قه‌رزه‌كه‌ی ئاشتی هه‌ورامی چی ئه‌گه‌یه‌نێت !؟


 له‌دواین لێدوانی تازه‌و تایبه‌ت به‌ كه‌رتی وه‌زه‌و فرۆشی نه‌وت ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم ڕایگه‌یاند كه‌ به‌م نزیكانه‌ ڕێكه‌وتنی حكومه‌تی هه‌رێم و كۆمپانیای رۆسنفت ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ ، به‌پێی ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ تازه‌یه‌ حكومه‌تی هه‌رێم كارئاسانی ده‌كات بۆ په‌لكێشكردنی كۆمپانیای رۆسنفتی ڕوسی و ژماره‌یه‌كـ له‌ كۆمپانیای تر له‌ كوردستاندا له‌ بواری كه‌رتی نه‌وتدا ده‌ستبه‌كار بن ، له‌به‌رانبه‌ردا بڕی‌ سێ‌ ملیار دۆلار وه‌ك قه‌رز به‌ زه‌مانه‌تی‌ فرۆشتنی‌ نه‌وت له‌ ئاینده‌دا وه‌ربگرێت ، سه‌رباری ئه‌و هه‌ڵا ڕاگه‌یاندنه‌ی كه‌ له‌ ئه‌نجامی ئه‌م هه‌واڵه‌ كه‌وته‌وه‌ به‌بڕوای به‌نده‌ ئاشتی هه‌ورامی به‌م كاره‌ی ئه‌یه‌وێت به‌به‌ردێكـ چه‌ند نیشانێكـ بپێكێ له‌وانه‌ :
:
1- بۆ په‌رده‌ پۆشكردنی فه‌شه‌ل و شكستی سیاسه‌تی نه‌وت و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ خودی ئه‌و ڕۆڵی سه‌ره‌كی تیایدا گێڕاوه‌و ده‌یگێڕێ !
:
2- بێ متمانه‌یی و ترسه‌ له‌ ناڕۆشنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی سه‌رۆكی تازه هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مریكایه‌ ( دۆناڵد تره‌مپ) به‌رانبه‌ر به‌ ناوچه‌كه‌و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتی و كوردستانیش به‌ده‌ر نابێ له‌هه‌ر ئه‌گه‌ر و گریمانه‌یه‌كـ ، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌یه‌وێت له‌ ده‌روازه‌ی ئابوری و كه‌رتی نه‌وته‌وه‌ كۆمپانیه‌كانی رۆسیا بخزێنێته‌ هه‌رێمی كوردستان و پشكـ و شه‌راكه‌تی ڕوسه‌كانیش وه‌كـ وڵاتێكی خاوه‌ن هه‌ژموون و به‌رژه‌وه‌ندیخواز له‌ناوچه‌كه‌ جێگیر بكات ، له‌وێشه‌وه‌ ببێته‌ پارێزه‌رو به‌رگریكارێكی حه‌قیقی له‌ هه‌ر مه‌ترسیه‌یه‌كی ڕۆژئاواییه‌كان له‌ ئاینده‌دا ڕوو له‌ هه‌رێم و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێم بكات !
:
3- ڕه‌نگه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گوشارو هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران بێت كه‌ جار جار له‌لایان به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه‌ ڕوو به‌ حكومه‌تی هه‌رێم و به‌رپرسانی پارتی ده‌كرێت ، چونكه‌ له‌ ئێستادا به‌هۆی بادانه‌وه‌ی حكومه‌تی توركیا به‌لای ڕوسیادا‌ له‌ هه‌موو كات زیاتر حكومه‌تی ڕوسیا له‌ناوچه‌كه‌ ئاماده‌یی هه‌یه‌و ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان ڕوسیا و توركیا كاریگه‌ری نه‌رێنی به‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌جێهێشتووه‌ ، ڕه‌نگه‌ پارتی و حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌م ده‌رفه‌ته‌یان قۆستبێته‌وه‌و مه‌به‌ستیان بێ مه‌ترسیه‌كانی ئێران كه‌م بكه‌نه‌وه‌ !
:
4- خاڵیكی تر كه‌ به‌لای به‌نده‌وه‌ جه‌وهه‌ری تره‌‌ پارتی ئه‌یه‌وێت له‌ ڕێگه‌ی ڕازیكردنی ڕوسه‌كان و بێ ده‌نگكردن و ڕاگرتنی ئه‌گه‌ری هێرش و په‌لاماری سوپای ئێران ، ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر نه‌هێشتنی هه‌ڕه‌شه‌و پیلانه‌كانی شیعه‌و گروپه‌كانی ( حه‌شدی شیعی ) بكات له‌ عێراق ، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ناو به‌ناو له‌زاری سه‌ركرده‌كانی حه‌شده‌وه‌ گوێبیستی ده‌بین ته‌واوی خواست و ئامانجه‌ نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی و حزبیه‌كانی میلله‌ت كورد له‌باشوری كوردستان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌مان و تیاچووندایه‌‌ !
:
5- دوور نیه‌ پارتی به‌هه‌مان هاوكێشه‌و پاش ڕازیكردنی سێكوچكه‌ی ( ڕوسیا ئێران عێراق ) سنورێكـ بۆ پێداگیری یه‌كێتی و هه‌ڵچوونی گۆڕان و سه‌ركرده‌كانی گۆڕان دابنێت ، هه‌روه‌ها كار به‌و ئاراسته‌یه‌ بكات چیتر یه‌كێتی له‌ پشتی ئێران گوشاری زیاتر نه‌كات و گۆڕانیش له‌و نێوه‌نده‌دا تاكـ و ته‌را بكاته‌وه‌ !