ئاکپارتی و پرسی کورد لەباكور

 

کێشەی کورد لە باکور ، تەمەنی 100 ساڵی تێپەڕاند ، لانی کەم لە سایکس بیکۆوە،کەبڕیاری پارچە پارچە کردنی کوردستانی دا و لە لۆزانیشەوە ـ 1923 ـ جێ بەجێ کرا.. تا ئەم کێشەیەش یەکلا نەکرێتەوە ، بە دڵنیاییەوە وڵاتی تورکیا ئۆقرەیی و ئاسایشی تەواو بەخۆیەوە نابینێ.

بۆیە زۆرگرنگە پاش شکست پێهێنانی کودەتاکەی 15ی تەمموزو کۆتایی هێنان بە مەترسیەکانی کودەتا ؛ ئۆردوگان و پارتەکەی و فەرمانڕەوایی تورکیا ،ئەولەویەتی یەکەمیان گەرانەوە بێت بۆ پروسەی ئاشتی و هەنگاونان بەرەو چارەسەری ئەم کێشەیە ، یاخود ئەم دۆزە ڕەوایە..

ڕاستە ئەگەری ئەوەهەیە کە ئاکپارتی متمانەی تەواوی بەسەرکردایەتی هادەپ و خودی سەلاحەدین دەمیرتاشی سەرۆکی هادەپ نەبێ ، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی کە پرسی کورد لەو وڵاتە پشتگوێ بخرێ ، یان بەهەند وەرنەگیرێ ؛ ئاخر ئەمە پرسی هادەپ نیه ، پرسی تەنها پەکەکەش نیە،پرسی گروپ و هۆزو عەشیرەت ،یان ناوچەیەک نیە..بەڵکو پرسی خاکێکی پان و بەرین و گەلێکی 30- 25 ملێونیە ، پرسی دووەمین نەتەوەو پێکهاتەی تورکیایە، کە 100 ساڵە بەتورکی شاخاوی و کورمانج و شتی تر ناوزەد دەکرێ ..

پرسی گەلێکی بەشدارە لە هەموو دەسکەوت و سەروەریە مێژووییەکانی گەلانی تورکیا ، چ لەسەردەمی خەلافەتی عوسمانی و چ لەسەردەمی کۆماری نوێی تورکیادا.. ئەم پرسە چیتر قابیلی پشتگوێ خستن نیە ؛ بۆیە ئەردوگان و حیزبەکەی ،کە لەسەردەمی حوکمڕانی ئەواندا ، کرانەوەی بەرچاو بەڕووی کوردو کورستانی باکوردا بەدیهات و زۆر هەنگاویان ناوە لەبواری ڕۆشنبیری و میدیاو خوێندن و شتی تردا ؛ نابێ پاشگەز بنەوە لە هەنگاوەکان، بەڵکو پێویستە بەدەسپێشخەری سیاسی نوێ و بە جورئەتی تەواوەوە بێنەوە سه رخەت و لە گەڵ دوو حیزبە ئۆپۆزسێونەکەی دیکەشدا ، ڕاشکاوانە لەسەر ئەم پرسە بدوێن ،وەک پرسێکی نیشتمانی گەلانی تورکیا قسەی لەسەر بکەن ..

نابێ ئەگەر ئاکپارتی نیگەرانی لەهادەپ هەبێت ، لەچاوی هادەپەوە سەیری پرسی کورد بکات ، بەڵکو بە پێچەوانەوە ، پێویستە لە چاوی ئەم پرسە گرنگ و گەورە و مێژووییەوە تەماشای هادەپ و پەکەکە بکات ؛ چونکە ئەم پرسە ئەوانی دروست کرد و هێنایە بوون، نەک پێچەوانەکەی ..