وانەیەكـ لە ئیدارەی قوتابخانەیەكی هندستانەوە

 

لە نێو قوتابخانەیەكی وڵاتی هندستان و پێش دەست پێكردنی وەرزی تاقیكردنەوەكان ، بەڕێوەبەرو دەستەی كارگێری قوتابخانەكە لەچوار چێوەی پەیامێكدا هەڵدەستن بەنووسینی نامەیەكـ و ئاراستەی كەسوكاری قوتابیانی دەكەن ، ئەمەی خوارەوە پوختە و ناوەڕۆكی پەیامەكەیە :

بەخێوكارو سەرپەرشتیارانی ئازیز ئێمە ئەوە دەزانین كە ئێوەی بەخێوكاری قوتابی‌ چەندە لە خەم و پەرۆشی مناڵەكانتانن بۆ ئەوەی تاقیكردنەوەكان بە باشی ئەنجام بدەن ، بەڵام ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە و ئەمانەوێ ئێوەی بەڕیزی لێ بەئاگاو وریابكەینەوە‌ پێتان ئەڵێین لەبیرتان نەچێ لە نێوان ئەو سەدان قوتابیەدا ، قوتابی‌ هەیە تەنها ئەخوازێ لەدوا ڕۆژدا ببێتە هونەرمەند و لەو بوارەدا خزمەت بكات ، بۆیە ئەو پێویستی بە تێگەیشتنێكی ورد و درشتی وانەكانی بیركاری نیە !

هەروەها تیایدا هەیە‌ بڕیاریداوە ببێتە بەڵێندەر و لەكەرتی تایبەتدا كار بكات ، كەواتە بۆ ئەویش پێویست نیە‌ شارەزاییەكی باشی هەبێ لە وانەكانی مێژوو و ئەدەب و زمانی ئینگلیزی ! دیسان هەیە‌ خولیای جیهانی مۆزیكەو ئەبێتە مۆزیكـ ژەن و لە جیهانی ئەفسوناوی ئاوازەكاندا خۆی ئەبینێتەوە ، هەر بۆیە باشی و بەرزی نمرەكانی وانەی كیمیا‌و بەلایەوە بەهایەكی ئەوتۆی نیە ! بێ گومان بەشێكی تر لەو قوتابیانە ئەبنە‌ وەرزشكار و دۆستی گۆڕەپان و ڕاهێنان و مەشقكردن توانای جەستەیی و گرنگیدان بە وەرزش بەلایەوە گرنگترە لە نمرەكانی فیزیا‌و ! هەر بۆیە ئەگەر مناڵەكەت بەرزترین نمرەی بەدەستهێنا ئەوا باشترە ، خۆ ئەگەر وا نەبوو ، ئەوا مەهێڵە ‌ئاستی متمانەی بەخۆی دابەزێت و هەست بەكەمی و بێ بایەخی ژیانی خۆی بكات و لەوێشەوە سەربكێشێ بۆ بێ ئومێدی و هیچگەرایی و خۆ یەكسان كردنەوە بەنەبوو ، بەڵكو بەهێمنی و لەسەرخۆ پێی بڵێ ئەوە زۆر ئاساییە ئەوەی بەدەستت هێناوە جگە لە نمرەی تاقیكردنەوەیەكـ هیچی تر نیە و مایەی خەم و خەفەت نیە !؟

داواكارین بەم شێوەیە لە گەڵ دەرەنجامی تاقیكردنەوەی مناڵەكانتان ڕەفتار بكەن ، ئەوجا ببین چۆن هەموو دونیا دەخەنە ژێر ڕكێف و دەسەڵاتی خۆیان !؟

ماوەتەوە بڵێم ئەوەی پاڵنەری نوسینەوەی ئەم چەند دێڕەبوو بۆ من وانەكانی داگیركاری و هێنانە ژێرباری هەموو دونیا و خواستی شەڕەنگێزی و بەشەڕهاتن نیە بۆ دواڕۆژی نەوەكانمان ، بەڵكو هەوڵ و خەمێكی بچووكـ و سەرەتایە بۆ نەهێشتن و بنەبڕكردنی خۆكوشتن و خۆهەڵواسینی قوتابیان كە ساڵانە و لە كۆتایی هەموو وەرزێكی تاقیكردنەوەكاندا مناڵەكانمان دەبنە نێچیرو كوشتەی دەستی سیستەمی سەقەتی پەروەردە و فێربوون و دەسەڵاتێكی خەمساردو كۆمەڵگایەكی ماندووی بێ ئاگای تاسێنراو !؟