پرۆژەی هاوكاری ئیسلامی زەروورەتە یان موزایەدە ...!؟

 

بەبێ گومان و دوودڵی كاركردن بۆ ئیسلام و گەیاندنی ئەم پەیامە وەك ئەوەی پێویستە بەبێ كاری هەرەوەزیی و دەستەو ڕێكخراوو گروپ و حزبایەتی و لە ژێرناو ونیشانێكی دیارو لافیتەیەكی ئامانجدار نەبێ ، زۆر ئەستەمە و لێرەدا بە پێویستی نابینم ئاماژە بە هێنانەوەی بەڵگەی قورئان و فەرموودە بكەم ، هەروەكـ مێژووی دوور و درێژی ئیسلام و موسڵمانان وهەنگاو و پێشڕەویەكانی ئەم ئاینە بەبێ پلان و دەست لەناودەستی یەكدی نەبێ نەدەگەیشتە ئێستاو واقیعێكـ لە گۆڕیدا نەدەبوو بەناوی كۆمەڵگای موسڵمان نشین ،

هەر بۆیە لە ئێستادا ئەركێكی پیرۆزی تەواوی ئیسلامخوازانە هاوكار و دەستباری یەكتر بین و بەڕیچكە و ڕەوتێكدا پەل بهاوێژین‌ پانتایی و خاڵە جوداكانی نێوانمان كەمتر بكاتە‌وە و لەسەر بنەمای ڕەخساندنی زەمینەی كۆكـ بوون و كۆبوونەوە بە ڕێژەی زۆرینە لە سەر تەواوی پرسەكان خۆمان داڕێژینەوەو خوێندنەوەیەكی نوێ بۆ ‌میكانیزم هۆكارە بەردەستەكانی ڕابوورددو بكەینەوە ،‌‌ ئەگەر نا دەرفەت و هەلەكان لە دەست ئەدەین و ڕەنگە جارێكی دی زەمینەو زەمان و كات لە بەرژەوەندی وەها كەش و هەوایەكـدا نەبێ ، لێرەوە یەكـ لە دەركەوتەكانی پاش كۆنگرەی حەوتەمی یەكگرتوو كاركردنە بەئاراستەی یەكخستنی گوتاری ئیسلامییەكان بە گشتی و سێ لایەنە ئیسلامیەكە بەتایبەتی ،

بۆ ئەم مەبەستە چەندین دیدار و كۆبوونەوەی بۆ سازكراوە زیاد لە بۆنەیەكـ جەنابی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو دووپاتیكردوە كە ئەبێ ئەم هەوڵانە ئاكامێكی ئیجابی بەدەستەوە بدا ، ئەگەر چی ئەم هەوڵانە درێژە پێدەری جموجوڵ و خەونی ڕاستەقینەی موسڵمانان بووە لە مێژوودا وەلێ بۆ خەباتی هاوچەرخی ئێستای ئیسلامیەكانی كوردستان بووەتە ئەڵقەیەكی دانەبڕاوی ئەو ئاواتە و دەركەوتەی واقیع و زەروورەتی ڕوداو وپێشهاتەكانە و‌ دەرچەیەكە بەڕووی پڕكردنەوەی كەلێن و كەموو كورتی و ناكارایی لە بانگەوازی ئیسلامیی و وەڵامدەرەوەی خواست و مقۆمقۆی شەقامی ئیسلامیە كە وەكـ دەنگی بڵند و بوێر خۆی فەرز كردوە‌ ناكرێت نادیدە بكرێت چونكە :

:
1 - لە ئیسلامدا یەكبوونی موسڵمان ئەصڵە ، بەمەش جگە لە هەواداری حزبە ئیسلامیەكان دڵی هەزارەهای تر لە موسڵمان و ئەهلی مزگەوت و قاڵبووی نوێژی بە كۆمەڵ خۆش دەكات .
:
2- لە بەرامبەر حزب و گروپ و ڕێكخراوەكانی ئیسلامیەكان و موسڵمانان بەگشتی ، سەدان دەزگاو ناوەندو سەنتەری لێكۆڵینەوەو توێژینەوە لە بواری ئیسلام و موسڵمانان شەوو ڕۆژ لە كاردان ، ڕووبەڕووبوونەوەو پوچەڵكردنی پیلانەكانیان یەكدەستی و یەك هەڵوێستی دەخوازێت .
:
3 - كار كردن بۆ ئامانجەكان تۆكمەتر ئەبێ و هەوڵەكان چڕتر دەبنەوە كات و تێچوونی كەمتر و خێراتر لە گەیاندن بەدوای خۆیاندا ئەهێنێ .
:
4 - لە پەرتەوازەیی بڕیارو هەڵوێستە سیاسیەكان دوورمان دەخاتەوە و وابەستەیی و پاشكۆیەتی ڕەددەكاتەوە ، برایەتی موسڵمانان و یەكڕیزی ئیسلامییەكان لە چەلەحانیەو یەكتر نەخوێندنەوه دەپارێزێ‌ .
:
5 - هەوڵێكی سەرەتایە و تەكانێكە بۆ گەیشتن بەرەو یەكبوون و یەكگرتن و لەوێشەوە بۆ كۆبوونەوە لە ژێر یەكـ لافیتەو ناونیشانێكی یەكگرتوودا .
:
6 - واقیعی ئێستای موسڵمانان و ئەنجامی هەوڵەكانی ئەحزابی ئیسلامیی لە ژمارە و پێگە و ئامادەییان ، ئەوە دەخاتە ڕوو كە گروپ بەندی و هەركەسە بۆ خۆی جگە لەوەی خزمەت بە كەسمان ناكات لەولاشەوە دەچێتە خانەی بەرژەوەندی نەیارەكانمان‌ .