بۆچی تەنها باس لەسوپای توركیا دەكرێت

 

لە ئێستادا عێراق ئەو وڵاتە نیە بەوڵاتێكی سەربەخۆ و خاوەن بڕیار و سەروەری خاكـ و حكومەتیكی تۆكمەی خۆماڵی بێ كەمو كورتی بناسرێت ، چونكە جگە لە تەراتێنی شەوو ڕۆژی ئاشكرای هەرچی دەزگای نهێنی و ناسراوو دیاری ئەمریكا و ئێران هەیە ، زیاتر لە پەنجا وڵاتی تر بەجۆرێكـ لە جۆرەكان خۆیان بە خاوەنی عێراق دەزانن و بە بنكەو دامەزراوەی سەربازی و مەشق و ڕاهێنانی سەربازی نوێنەرایەتی وڵاتەكەیان دەكەن .

 سەرباری ئەم حەقیقەتەی سەرەوە كەچی ماوەیەكە زۆر بەچڕی باس لە جێگیربوون و مانەوەی سوپای توركیا دەكرێت لە باشیكـ ، گوایە بە هۆی سنور بەزاندنی سوپای توركیا بۆ ناوخۆی عێراق ئەم وڵاتە ڕووبەڕووی هەڕەشەی جیددی داگیركاری بوەتەوەو سەروەری خاكەكەی لە مەترسیدایە !

بۆ ئەم مەبەستە هەر لە ئەمریكا و لە زمانی ( برێت مەكگۆرك ) نوێنەری‌ تایبەتی‌ سەرۆكی‌ ئەمریكا لە هاوپەیمانیی‌ نێودەوڵەتی‌ دژی‌ داعش و حكومەتی ئێران و بەرپرسانی باڵای عێراق و گروپە چەكدارەكانی حەشدی شیعەو و وڵاتانی كۆمكاری عەرەبی نیگەرانی و ناڕەزایی خۆیان ڕاگەیاند .

 لە دووتوێی ڕاگەیەنراوو لێدوانە هەمەچەشنەكانی هەموو لایەكـ‌ دووپاتیان كردەوەو بە پێویستی ئەبینن هەرچی زووە توركیا ئەو سوپایە بكشێنێتەوەو عێراق بۆ خودی عیراقیەكان بە جێی بهێڵێ .

لە هەرێمی كوردستانیش پێنج فراكسیۆنی كوردستانی لە ڕاگەیەندراوێكدا هەمان مەبەست داواكاری خۆیان بڵاوكردەوە ، بێ گومان لەم كات و ساتەدا كە باس لە كۆنترۆڵكردنەوەی شاری موصڵ و وەدەرنانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش دەكرێت ، بێ هۆكار و لە خۆڕا نیە پێكەوە هەموولایەكـ هاتونەتە سەر خەت ئەم بابەتە بەدەستەجەمعی دەوروژێنن ، بەندە ئەمەوێ باس لە ئامانجی گشتی و تایبەتی هەر ‌یەكـ لەو وڵات و كۆمەڵەو گروپانە بكەم كە باوەڕم وایە ڕێكـ لەو یاریە دەچێ كە كراوە بە چەند پارچەیەكی شێوینراوی لێكدابڕاو ، بۆ ئەوەی وێنەكە وەكـ خۆی ببینیتەوە ئەوا پێویستە هەوڵی گەیاندنەوەی سەرەپاچەكان بدەی‌ بە یەكتر هەتا دەگەیتە ئەو وێنەیەی كە لە ئەصڵدا و لە ڕابووردوودا لەلایان دەزگا هەوالگیریە و سیاسیە نێودەوڵەتیەكان بۆ مەرام و پیلانێكـ نەخشاندویانە‌ :

1- ڕەنگە بۆ ئەمریكا و ڕۆژئاوا مەبەستیان بێ فشارێكی زیاتر بخەنە سەر توركیا و بەرپرسانی ئەو وڵاتە سنورێكـ بۆ نزیكبوونەوە و بادانەوەی توركیا دابنێن كە پاش كودەتا شكستخواردوەكەی ئەم دوایەی توركیا حكومەتی ئەكپارتی بە حیساباتی خۆیدا چوویەوەو پەیوەندیەكانی وڵاتەكەی لە گەڵ ڕوسیا ئاسایی كردەوە ، لە ئێستادا بارگرژی و ناكۆكی نێوان ( توركـ و روس ) چووتە قۆناغی هێوربوونەوە هیچ ئەگەرێكی پێكدادان لە ئارادا نیە ! ئەمەش بۆ ئەمریكا و ڕۆژئاواییەكانی مایەی نیگەرانیە !
:
2- بەم هەڵایە نەزعەی شیعەگەرای حكومەتی عێراق و گروپەكانی حەشدی شیعە ئەیانەوێ شەرعییەتێكی زیاتر بە كاولكردنی شاری موصڵ بدەن هەروەها لە ژێر ناوی بنەبڕكردنی تیرۆر كوشت و بڕی زیاتری سوونەكان بكرێت !
:
3- پێ دەچێت زەمینەی‌ خۆشكردنی‌ جەنگێكی تری ئیقلیمی بەڕێوەبێت لە نێوان توركیا و ئێران ، ئەمەش پاش كۆنترڵكردنەوەی شارەكانی ناوەڕاست و خواروی عێراق دێت بەهاوكاری و پشگیری ڕاستەوخۆی ئێران ، بەداخەوە لە ئەگەری هەڵگیرسانی ئەم جەنگە پێشبینی ئەكەم كورد و سوننە بەسەختی ئەبێ باجەكەی بدەن !
:
4- ڕەنگە بیانەوێ بە یەكجاری داعش و ڕێكخراوە تیروریستان لە ناو نەچێت ، چونكە بوونی داعش و داتاشراوەكانی لە هەر شوێن و وڵاتێكـ بازاڕیكی باش و هۆكارێكی لەبارە بۆ ساغكردنەوەی چەكی كۆن و نوێ و درێژەدان بەسیاسەتی داگیركاری ! هەر بۆیە بەبڕوای بەندە شارێكی گونجاوتر وەكـ موصڵ دەست نادات بۆ هاوپەیمانان و پشت پەردەی ڕێكخراوە تیرۆریستەكان لە ئەگەری كۆنترۆڵكردنەوەو وەدەرنانی داعش جێگرەوەیەكی تری هاوشێوەی ئەو شارە هەبێت ، چونكە موصڵ بە هۆی فرەیی لە ئاین و ئاینزاو نەتەوەی جێاوازوو كەمە نەتەوایەتیەكانەوە هەروەها هەڵكەوتەی جوگرافی سنوری شارەكە لە نێوان ( عێراق و سوریا و توركیا ) زۆر ئاسانە لە بیانوو هێنانەوە بۆ هێرش كردنە سەر گروپێكـ یان ئاین و نەتەوەیەك لە لایان گروپ و ئاین و ئاینزاو نەتەوەیەكی ترەوە ، بە‌مەش ڕێ خۆشدەكات بۆ شەرعیەتدان بە دەستێوەردانی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئیقلیمی !
:
5- هەرچی پەیوەستە بە نیگەرانی و مەترسیەكانی ‌وڵاتانی دەم مردووی كۆمكاری عەرەبی بە بڕوای بەندە گوایە ڕیگریكردنە لە وڵاتێكی بیانی غەیرە نەتەوەی عەرەبی وەكـ توركیا ڕێبەرایەتی و نوێنەرایەتی سوننە بكات لە ناوچەكە ، چونكە لە لایەكـ بۆ ئەوان مایەی شورەیی و نەنگییە لە نێوان ئەو هەموو عەرەبە توركەكان ئەو ڕۆڵە بگێڕێن هەروەها مەبەستیانە ئەگەر توركیا بەم سیاسەتە بچێتە پێشەوە لە پێگەو گرنگی وڵاتانی عەرەب بە گشتی و وڵاتانی كەنداوو جامیعەی ئەزهەر كەم دەكاتەوە و دەكەونە ژێر پرسیارەوە !
:
6- ئەوەش كە لە ڕاگەیاندن و میدیای لایەنە كوردستانیەكانەوە بەدی دەكرێت ، جگە لەوەی داواكاریەكی ڕەوای بەجێیە بەڵام زیاتر لە كەیسێكی حزبی و سیاسی دەچێت هەروەها بۆ لێدانە لە حزبێكی دیاریكراو ، ئەمەش قوڵتركردنەوەی زیاتری ناكۆكی نێوان بەشێكـ لە حزبەكانی باشورو باكوری كوردستان بەدوای خۆیدا دێنێت‌ !

 

م. كانی