بۆچی یادی مەولودی سەروەرمان ( صل الله علیه وسلم ) زیندوو ڕادەگرین ؟!

 

:
... بەكوردی زۆر بەكورتی ئەزانم یادكردنەوەو ئاهەنگێڕان بۆ لەدایكـ بوونی پێشەوای مرۆڤایەتی و تاكە سەركردەو ڕابەری موسڵمانان محمد ( صل الله علیه و سلم ) بیدعەیەو لەدینی پیرۆزی ئیسلامدا نەهاتووە و ئاهەنگـ و بۆنەی تایبەتی بۆ سازنەدراوە ، ئەوەش مەعلومە هاوشێوەی مێژووە جۆراوجۆرەكان و خوێندنەوە جێاوازیەكان كە بۆ مێژووی ئیسلام و موسڵمانان دەكرێت قسەلەسەر ڕۆژو كاتی لەدایكـ بوونی پێغەمبەری نازدارمان ( صل الله علیه وسلم ) هاتووە ، ڕێكـ وەكـ واتا و فەتوای زانایان و بۆچونەكانی‌ بواری فیقهی و ئیجتیهادی زانایان كە بۆ زۆرێكـ لە پرس و دەقەكان زیاد لە ڕاو ڕایەكی جێاواز هەیە ، ئەگەر چی ئەم ڕاجیاییە بۆ هەموو سەردەم و پێشهاتەكان دەوڵەمەندی و كێشهاتنی داوە بەپرسە شەرعیەكان و بەشێكـ لە گرفتەكانی سەردەمی چارەسەر كردوە ئەوەندەش مشت و مڕو جێاوازی و ڕیزبەندی خستۆتەوە ، نامەوێ لەوەش خۆ بواربدەم لەكاتی یادكردنەوەو ئاهەنگی مەولوددا هەندێ گروپی تایبەت زیاد لە پێویست سنورەكانی بەندایەتی و مرۆڤ بوونی پێغەمبەرمان محمد ( صل الله علیه وسلم ) تێدەپەڕینن لە كوفرو ئەفسانەو هاوەڵدانان نزیكـ دەبنەوە ، كەواتە دێمەوە سەر وەڵامی پرسیارەكەمان كە سەرباسی بابەتەكەیە یادی مەولود بۆچی ؟
:
1- بەدرێژایی ساڵ و بەشێوەیەكی ڕێكخراوو ئامانجدار هیچ ڕۆژێكـ نیە لە وڵاتانی ئیسلامیدا زیاد لە بۆنەو ئاهەنگیكـ نەگێڕدرێت ، بەشێوەیەكـ بەڕیوەدەچێت دونیای موسڵمانان پڕبووە لە ئاهەنگـ و بۆنەی جۆراوجۆری مەبەستدار لەویشەوە پانتایەكی گەورەی لە ژیان و كات و تێچوونی موسڵمانانی داگیركردوە ، ئەوەی تیایدا غائیب و خەریكە نامۆ دەبێتەوە بۆنەویادەوەریە گەورەو شانازیەكانی ئیسلام و موسڵمانانە كە لە مێژوودا روویداوه ‌، هەر بۆیە پێویستە موسڵمانان وەكـ ئەوەی بووە یادی بۆنەو رووداوەكان بكەنە‌وە ! بەشانازیەكان خۆشحاڵی دەرببڕن و لەهەڵەو كەموكورتیەكان پەند وەربگرن و وەڵامێكی شایستەش بێ بۆ چەواشەكاریەكانی سەردەم !
:
2- لە وڵاتێكی وەكـ كوردستانی زۆرینە لە موسڵمانان و پڕ لە زاناو دانای ئیسلامیەكان ( بەگشتی ) كەچی بەداخەوە كار بۆ وەلاخستنی ڕۆڵی ئاین و پێگەی ئیسلام و موسڵمانان دەكەن ، هەروەكـ هەوڵێكی زۆر لەئارادایە بۆ دروستكردنی دیوارێكی ئەستور لە نێوان ئیسلام وەكـ ئاین و میللەتی كوردی موسڵمان وەكـ شوینكەوتەو پەیڕەوكارانی ئەم ئاینە ، ئەخوازان لە بری لێكـ ئاڵان و دەست لەملانی موسڵمانێتی و كوردایەتی دابڕان بكەنە كاڵای بەرو پۆشاكی بێ ناسنامە‌ و ناسینەوە بپۆشن !
:
3- سەرباری ئەوەی ئەم ئاینە پیرۆزە تێروانین و دیدگای خۆی لەسەر مەسەلەكانی دەوڵەت و حاكم و كاربەدەستان بەجوانی خستۆتە ڕوو ، كەچی گروپ و ڕێكخراوی وا هەن هەر بەناوی بەرگری لە ئیسلام و دەستگرتن بە سوننەی پێغەمبەر ( صل الله علیه وسلم ) هیچ جێاوازیەكـ لە نێوان كاربەدەستانی جیهانی ئیسلامیدا نابینن ئەگەر چی عەلمانیش بێ ! بۆ ئەوەی حاكم و دەسەڵات و دەوڵەتی ئیسلامی وەكـ خۆی بناسرێتەوە ، لەبۆنەیەكی ئاوەهادا قسەكردن لەسەر ژیانی سیاسی و دەسەڵات و دەوڵەتداری سەروەرمان محمد ( صل الله علیه وسلم ) بەپێویست ئەزانین !
:
4- لە غیابی دەسەڵاتێكی ئیسلامیی و قۆرخكردنی دەسەڵات و وڵاتانی موسڵمانان بەدەست كۆمەڵێ لە بەناو سەركردەو كاربەدەستی بەكرێگیراو وابەستەی بەرژەوەندیەكانی خێڵ و بنەماڵە ، هەروەها بە هۆی هێرش و پەلاماری ڕێكخراوو ئامادەكراوی عەلمانیەكان كە رۆژانە كاریگەری خراپی بەجێهێشتوە ، لەولاشەوە لەژێر كاردانەوە و داهێنانی دەستی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی دەیان ڕیكخراوی تیرۆریستی هەڵتۆقیون وەكـ ( القاعیدە داعش و داتاشراوەكانی تر ) لێرەوە پێویستە نەكـ ساڵانە بەڵكو هەموو ڕۆژێكـ گردبوونەوەو كۆبوونەوەی جەماوەری گەورە ساز بكرێت تیایدا حەقیقەتی دەستی پشت پەردەو پیلانی ناحەزان بخرێتە ڕوو ! كە چەندە ئەم ئیسلامە لەناوەو دەرەوە هەڕەشەی گەورەی لەسەرە و بە كوفركردنی موسڵمانان كراوەتە سیستەم و بەخشكەیی جێبەجێ دەكرێت !