هەرێمی كوردستان و پەتای ئەردۆغان

دیارە تەواوی میللەتانی دنیا بە خەسڵەتێكی دیاریكراو دەناسرێنەوە،ئێمەی كوردیش بە سیفەتی خۆش باوەڕی و عاتیفە دەناسرێنەوە.بێ‌ گومان ئینقیلابەكەی 15ی ئەم مانگەی توركیا لە هەرێمی كوردستان گەورەترین كاردانەوەی لێكەوتەوە، بەڕادەیەك لە میدیا بە گشتی و سۆشیال میدیا بەتایبەتی كاردانەوەكان بە جۆرێك بوو وامان ئەزانی لە توركیاین نەك هەرێمی كوردستان، مەگەر بە كارەبا كوژانەوە و بێ‌ ئاوی و نەهامەتیەكانی ژیان بمان زانیایە كە ئێرە توركیا نیە و كوردستانە.

بە راستی وادەزانم لوتكەی ناحاڵی بوون بریتیە لە نامەنتیقی بون، لەگەڵ ڕێزمدا بۆ خەڵكی رۆشبیری دوور بین و، ئەكادیمی واقیعی و، سیاسی بە ئینساف و، رۆژنامەنووسی حەق بێژ. بەڵام ئەو شەوە لەماوەی چەند سەعاتێكدا بەدەیان بەناو رۆشنبیرو سیاسی و رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی و چالاكوانی مەدەنی و چەندین ناونیشانی تر، راستەوخۆ لە میدیاكان و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان خەریكی فاڵگرتنەوە و ئەستێرە خوێندنەوە و قاوە گرتنەوە بوون بۆ وەزعەكە. ئەردوغان رایكرد،ئەردۆغان داوای مافی پەنابەریەتی كرد،ئەردۆغان ترساوە، ئەردۆغان لە دار دەدرێ‌،ئەم هەموو تەنەبوئاتە كرا و، دواجاریش هەمووی هیچ دەرچوو، ئینجا شین و گریان و قوڕپێوانی ئەوە دەستی پێكرد بۆ عسكەر سەرنەكەوت!؟
بەراستی ئەوەی ئەلف و بێی سیاسەت بزانێ‌ و تۆزقاڵێك عەقڵ لە كەللەیا بێ‌ و، تووشی گەوجاندو خەڵەتاندن نەبووبێ‌، باش دەزانێ‌ خراپترین حوكمی مەدەنی و دیموكراسی لە باشترین حوكمی دیكتاتۆریەتی عەسكەر باشترە. ئاخر لە مەنتیقی عەسكەردا كەس هیچ نیە،لە وڵاتێكدا كە عەسكەر ئینقیلاب دەكات لە سەر سینێكی ئاڵتونی پێشكەش بە خەڵكی خەمـخۆر و سیاسیەكانی ناكات. ئاخر لە مەنتیقی عەسكەردا مەعقوڵ نیە عسكەر خوێن بڕێژی و قوربانی بدا لەم لاشەوە سیاسی لە ماڵەوە دانیشێ‌ و بڵێن فەرموو قوربان وەرە وڵات بەڕێوەبەرە!!!
بەداخەوە تا ئەم لەحزەیەش لە میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان مەسەلەكە هەر بەردەوامە و كۆتایی نەهاتووە. ئێستاش بەهەزاران كەس لەم هەرێمە تووشی پەتای ئەردۆغان بووە، پەتایەك كە زۆرجار لە ژێر كاریگەر و هەژمونی شۆڕشی چەپگەرایی لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگوازرێتەوە، دیارە بە خەیاڵ پڵاوی ئەم برادەرانە ئەگەر ئەرۆغان بڕوخێ‌ ئەوە كوردانی باكور دەبن بە دەوڵەت و مافی خۆیان وەردەگرن. بەڵام كوردانی باكور كە خۆیان لە توركیا دەژین و هەزار ئەوەندی ئێمە شارەزای وڵاتەكەی خۆیانن نەبوون بە بەشێك لە ئینقیلاب و رەتیان كردەوە.
ئاخر سەیر ئەوەیە ئاگردان گەرمتر بێ‌ لە ئاگر!!!. ئاخر كاتێك ئەوان خۆیان رەتی دەكەنەوە و دەڵێن ئینقیلاب خێری پێوە نیە،بەڵام لێرە تا ئەم لەحزەیەش بە هەزاران كەس دوعای دووبارە بوونەوی ئینقیلاب دەكەن!!!
ئاخر خۆ كەس نەیوتوە ئەرۆغان بوە بە (عمر كوری عبدالعزیز)،كەسیش نەیوتوە بۆ كورد (پیشەوا قازی)یە. نا تەنها دەوترێ‌ ئەرۆغان مەدەنیە و بە پرۆسەی دیموكراسی هاتۆتە سەر حوكم و كەی كاتەكەی تەواو بوو دەبێ‌ بروا، تەنها وتراوە هەزار جار لە جەنەراڵێكی بەچكە كەمالی باشترە.
ئاخر عاشقانی لولەی تفەنگ و قەیتانی پۆستاڵ، دەبێ‌ باش بزانن كە پۆستاڵ هات دەبێ‌ كورد و هەموو ئەوانەی بڕوایان بە مەدەنیەت هەیە 50 ساڵ خەبات بكەن تا كۆتایی بە حوكمی جەنەراڵ دێت، ئینجا جارێكی تر لە ئەی رەقیبەوە دەست پێبكەنەوە تا بزانن كەی و كێ‌ بە شێك لە مافەكانی كورد دەدات؟!
باشە بۆ تێناگەن كە مەسەلەكە دیفاعكردن نیە لە ئەرۆغان، بەڵكو دیفاعكردنە لە حەق و دیموكراسی و هەڵبژاردن، ئیتر تاكەی گەوجاندن و بڵاو بونەوەی پەتای ئەرۆغان، باشە ئەگەر باسەكە باسی مافی كورد و باسی زوڵم و زۆر و كوشتنی بە ناحەقە، ئەی باشە ئەو 500 هەزار كەسەی مەدەنیەی لە سوریا كوژراوە مرۆڤ نین؟ئەی بۆ كەس لە كولەكەی تەڕیش باسیان ناكات؟! باشە ئەو بەشار ئەسەدەی كە ئێستا تەنسیقی لەگەڵ كوردا هەیە لە رۆژئاوا، خۆ تا دوێنی ئامادە نەبوو مافی ناسنامەی سوری بدات بە سەدان هەزار كوردی سوریا، باشە ئەی كوردانی رۆژهەڵات و نەوەكانی قازی كورد نین؟ئەی بۆ نەماندی تەنها یەك جار و تەنها یەك كەس رۆژێك لە رۆژان باسی ناحەقی و پێنەدانی مافەكانی كورد بكە لە ئێران، تۆی بڵێ‌ (حسن روحانی)كورد بێ‌ و ئێمەی نەیزانین!!!
ئاخر بۆیە بابەتەكەم ناو ناوە پەتای ئەرۆغان، چونكە ئەم برادەرانە عەجیب تەنها بە ئەرۆغانەوە گرتویانە،لە كاتێكدا كەم تا زۆر لە توركیا ئازادی هەیە و حیزبی كوردی هەیە و، سەدان جار لە بۆنەكاندا نەك رەخنە لە حكومەت گیراوە، بگرە هێرشی زۆر توندیش كراوەتە سەر حكومەت و شەخسی ئەرۆغان، باشە ئەگەر توركیا نیمچە دیموكراسیش بێ‌ باشتر نیە لە قەتڵ و عامەكەی ئەسەد و، ئیعتراف نەكردنەكەی ئَێَران بە حەقی كورد،بەس پێم بڵێن بە چ عەقڵێك سفر باشترە لە پەنجا!!!ئاخر كێ‌ دەڵێ‌ بە روخانی ئەرۆغان و حوكمی پۆستاڵ، كورد دەگات بە مافەكانی خۆی توخوا ئەمە مەنتیقە یان فاڵ؟!!!