ده‌وامى فه‌رمانبه‌ران و هه‌ڵوێستى حكومه‌ت و خوێندنه‌وه‌یه‌كى قانونى


له‌ یه‌ك دوو مانگى رابردوودا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌رێگه‌ى چه‌ند نوسراوێكیه‌وه‌ جه‌ختى له‌سه‌ر رێكخستنى كارى فه‌رمانبه‌ران و ده‌وامى فه‌رمانبه‌ران كردۆته‌وه‌ و دواین جاریش وه‌زاره‌تى دارایى به‌ نوسراوى ژماره‌ (4838 له‌ 29/8/2016) گشتاندنى ژماره‌ (18) پێ ده‌ركردووه‌ و ماوه‌ى یه‌ك دوو رۆژه‌ له‌ كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندنه‌وه‌ به‌ چڕ و پڕى وروژێنراوه‌ و كارى له‌سه‌ر ده‌كرێت، لێره‌دا پێم خۆشه‌ بۆ مه‌به‌ستى به‌رچاو روونى فه‌رمانبه‌ران، چه‌ند سه‌رنجێكى قانونیه‌وه‌ بخه‌مه‌ سه‌ر ئه‌و نوسراوانه‌:
یه‌كه‌م: ئه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌ستى بۆ بردووه‌ و ئێستا جه‌ختى له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌ نیشانده‌رى ئه‌و راستیه‌یه‌ كه‌ ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ هیچ شاره‌زاییه‌كى ئه‌وتۆى له‌ یاساكانى تایبه‌ت به‌ وه‌زیفه‌ى نیه‌ ، ئه‌گینا مه‌عقوله‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ى دان بنێت به‌ هه‌بوونى (اعاره‌)ى فه‌رمانبه‌ر له‌ ناو وه‌زاره‌ته‌كاندا كه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌و بابه‌ته‌ به‌ گوێره‌ى یاساى راژه‌ى شارستانى ژماره‌ (24)ى سالى 1960 ماده‌ى (38) له‌ ده‌سه‌لاته‌ حصرییه‌كانى خۆیه‌تى ، كه‌ پێش هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك باسكردنى ئه‌م بابه‌ته‌ له‌م كاته‌دا و به‌مجۆره‌ عه‌یبه‌دارییه‌كه‌ى بۆ خۆى ده‌مێنێته‌وه‌ ، چونكه‌ ئه‌وه‌ ئیقرار كردنى ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌یه‌ به‌ كارێك كه‌ له‌ ده‌سه‌لاتى خۆیه‌تى به‌لام فه‌رمانبه‌ر و وه‌زاره‌ته‌كانى پرسیان پێ نه‌كردووه‌ له‌ ماوه‌كانى رابردووداو ئه‌نجامیان داوه‌ !!
دووه‌م: ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌ برواى من ئه‌وه‌ى تا ئێستا ئاوڕى لێ نه‌دابێته‌وه‌ و جێبه‌جێ ى نه‌كردبێت له‌ ماوه‌ى 25 ساڵى ته‌مه‌نى رابردووى خۆیدا یاساى به‌رزه‌فتكردنى فه‌رمانبه‌رانى ده‌وله‌ته‌ كه‌ ئه‌م یاسایه‌ گه‌ربێتوو وه‌كو خۆى جێبه‌جێ بكرایه‌ ئه‌وا نه‌دوو مووچه‌ په‌یدا ده‌بوو نه‌ بندیوار و نه‌ كاركردن له‌گه‌ل كۆمپانیاكان و نه‌ ئه‌م واقیعه‌ خراپه‌ى ئێستا دروستبووه‌، به‌لام به‌ داخه‌وه‌ تازه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بیرى ده‌كه‌وێته‌وه‌ و دێت له‌ سه‌رده‌مێكدا كار به‌و یاسایه‌ ده‌كات كه‌ ته‌نها زه‌مه‌نى كارپێكردنى یاساكه‌ نیه‌، چونكه‌ هه‌موو ئامانجى یاساكه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دۆخى حكومه‌ت به‌مه‌ى ئێستا نه‌گات كه‌ پێى گه‌یشتووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كاته‌دا هه‌رگیز ناتوانێت ئه‌حكامه‌كانى ئه‌و یاسایه‌ به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا په‌یره‌و بكات.
سێهه‌م: جێبه‌جێكردنى یاساى به‌رزه‌فتكردنى فه‌رمانبه‌ران له‌ دۆخێكدا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت و له‌رووى قانونیه‌وه‌ به‌هاى هه‌یه‌ كه‌ شانبه‌شانى ئه‌م یاسایه‌، یاساكانى راژه‌ى شارستانى و یاساى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و یاسا هاوپێوه‌نده‌كانى دیكه‌ و رێسا و رێنماییه‌كانیان جێبه‌جێ بكرێت، له‌ رووى یاسایى و لۆژیكییه‌وه‌ هیچ ماقول نیه‌ كه‌ یاسا ئیجرائییه‌كان و رێككارییه‌كان به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ردا په‌یره‌و بكرێت به‌ڵام ئه‌و یاسایانه‌ى دیكه‌ش كه‌ ماف و ئیمتیازى فه‌رمانبه‌ر دابین ده‌كات پشتگوێ بخرێن و ته‌نانه‌ت له‌كار بخرێن و سه‌ره‌تایى ترین مافى فه‌رمانبه‌ر ژێر پێ بخرێت كه‌ مووچه‌كه‌یه‌تى!!.
چواره‌م: ئه‌و دۆخه‌ى كه‌ ئێستا به‌سه‌ر ئه‌م هه‌رێمه‌دا هاتووه‌، به‌ پله‌ى یه‌كه‌م سیاسه‌تى هه‌ڵه‌ى حكومه‌ت خولقاندوویه‌تى ، هه‌ربۆیه‌ له‌م حاله‌ته‌دا فه‌رمانبه‌ریش به‌ گوێره‌ى بنه‌ماى قانونى (الموظف لا یتحمل خطأ دائرته) باجى هه‌ڵه‌ى حكومه‌ت نادات و ته‌نانه‌ت فه‌رمانبه‌ران مافى ئه‌وه‌شیان هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ده‌زگایه‌كى قه‌زایى به‌ هێز و سه‌ربه‌خۆ هه‌بێت ده‌توانن فلس به‌ فلسى ئه‌و موچه‌و شایسته‌ داراییانه‌شیان كه‌ لاى حكومه‌ته‌ وه‌رى بگرنه‌وه‌ و له‌ هه‌مان كاتیشدا ده‌توانن داواى قه‌ره‌بووش تۆمار بكه‌ن.
پێنجه‌م: پێویسته‌ سه‌رۆكى دیوانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕوات لێپرسینه‌وه‌ له‌ فه‌رمانبه‌رانى بندیوار بكات كه‌ له‌ ساڵى 1991 ه‌وه‌ دامه‌زراون و یه‌ك رۆژ ده‌وامیان نه‌كردووه‌، ئه‌وه‌ش به‌ هۆى به‌كارهێنانى بوجه‌ى گشتى بۆ خزمه‌تى حیزب و زۆركردنى ده‌نگ و سه‌نگى هه‌ڵبژاردن ، پێویسته‌ سه‌رۆكى دیوانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران لێپرسینه‌وه‌ له‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ بكات كه‌ 15 ساڵ فه‌رمانبه‌ر بوون به‌لاَم ته‌نها پانزه‌ لاپه‌ره‌ ئه‌وراقى قانونى له‌ ناو دۆسیه‌ى كه‌سیه‌كانیاندا نیه‌، پێویسته‌ سه‌رۆكى دیوان لێپرسینه‌وه‌ له‌و دكتۆر و راوێژكاره‌ قانونیانه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بكات كه‌ بۆچى له‌ كاتى خۆیدا نه‌یانتوانیوه‌ یاساى به‌رزه‌فتكردنى فه‌رمانبه‌ران جێبه‌جێ بكه‌ن و ده‌ست و په‌نجه‌ى حكومه‌ت له‌گه‌ل ئه‌و یاسایه‌ نه‌رم بكه‌ن و هیچ نا سه‌رۆكى حكومه‌تيان لێ شاره‌زا بكردایه‌.
شه‌شه‌م: به‌ گوێره‌ى یاسا ئه‌گه‌ر نه‌هاتنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ر بۆ سه‌ر وه‌زیفه‌ سه‌رپێچى به‌رزه‌فتكاریى بێت (المخالفه‌ الأنضباطیة) ئه‌وا ئه‌و بارودۆخه‌ى به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا هاتووه‌ به‌ هۆى سه‌رپێچى یاسایى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و حكومه‌ته‌وه‌ بووه‌ كه‌ ئه‌وه‌ به‌رپرسیارێتى سزاییه‌(المسؤلیة الجزائیة) دةخاتةوة به‌ گوێره‌ى مادده‌ى 341ى یاساى سزادان و پێویسته‌ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و وه‌زیرانى تایبه‌تمه‌ندى پێ هه‌واڵه‌ى دادگا بكرێت.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌ سه‌رۆكى دیوانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌ڵێم ده‌ركردنى ئه‌م جۆره‌ بریارانه‌ له‌م كاته‌دا جگه‌ له‌ تورِه‌ كردنى فه‌رمانبه‌ران و زیاتر خه‌ستكردنه‌وه‌ى قوره‌كه‌ بۆ حكومه‌ت هیچى دیكه‌ى لێ سه‌وز ناكه‌ن، باشتروایه‌ پێداچونه‌وه‌ به‌ خۆتان و نوسراو راوێژكاره‌ قانونیه‌كانتاندا بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بزانن چى بنوسن و گشتاندن به‌ چى بكه‌ن .