ئایا داعش لە موصڵ وەدەرئەنرێت .. !؟

 

زیاتر لەساڵێكە زۆر بەچڕو پڕی باس لە كۆنترۆڵكردنەوەی شاری موصڵ و دەرپەڕاندنی تیرۆریستان و پاكردنەوەی ناوچەكە لە داعش و داتاشراوەكانی تیرۆر دەكرێت ، سەرباری ئەوەش گوایە داعش و ڕێكخراوە تیرۆریستیەكان لە ڕووی ماددی و چەكـ و تە‌قەمەنی و ناسنامەی پشتگیری وڵاتانەوە‌ بێ كەس و نامۆ و هاوردەی دەرەوەی كۆمەڵەی خۆرە‌ و هیچی لەو واقیعە پڕ لە ئاڵۆزەی دونیای سیاسەتدا جێگای نابێتەوە ! هەر بۆیە لە بەرامبەردا تەواوی جیهان بەیەكـ دەست و بازوو ڕووبەڕووی ئەم‌ مۆتەكەیە بوەتەوە و زۆر خەمیان تیرۆر و بیری توندڕەوی لە ناخەوە ڕیشەكێش بكەن !؟ كەچی هێشتا ڕوون نیە كەی و چۆن و تا چەند ڕۆژوو مانگی تر ئەم هێرشە دەكرێت !؟ یاخود هەتا كەی و چۆن و چەند ڕۆژ و مانگی تر چاوەڕوانی هەواڵی كۆتایی هێنان بە دێوەزمەی تیرۆر و دیار نەمانی ڕیكخراوی داعش ‌بكەین !؟ لێرەوە ترسناكی تیرۆر و كیسەڵ ئاسای هاوكاریە ماددی و مەعنەویەكانی وڵاتانی زلهێزان و دواكەوتن و نەبوونی ڕوئیایەكی ڕۆشن بۆ ئەم جەنگە حەتمیە ناچار دەبین ئەو پرسیارە بكەین ئاخۆ داڕشتنی پلان و گرتنەوەی شاری موصڵ بۆ ئەوەندەی خایاند :‌
:

1- ڕەنگە نەیانەوێ بۆ كۆتا جار داعش بنەبڕ بكرێت چونكە هۆكار و بیانوویەكی باشە بۆ ساغكردنەوەی چەكـ و جبەخانەكانی ڕۆژئاواو و وڵاتانی تری هاوپەیمانان و هاوخولگەی دژە تیرۆر !
:
2- هێشتا لە نێو وڵاتانی جەنگی دژە تیرۆر پێك نەهاتوون لەسەر چۆنیەتی بەشداری و ئامادەبوونی هەر یەكـ لەو وڵاتانە و دواتریش بڕو تێچوونی جەنگەكە و لە بەرانبەریشدا دەستكەوت و داهاتەكەی بدوورنەوە !
:
3- خاڵیكی تر پێ دەچێت لە نێو خۆیاندا یەكلایی نەبووبێتەوە لە ئەگەری پاكتاوكردنی داعش لە عێراق و ناوچەكە لە چ وڵات و جوگرافیایەكی تر جارێكی دی ڕۆڵی بۆ بگێڕنەوە !
:
4- رەنگە پێویستیان بە كاتی زیاتر هەبێ بۆ دەرفەتدان بەو لینك و دەستە هەواڵگیریانەی كە خزێنراونەتە نێو داعش ، هەتا لەو ناوچانە بەئاسانی بكشێنەوە كە بڕیارە بكرێتە ئامانجی هاوپەیمانان !
:
5- ڕەنگە هێشتا بڕیاری ئەوەیان نەدابێ پاش داعش پرسی حكومەتی هەرێم بەچ لایەكدا بكەوێ ! پرسی ڕیفراندۆم و دەوڵەتی كوردی و گەڕانەوەی كەركوك بۆ سەر هەرێمی كوردستان زۆر سادەو سانا نیە !
:
6- ڕەنگە بەشێكی تر لەو دەستی بەدەستیەی كە لەناوبردنی داعش دەكرێت پەیوەست بێت بە بارودۆخی ئێستای سوریا و ئەگەر و گریمانەكانی مانەوەی یاخود لادان و ڕوخانی ڕژێمەكەی‌ بەشار ئەسەد !
:
.... هەموو ئەمانە ئەگەر و گریمانەن وەلێ لە دونیای سیاسەتی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و حكومەتە فاشیلەكان دەرگاكان كراوەیەو بەكراوەیی هێڵراوەتەوە !