یەكگرتوو لە هەوڵەكانی بۆ ئاشتەوایی پاشەكشە ناكات

وەك لە بابەتی پێشوو باسم كرد یەكێك لەو هۆكارانەی دەبنە رێگری لەبەر هەر پڕۆسەیەكی چاكسازی لە كوردستان بوونی ئێرەییە (حەسادەت)، ئەوەش حاڵەتێكی مرۆیییە پەیوەستە بە فیتڕەتی مرۆڤەوە بەڵام كاتێك ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆكاری رێگەكرتن لە پرۆسەكەی ئەوە كارێكی نائاسایی و زەنگێكی مەترسیدارە، پرۆسەی چاكسازی و ئاشتەوایی سروشتێكی كیسەڵی هەیە واتە پێویستی بە پێشەكی و زەمینە سازی و ئامادەباشی دەروونی و هەندێك لە تەنازولات هەیە بەرامبەر بەیەكتر.

دوای ئەو هەوڵانەی لەلایەن زۆر كەسەوە دران بۆ لەیەك نزیككردنەوەی لایەنە سیاسییەكان كوردستان یەكگرتووش هات بەردێك بخاتە سەر ئەو پرۆسە چاكسازیە ئەوەش لەبەر چەندین هۆكار یەكگرتوو ئەو شەرەفەی بەركەوت، بەڵام لەكاتی سەركەوتنی ئەو پرۆسەیە ئەو شەڕەفە بە دەستكەوتێكی ئەو گەل و وڵاتە لەقەلەم دەدرێت نەوەك تەنیا بۆ یەكگرتوو وەك بەشێك لەم گەلە. كاتێك یان كۆبیش نوێنەری تایبەتی بان كی مون، سكرێتری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان سەردانی یەكگرتووی كرد تیشكخرا سەر چالاكیەكانی یەكگرتوو بۆ لێك نزیك بونەوەی لایەنە سیاسییەكان ئاماژەی بەخاڵێكی زۆر گرنك كرد بەندە لەو دانیشتە بەشداربووم كاتێك نوێنەری تایبەتی بان كی مون بە جەنابی ئەمینداری راگەیاند:" من لەنزیكەوە چاودێری هەوڵەكانی ئێوەم دەكرد بۆ لێك نزیك بونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و ئاشتەوایی نێوان ئەو لایەنانە بۆیە بەدڵنیاییەوە دەڵێم ئێوە سەركەوتووبوەن لەم هەوڵانەتان بوونی هەوڵەكانی دكتۆر فوئاد حوسێن سەلمێنەری ئەو سەركەوتنەیە، چونكە ئێوە توانیتان سڕ بوون و بێ دەنگییەكان بشكێنن و جووڵەیەك بخنە پرۆسەی سیاسی و كەناڵی گفتوگۆتان لە نێوان لایەنەكان كردەوە". یان كۆبیش لە قسەكانی بەردەوام بوو گوتی:" ئەم هەوڵە من و خەڵكی كوردستان باش پێدەزانین،" .

هەر بۆیە من جەخت لەسەر شتێك دەكەمەوە كە هەر هەوڵێك بدرێت بۆ رێكخستنەوەی نێۆ ماڵی كورد بە هەوڵی خۆمانی دەزانین و هەر هەوڵێكیش لەلای ئێمە بدرێت بەتەواو كاری كاری پێشەخۆمانی دەزانین وبە سەركەوتنی هەمووانی دەزانین و شانازی پێوە دەكەین.  وهەر هەولێك بەر لە ئێمە درا بێت یان دوای ئێمە بریتیە لەو زنجیرە هەوڵانەی كە هەموو دڵسۆزێك و خەمخۆرێك و نەوەیەكی ئەو وڵاتە دەیدات بەچاوی رێز وپێزانین سەیری دەكەین و بۆیە هیچ هەوڵێك لە فەرهەنگی ئێمە بی بەروبوم نییە بەڵكو وەرز و زەمینەی خۆی هەیە.