قۆناغێكی هەستیارە پێویستی بە بڕیارە

ئەم ووڵاتە زۆر لەمێژە شوێنی كێشەو ململانێی هێزە نەیارەكانی ناوچەی و هەرێمایەتی و نوێودەوڵەتیەكانە، بەداخەوە ئارامی تیادا نەماوە، كێشەو قەیران و شەڕو ململانێی بەردەوام و خوێن و ئازار و فرمێشك و غەم ونەهامەتی چەندان قەیرانی نەخوازراوی تر هەمیشە چاوەڕوانكراو بون بۆ هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە،لەگەڵ ئەوەی نەیارەكان و دوژمنە دەرەكیەكان هیچ كات لەوەی لەدەستیان هاتوە لە خراپە بەرامبەر بەم گەلە درێغیان نەكردوە و چەندان كێشەو قەیرانیان بەسەر ئەم گەلەدا هێناوە، وە لەهەمان كاتدا كێشەو ململانێ ناوخۆیەكانی ناو ماڵی كوردی لە ڕابردوودا چەندان هەلی گرنگ و دەسكەوتیان لەدەست داوە، ئەوەی جێگای تێڕامان و لەسەر وەستانە ئەوەیە تائەم ساتەوەختەش كێشە ناوخۆیەكان بونەتە بەربەست لەگەیشتنی كورد بە مافە سەرەتایبەكانی، كە ئەمەش بەهۆی یەكتر نەخوێندنەوەو پێشخستی بەرژەوەندی تەسكی خێڵەكی و حیزبایەتی و ئایدۆلۆژی بوە بەسەر بەرژەوەندی گشتی گەل و خاك و خەڵك و ئەزموونی كوردوستاندا بۆیە دەكرێت لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە بەرپرسان و كاربەدەستان و لایەنە سیاسیە باڵادەستەكان بەو پەڕی بە جورئەتەوە پەنجە بخەنە سەربرینەكان و بڕیار بدەن بۆئەوەی مەرگەساتێكی تر ڕوبەروی ئەم گەلە ‌ستەم دیدەیە نەبێتەوە بە خوێندنەوەی گۆرانكاریە ‌نوێكان دورنیە ناوچەكە ڕوبەڕوی چەند ئەگەرێك ببێتەوە ئەگەر كوردو لایەنە سیاسیەكان ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخە نوێ یەنەكەن دورنیە ئەوەی بەدەست هاتوە لەدەست بچێت دواجار مێژوو ڕەحم بەكەس ناكات بۆیە گرنگە كورد یەك هەڵوێست بێت و ململانێ نێوخۆیەكان و بەرژەوەندیە تەسكەكان وەلانێن لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە :ـ

1ـ یەك هەڵوێست نەبوونی كورد بەرامبەر بە ڕوداو گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە كەوتنە ژێر كاریگەری هەژمونی ململانێی ناوچەی و نێودەوڵەتەیەكان تا ئێستا باش بوین بەتایبەتی سەرجەم هێزەكان بەرانبەر بەهێزێكی تیرۆرستی وەك داعش یەك هەڵوێست بون بەڵام ئایە دوای ئازاد كردنی موصڵ هێزەكوردیەكان بەرامبەر بەهێزێكی وەك حشدی شعبی یەك هەڵوێست ئەبن .
2ـ ئایە دوای ئەو گۆڕانكاریەی كەبەسەر سیاسەتی توركیادا هات و بەهێزكردنەوەی پەیوەندیەكانی لەگەڵ ڕوسیاو ئیسرائیلدا وە بڕیاریشە لەگەڵ ئێران بەهەمان شێوە، دۆزی كورد لەكوێی ئەم پەیوەندیانەدا دەبێت وە ئایا لەتێكگیرانی بەرژەوەندیەكاندا ئێمە دەتوانین ببین بەو ژمارەیەی كە نەتواندروێت پەراوێز بخرێت.
3ـ بارودۆخی ڕۆژئاوا كە ماوەیەك بوو بوبوو بەجێگای سەرنجی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئایە هەروا دەمێنێتەوە یان دواجار ئەویش وەك كورد دەلێن دیزە بە دەرخۆنەی پێ دەكرێت ئایا چارەنوسی كانتۆنە ڕزگاركراوەكان باشتر دەبێت وەیان وەك ‌سەرەتای دەركەوتوە دەكەونە بەرهەڕەشەی دوژمنانی كورد.
4ـ سنورو پێكهاتەی جیۆپۆلۆتیكی كوردستان وەهایە كەلە ڕابردوودا بەسەر چەند ووڵات و چەند زمانێك و چەند نەتەوەیەكدا دابەشبوە ئەگەر لەسەر هەموو شتێك ناكۆك بن بەداخەوە لەسەر دژایەتی كورد كۆ دەنگ و هاوكاری یەك بوون لەڕابردوشدا نمونەمان زۆرە.
5ـ ماوەی چارەكە سەدەیەكە كورد خاوەنی حكومەتێكی خۆجێی و پەرلەمانێكی خۆیەتی بەداخەوە نەتواندرا وەك پێویست هەلەكان بقۆزرێتەوە بەهۆی ئەو ململانێ ناتەندروستەی هەبوو لەنێوان دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردوستاندا .
6 ـ دواجار ئەگەر پەلەنەكرێت و هەوڵ و تواناكان یەك نەخرێت و بیر لەبەرژەوەندی باڵای كوردو كوردەستان نەكرێتەوە دورنیە ئەم دەسكەوت و ئەزمونەش جارێكی تر بكەویتە مەترسیەوە بەرپرسیارانی یەكەمیش دەسەڵاتدارانن .
هیوادارین ووشیارانەو ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەم بارو دۆخە نوێیەدا بكرێت وەخۆسازبكرێت بۆسەرجەم پێشهات و خوێندنەوەكان بەوهیوایەی خەونی مێژینەی كوردان بێتەدی نەك بەپێچەوانەكەی.