پیرۆزبایى زۆرم ئاراستەى هاوڕێى بەڕێزم کاک د. هەفاڵ ئەبوبەکر دەکەم بە بۆنەى هەڵبژاردنى وەک پارێزگارى سلێمانى و نزاى خێرم بۆیان هەیە بۆ سەرکەوتنیان لەو ئەرکە سەختەى لەسەر شانیانە. هاوکات لێرەوە بیرۆکەى پڕۆژەیەک دەخەمە بەردەست بەڕێزیان کە پێویست بە چاوەڕوانى هیچ مەرسومێکى هەرێمایەتى ناکات و هاوکات دەکرێت لە ئێستادا ببێتە دەستەگوڵى دەستپێکى کارەکانى، کە ئەویش بریتیە لە پڕۆژەى (وەرن با گۆیژە سەوزکەینەوە!) پاش سوتانى بەشێکى زۆرى درەخت و پانتایى سەوزایى ئەو شاخەى کە بۆتە سیماى ناسینەوەى ئەم شارە مەزنە پەراوێزخراوە. پڕۆژەکە بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت.

(خاوێنکردنەوە و ئامادەکردنى خاکەکە و ناشتنى نەمامەکان) و پێویستى زۆرى بە سێ کەرەستەیە (دەستى کار و نەمام و پێداویستى لۆجستیکى) کە بە بڕواى تەواوم تەنها خەڵکى ئەم شارە و بە دڵنیاییەوە شاروشارۆچکەکانى دیکەى کوردستان و خەڵکانى دیکەى نیشتەجێى سلێمانی (وەک ئاوارەکانى شارەکانى عێراق و میوانانى رۆژئاوا) دەتوانن ئەرکى تێچوونى لە ئەستۆ بگرن. ئەوەى دەرامەتى کەمە، دەتوانێت بە بازووى بەشدارى بکات. ئەوەى دەرامەتى باشە و نایەوێت یان ناتوانێت بە بازووى بەشداربێت، دەتوانێت دەستى کار بە کرێ بگرێت و کەرەستەش دابین بکات و بەشداربێت لە کڕینى باشترین نەمامى هەمیشە سەوز و نەمامى دیکەى گونجاو تا نەهێڵین رەشپۆشى گۆیژە لەوە زیاتر درێژە بکێشێت. بۆ ئەم کار و پڕۆژەیەش، ئامادەم بەشدارێکى سەرەکى بم بە هەر شێوەیەک لە تواناى مندابێت و لە راگەیاندنەکانیشەوە بانگەشەى بۆ بکەم. لە هەمووى گرنگتر ئەوەیە کە ئەم پڕۆژەیە بۆ تەداویکردنى سوتاویەکە نەبێت، بەڵکو بۆ یەکجارەکى نوێکردنەوە و سەوزکردنەوە و جوانکردنى گۆیژەى سەربڵندى هەمووان بێت.


لە کۆتاییدا و لە سەر پرسى پارێزگاریەکەش دەستخۆشی لە بەڕێز د. ئاسۆ فەرەیدون دەکەم کە بە دەستلەکارکێشانەوەى لە وادەى خۆى سیمایەکى جوانى بە پڕۆسەکە بەخشى و رۆڵى فراکسیۆنەکانى دیکەش شایانى دەستخۆشیە، بە تایبەتى فراکسیۆنى خزمەت لە ئەنجومەنى پارێزگا کە بونە بەشدارێکى سەرەکى سەرخستنى پڕۆسەکە.
دووبارە پیرۆزە و هەردەم سەرکەوتوو بن.