاڵ بوون بەشکستی کودەتاکە؛ زیاتریش هەر لەبەر ڕەهەندە ئایدۆڵۆجیەکە . ئەمەلەکاتێکدا کە لۆجیک وادەخوازێ ئەم کەسو گروپ و لایەنانە ،یان لە ڕوانگەی مەبدەئیی داکۆکیکردن لە بنەما دیموکراسی و دەستوری و شەرعیەکانەوە ، هەڵوێست وەرگرن ؛ یان لە ڕوانگەیەکی پراگماتیانەی بەرژەوەندخوازیانەی نەتەوەییەوە، هەڵوێستەکانیان دەربڕن..
بۆنموونە ئەسڵ وایە نوخبەی ڕۆشنبیرو ئەهلی فیکرو مەعریفە ، پێش هەموو شتێک لەڕوانگەیەکی مەبدەئی و قەناعەتێکی فیکریەوە ، لێکدانەوە بۆ ڕوداوێکی وەک ئەو کودەتایە بکەن ، بەو ئیعتیبارەی کەکودەتای سەربازیی بەرلەهەرشتێک هەڕەشەو مەترسیە بۆ سەر بنەماکانی دیموکراسیەت و ئازادی و مافی مرۆڤ هتد..
لەهەمانکاتدا چاوەڕوان دەکرا کە نوخبەی سیاسی و لایەنە سیاسیەکان ،لەڕوانگەی خوێندنەوەیان بۆ بەرژەوەندیە نزیکو دوورەکانی کوردانی باکورو هەرێمی کوردستان ، لەم کودەتایە بڕوانن و هەڵوێست وەرگرن و پێش هەڵوێست وەرگرتن لەخۆیان بپرسن ،ئایا ئەم جۆرە کودەتایە ئەگەر سەربگرێ، تاچەند لەبەرژەوەندی کورد دایە ؟ نەک پاشخانی ئایدۆڵۆجی و حیزبی ، کەهەموو کەسێکی ڕۆشنبیرو بە ئاگا دەزانێت ، بیرکردنەوەی ئایدۆڵۆجیانە زۆرجار مرۆڤ تووشی دەمارگیریی دەکات ، دەمارگیرییش بەرچاوی مرۆڤ تاریک دەکات ،ئەگەر نەڵێم کوێری دەکات ..
ئاخر ناکرێ کەسان و حزبانێک هەبن ئەم دوو ڕەهەندو بنەمایە ـ مەبدەئو بەرژەوەندیەکان ـ وەلاوە بنێن و بۆ هەڵوێست وەرگرتن ، تەنها سۆزی ئایدۆلۆجی پاڵنەریان بێت . ناکرێ تۆ لەهەرێمی کوردستان کەسێکی دیموکراتخواز بی و داکۆکی لە شەرعیەتی پەرلەمانی و دەنگی گەل بکەی ، کەچی لە (تورکیا) یاخود لە(میسر) پشتگیریی لە کودەتای سەربازی وحوکمی جەنەڕاڵەکان بکەی! ئەمە ئیزدواجیەتە لەبیرکردنەوەو لە هەڵوێست ، ڕەفتاری ( بانێکەو دووهەوا) مان بیردەخاتەوە..<br>
بیگومان ئەگەر ئەم قسەیە بۆ عەلمانیەکان ڕاست بێت ، ئەوە بۆ ئیسلامیەکانیش هەر ڕاستە و دواجار بۆهەڵوێست وەرگرتن پێویستە ( مە بدەئیانە وبراگماتیانەی دوور)بیربکەنەوە، نەک ئایدۆڵۆجیانە و حیزبیانە..