لە غروری ترەمپ بۆ نسكۆی ئەمریكا ..!؟

 

دوو له ‌سێی ئەم مانگە واتە ڕێكـ بیستی كانونی دووەم ئەو ڕۆژە بوو كە دۆناڵد ترەمپ كاندیدی براوەی كۆماریەكان وەكـ چل و پێنجەمین سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەست بەكار بوو ، هاتن و خۆكاندید كردن و گەشت و گەڕی سكۆی وتار و بانگەشەو دروشمەكانی ساتی هەڵبژاردن و هەڵوێستەكانی ئەم كاندیدە ، دواتریش ڕاگەیاندنی ئەنجام و ڕێژەی دەنگەكان كە ترەمپ وەكـ براوەو بوون بەسەرۆكی ئەو وڵاتە یەكلایی بوویەوە ، بەلای چاودێران و ئاگایانی سیاسی قسەو تێڕوانینی جێاوازی لێ كەوتەوە ، ئەو وەكـ هاتوویەكی نوێ و جۆرێكـ لە نامۆیی و ناسازی بەڕێوڕەسم و ئاڵوگۆڕی باوی دەسەڵات و كەسێتی سەرۆكایەتی وڵاتێكی وەكـ ئەمریكا شرۆڤە دەكرێت ، بەندەش وەكـ لەدوورەوە چاودێری و سەر‌نجم خستە سەر هەڵوێست و تایبەتمەندی كەسایەتی سەرۆكە تازەكەی ئەمریكا ، ویستم لە گۆشەیەكی ترەوە لێی بڕوانم و پێشبینیەكانم داڕێژم ، گەرەكمە بڵێم بەهاتنی ئەم كەسایەتیە و دەستبەكاربوونی وەكـ سەرۆكی نوێ ئەمریكا ، قۆناغ و سەردەمێكی نوێ و وەرچەرخانێكی گەورەو نەرێینی بەڕووی رۆژئاوا بە گشتی و ئەمریكا بەتایبەتی دەخاتەوەو دونیایەكی ترو تەواو جێاواز لە پێشینانی خۆی دەبینێتەوە ، باوەڕمان وایە بە پشت بەستن بەكۆی‌ وێنەكان و خوێندنەوەمان بۆ سەرەتاو كۆتایی پرۆسەكە و كاردانەوەی شەقامی ئەمریكی لەناوەو دەرەوە دژ بە بردنەوەی ترەمپ ، ئەمریكا لە غروری سەرۆكەكەی گلۆردەكاتەوە بۆ شكست و هەنگاونان بەرەو دواوە چونكە :
:
1- ترەمپ پێچەوانەو جێاواز بەكاندیدەكانی تری پێشووی سەرۆكایەتی ئەمریكا كەسایەتیەكی تەواو بزنسمانی دوور لە پێشینەو ئەزموونی سیاسیە ، واتە پێش ئەوەی سیاسەت بكات ئەو بازرگان و بزنسمانێكی كارامەیە ! ڕەنگە زیاتر لە دیدگای بزنسمانێكەوە بڕوانێتە سیاسەت و لەوێشەوە بڕیاری و هەڵوێستەكانی بینا بكات ! ئەمەش دژ و ناكۆكە بە سیاسەتی سیاسیەكان كە هەمیشە سیاسیانە سیاسەتی ئابوریش بەڕێوە دەبن !
:
2- بەپێی بەڵگەكانی دەزگای هەواڵگری خودی (C I A) ئەمریكا سەلمێنراوە كە لە ڕێگەی دزەكردن و هاتنە ژوورەوەی ئامێرو كۆمپیوتەرەكانی تایبەت بە دەزگای هەڵبژاردنی ئەمریكا یاری بە ڕێژەی دەنگەكان كراوەو ئەو ڕێژەیەی كە ئەنجامەكەی بۆ ترەمپ ساغكردۆتەوە‌ دەستكاریكراوە ،بۆ ئەمەش پەنجەی تۆمەت وگزیكاری بۆ دەزگا سیخوڕی و هەواڵگیریەكانی ڕوسیا درێژدەكرێت ، ئەگەر ئەم هەواڵە وەكـ خۆی وەڕاست دەرچێت كەواتە سەرەتایەكە‌ بۆ دابەشبوونێكی تر كە لە سەرەوە بۆ خوارەوە ولە دەزگاكانی سەر بە ئاسایشی نەتەوەیی هەتا شەقام و تەواوی چین و توێژەكان لە خۆئەگرێت و لەوێشەوە درزی گەورەتر بەجێدێڵی و ڕەنگە دەرگا بەڕووی هەموو ئەگەرێكـ بكاتەوە !
:
3- بەهۆی داڕووخانی یەكێتی سوڤیەتی جاران و كۆتایی بە هێزو پارسەنگی بلۆكی ڕۆژهەڵات و دواكەوتن و لاوازی لە ئامادەیی و ڕۆڵی لە گرفت و هاوكێشە سیاسیەكان لە جیهاندا بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی ، بۆ ئەمریكییەكان شەرعیەتی تاكـ لایەنەو هەژموونی رۆژئاوی هێندەی تر بەهێزكرد ، بەبڕوای بەندە لەبیست و ئەوەندە ساڵەی ڕابووردوودا سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە هەڵكشان دابووە و گەیشتۆتە دوا لوتكەی غرور و بێ ئاگایی ! هەر بۆیە دوور نیە لە ژوانی دوانەی غروری ترەمپ وەكـ كەسایەتیەكی بێ ئەزموون و غروری ئەمریكای پاش داڕوخانی یەكێتی سۆڤیەت و تەخت و سارا بوونی دونیا بەڕوویدا ، سەرەتای لێژی و گلۆربونەوەی ئەمریكا بێ و جارێكی تر لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا رۆڵی كزو سنوردار بكرێتەوە !
:
4- خاڵێكی تر كە بەزەقی لە وتاری دەستبەكاربوونیدا وەدەركەوت فۆكس و پانتایەكی زیاتریدا بە ناوخۆو چاكسازیەكانی ناوخۆی وڵاتەكەی بەگشتی ، ئەمەش لەسەر حیسابی سیاسەتی دەرەوە ، لە كاتێكدا زۆرینەی سەركردەكانی ئەمریكا بایەخێكی ئێجگار گەورەیان بە سیاسەتی دەرەوە ئەدا هەتا لە ناوخۆدا ئارام و كەشێكی تەندروست تر جێگیر ببێت ، تەنانەت بەشێكـ لەسیاسەتی پێشینانی خۆی سیاسەتی گواستنەوەی گرفتە ناوخۆیەكانی وڵاتەكەی بۆ دەرەوە هەناردە دەكرد ، لەگەڵ قەیران و ناكۆكیەكاندا دەیخزاندە نێو دۆسیەكانی دەرەوەو هاوپێچكردنی بەگرفت و ئاریشەی وڵاتانی تر !
:
5- دیسان ترەمپ هەڵگری چەندین دروشم و بانگەشەی جێاوازە وكـ تێڕوانین و دیدگای تایبەتی ئەو بۆ ژن و كەمینەكان لە نێویاندا ئاینی پیرۆزی ئیسلام ، ئەمەش ناڕەزایی و خۆپیشاندانی گەورەی بەدوادا هات ، بەلای چاودێرانەوە ئەگەر بازنەی خۆپیشاندانەكان و توڕەیی ئەمریكییەكان بەم شێوەیە ڕوو لە فراوانی بكات ، دوور نیە لە داهاتوودا بەریەكەوتن و ڕووبەڕووبونەوەی تووند لە نێوان یارو نەیاری هەردوولا ڕووبدات !
:
6- ڕەنگە بۆ یەكەمین جار و لە مێژووی ئەمریكادا بەم شێوەیە رووی دابێ ئەو زەخمە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایی بڕژێتە سەر شەقام و تەواوی چین و تویژەكان كۆكـ و یەكـ بكاتەوە لە ڕەدكردنەوەو دژایەتیكردنی سەرۆكی وڵات و بە دروشمی نەخێر بۆ سەرۆكی هەڵبژێردراو ، پێشوازی لە یەكەمین رۆژو دەستبەكاربوونی سەرۆكی نوێی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بكرێت !