ئیسلام ئاینی موسڵمانانە تاپۆی هیچ گروپ و لایەنێكـ نیە ..!؟

 

... لە كاتێكدا سەركردەی زلهێزانی جیهان بە تاكـ و كۆ له ‌وەخت و ناوەختدا بەبەرنامەو بێ پێشەكی و بەبەرنامەو ئەجیندای ئامادەكراو ، دێنە كوردستان و دیدارو كۆبوونەوەی تایبەت سازدەكەن تیایدا ئەگەر و گریمانەكانی پاش داعش و كۆنترۆڵكردنەوەی شاری موصڵ و وەدەرنانی تیرۆریستان تاوتوێ دەكەن ، لێرەش لە كوردستان لە غیابی حكومەتێكی كاراو پەرلەمانێكی پەكخراوو زەلیلی دەستی سەركردە فاشیلەكانی ئەم وڵاتە و نا كامڵی و ڕوشدی سیاسی عەقڵێتی حزبی و سەركردەی خۆ كردوو‌ بە وەهمی ڕەمزو كاریزما ، دیسان شپرزەیی ناوماڵی كوردی و بەبنبەست گەیشتنی پەیوەندیەكانی نێوان لایەنەكان و هەڵتۆقینی لق و باڵی نوێ و فرەیی لە مەرجەعی بڕیار و هەڵوێستگرتن لە ڕووداو و پێشهاتەكان ،

هەروەها بارگرانی و بژێوی ژیانی ڕۆژانەی ئەم میللەتە ماندوەی كە‌ برسێتی و هەژاری و بێ كاری و دەیان دەردو خەم و ئازاری كۆمەڵایەتی كراوەتە خەڵات و پاداشتی خۆڕاگری و چاوەڕوان وەدیار موژدەی حزبەكانەوە ! بەداخەوە لەم دۆخە ئاڵۆزەدا سەرباری ئەم هەموو حەقیقەتە تاڵەی كە لێرە بووەتە مۆتەكەو ئەگەری ئەوەی لێ دەكرێ لە ئەنجامی جامی پڕبووی خەشم و ڕقی جەماوەر‌یی ئەوەش كە هەبووە لە دەستمان بچێ ،

لەم ڕۆژانەدا بەهاوكاری دەسەڵاتداران و حكومەتە ئیفلیج بووەكەی هەرێم و بەشێكـ لە سەركردەو كادیرە باڵاكانی دەسەڵات و چەپ و كۆمۆنیستەكانی ناوخۆ و دەرەوە دووەمین كۆنفرانسی دابڕان لە ژێر دروشمی ( ئاین بۆ تاكـ و دیموكراسی بۆ هەمووان ) لەشاری سلێمانی بەڕێوەچوو !

ئەڵبەتە من نامەوێ بچمە سەر ئەو بابەتەی كە هۆكاری سەرەكی و‌ ساتە وەختی بەستنی ئەم كۆنفرانسە بۆ ڕاكردن و خۆدزینەوەیە‌ لەو واقیعە‌ و خۆحەشاردانە لە كێشەو برینە قوڵەكانی گل و گرفتەكانی ناوخۆی حزبی و باڵ باڵێن و لەوێشەوە بۆ نێوان لایەنەكان و دواتریش حكومەت و بینای قوفڵ لێدراوی پەرلەمان دەگەڕیتەوە !

واتە بەم زەخمە لەبەشداری و گواستنەوەی ڕاستەوخۆی وتار و دیبەتەكانی كۆنفرانسەكە ئەخوازن جەماوەرو خەڵكی ئەم هەرێمە ئەگەر بۆ چەند ڕۆژێكـ بووبێ سەرقاڵ بكرێن و بیری و هۆشیان بەلاڕیدا ببرێ ! بەڵكو ئەمەوێ لە دیوێكی تر و لە گۆشەنیگایەكی ترەوە سەرنجی سەلەفیەكان بۆ چەند خاڵێكـ ڕابكێشم كە لە چوار چێوەی وتار و كاردانەوەكانی ئەم كۆنفرانسەكەدا بەدیم كرد :
:
1- ئەگەر چی دروشمی كۆنفرانسەكە ( ئاین بۆ تاك و دیموكراسی بۆ هەموان ) بوو ، بەڵام ناوا‌خنی بەرنامەو وتار و دیبەت و بابەتەكان تەنها ڕووی لە سەلەفیەت و تەوژمی سەلەفیەكان بوو !
:
2- هەڵسوڕێنەر و بەشداربووانی كۆنفرانسەكە‌ ئەندام و بانگخوازانی ئیسلامیەكان نەبوون ، كە زۆر جار سەلەفیەكان بەترسناكتر و گومڕاترینی گروپ و لایەنی ئەژمار دەكەن بۆ سەر ئیسلام و ئاینی موسڵمانان ! بەڵكو بەشێكـ لە سەركردەو عەلمانیەكانی حزب و بەهاوكاری وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو ، كە بەلای سەلەفیەكانەوە وەلی ئەمری موسڵمانانن و ملكەچی و گوێڕایەڵیان واجیبەو مونازەعەو خۆپیشاندان بەڕوویاندا ‌تاوانەو ‌دەرچوونە لە فەرمانی وەلی ئەمری شەرعی موسڵمانان !؟
:
3- ئەندام و ڕۆشنبیرو لایەنگرانی ئیسلامیەكان و بەشێكـ لە هەوادارانی عەلمانیەكان كە موسڵمان و ئەهلی مزگەوتن ، پێش سەلەفیەكان هاتنە دەنگـ و بەتووندترین شێوە وەڵام و بەرپەرچی بەشداربوانی كۆنفرانسەكەیان دایەوە !
:
4- مینبەری مزگەوت و سكۆی دەنگـ و ڕەنگی ئیسلامیەكان پێش سەلەفیەكان كەوتن و نیگەرانی و ناڕەزاییان بێ پەردەو بە ئاشكرا دەربڕێ ! واتە هێرش و پەلاماری وتاربێژانی كۆنفرانسەكە بە هێرش و پەلاماری ڕاستەخۆی خۆیان بینی !
:
5- لەكاردانەوەی ئەم كۆنفرانسەدا ماناو مەبەست و ڕۆحی یەكپارچەیی لە نێو ئیسلامیەكاندا جوانتر بەدیكرا و هەست و سۆزێكی یەكدەنگی لە بەرگریكردن لە ئیسلام و مسڵمانان نمایشكرا وەكـ لەم فەرموودەیەی سەروەرمان محمد (صل الله علیه وسلم ) وێناكراوەو لە صەحیحی بوخاری و موسلیمدا هاتووە كە ئەفەرمێت : عَن النُّعْمَانِ بْنِ بَشِيرٍ قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ : مَثَلُ الْمُؤْمِنِينَ فِي تَوَادِّهِمْ وَتَرَاحُمِهِمْ وَتَعَاطُفِهِمْ مَثَلُ الْجَسَدِ إِذَا اشْتَكَى مِنْهُ عُضْوٌ تَدَاعَى لَهُ سَائِرُ الْجَسَدِ بِالسَّهَرِ وَالْحُمَّى ،   بەڵام بەپێچەوانەوە ئەم هەست و سۆزە لە ڕابووردوودا لە برایانی سەلەفی نەبینرا بۆ هەندێ لە ڕووداو و گێچەڵی دەسەڵاتداران بە بەشێكـ لە موسڵمانانی كوردستان و ناوچەكە !
:
6- قورئانی پیرۆز بۆ خۆی شاهیدە كە ئەوە پیشەی دەسەڵاتداران و كاربەدەستان بووە لە مێژوودا بۆ بە ئامانج گرتنی ئیمانداران هەر جارەو لە وێستگەیەكدا ڕووی هێرش و پەلاماریان لە‌ گروپ و لایەنێكی دیاریكراو دەكەن عەزیزەكان لاواز دەكەن و لاوازەكان لاوازتر هەتا دواجار بە ئاسانی بتوانن زەبری كوشندە لە ئەصڵ و چاوگی بیروباوەڕی هەموان بدەن وەك لە سورەتی القصص خوای گەورە بۆمان دەگێڕێتەوە كە ئەفەرموێت : (إِنَّ فِرْعَوْنَ عَلا فِي الأَرْضِ وَجَعَلَ أَهْلَهَا شِيَعًا يَسْتَضْعِفُ طَائِفَةً مِّنْهُمْ يُذَبِّحُ أَبْنَاءَهُمْ وَيَسْتَحْيِي نِسَاءهُمْ إِنَّهُ كَانَ مِنَ الْمُفْسِدِينَ ) .

... ماوەتەوە بڵێم با ئیسلام لە چوار چێوەی حزب و گروپ و ڕێكخراوێكی دیاریكراودا قەتیس نەكەین ، ئەو ئیدیعایەش وەلا بخرێت كە تەنها ئیسلامیی ڕاستەقینە و دروست و تەواو تەنها تەعبیر لە من و ئێمەی فڵان دەكات و ئەوانیتر لە سەرگەردانی و گومڕایدان ، ئەگەرنا من و ئێمەی جێاو جێاواز زۆر لەوە بچوكترین بەتەنها و بەیەكـ ئاراستەو بیركردنەوە تەعبیر لە كۆی ئیسلام و موسڵمانێتی بكەین لە كاتێكدا مێژوویی دوور و درێژی ئیسلام و موسڵمانان پێچەوانەكەی تۆماركردوە !