بۆچی گۆڕان پێشوازی لەوەفدی هاوبەشی پارتی و یەكێتی ناكات !؟

 

... پاش ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنەكەی بڕیاڕی هەڵكردنی ئاڵای كوردستانی لەسەر دامو دەزگا حكومیەكانی ئەو شارە ڕاگەیاند ، ئیدی لەسەر ئاستی ناوخۆی شاری كەركوك و زۆرینەی پێكهاتەی توركمان و عەرەبەكان بەسوننەو شیعەوە كاردانەوەی ناڕەزایی لێكەوتەوە و نوێنەرانی سووننەو شیعە لە پەرلەمانی عێراق و لەڕێگەی دەنگدانەوە بڕیارەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیان ڕەددكردەوە ، كاردانە‌كان بەمەش نەوەستا بەڵكو هەتا دێ بازنەكە فراوانتر دەبێ بەجۆرێكـ لە كەیس و پرسێكی ناوخۆیی و تایبەت بەشارێكی وەكـ كەركوك سنووری عێراقی بڕی و وڵاتانی ئیقلیمی لێهاتە دەنگـ ، ئەمەش بۆ كورد و تایبەتمەندی شاری كەركوكـ پێشهات و هەڵوێستێكی هەستیارو مەترسیدارە لەیەكـ كاتدا ، هەربۆیە بەرپرسانی پارتی و یەكێتی كۆكردەوە و بڕیاریاندا بەسەردان و ئاگادار بوون لە ڕاو هەڵوێستی لایەنەكانی تری كوردستان لیژنەیەكی هاوبەش پێكـ بهێنن بۆ بەدوادچوون و هەڵوێستگرتنی دەستەجەمعی ، ئەوە بوو وەفدی هاوبەشی پارتی و یەكێتی سەردانی چەند حزبێكیان كرد ، لەبەرنامەشدا بوو هەمان وەفد چاویان بەگۆڕان و سەركردایەتی گۆڕان بكەوێت ، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان هەر زوو بڕیاریدا پێشوازی لەو وەفدە نەكات ، هەر بۆیە بەدەركردنی ڕاگەیەنراوێكی سێ خاڵی هەڵوێستی خۆیان دەربڕی و ڕایانگەیاند كە ئەوان پێشوازی لەوەفدی حزبی ناكەن ! ئەگەر چی دۆخی ئێستای عێراق و پرسی كەركوكـ و هەڵكردنی ئاڵای كوردستان‌ پڕە لەهەستیاری و یەكـ هەڵوێستی و یەكدەنگی ئەوێ ، بەڵام گۆڕان ئەدا ئەم جارەش بڕیاری جێاوازدا ، بە بڕوای بەندە گەلێ هۆكارو پاڵنەر لەپشت ئەم هەڵوێستەی گۆڕانە لەوانە :
:
• خودی سروشتی پێكهاتەی بزوتنەوەی گۆڕان زیاتر بەلای حزبێكی ڕادیكاڵ و پەڕگیرە‌وە كەوتووە ، هەمیشە ئەخوزاێ پێچەوانەی ئاراستەی باو هەڵوێست و ڕای جێاوازی هەبێ ئەگەرچی هەندێجار بەزیانی خودی حزبەكەو‌ تەنانەت بگاتە ئاستی گشتی هاوڵاتیانیش تەواو بێ ! ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئاگایی و نزیكی و هاوخەباتی زۆرینەی سەركردەو بڕیاربەدەستەكانی ئەم حزبەوە لەپارتی و یەكێتی‌ و لەئێستا و ڕابووردوودیان ، بەبڕوای بەندە ڕادیكاڵیەكەی ئەم حزبە كاردانەوەیە و لەوەدا سەرچاوە دەگرێت‌ كە هەردوو حزبی دەسەڵاتدار پێش ئەوەی هەر ناوو فۆرمێكـ لەكاری حزبی و ڕێكخراوەیی هەڵبگرن و لەوانیتری جێابكاتەوە ، ئەوان بۆ خۆیان دوو حزبی تەقلیدی و دوو ڕێكخراوی سیاسین بە فۆرم و پێكهاتەی ڕۆژهەڵاتیانەی خێڵ و بنەماڵە ، ڕوونتر بڵێم خۆ ناساندنی ئەم حزبە بەحزبێكی ڕادیكاڵ و گۆڕانخواز لە بێ ئومێدی و هەستكردن بەوەی كە ئەستەمە بەئاسانی ئەم دوو حزبە لەم قاوغەی ئێستای كاری حزبی و تێڕوانی سەركردەكانی هەردوولا بۆ دونیای سیاسەت و ڕابەرایەتیكردنی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد دەربچن و بەشێكـ لەسیماو تایبەتمەندیەكانی ئەو دروشمانەی كە بۆ خۆیان بانگەشەی بۆ دەكەن ڕەنگـ بداتەوە و بەرجەستەی واقیعی بێ ، دیسان لە گۆشەنیگای تێڕوانینی بەندە‌وە بۆ ناسینەوەی پەڕگیری ئەم حزبە بەوە شرۆڤەی دەكەم كە بەهۆی یەكتر ناسین و تەمەن و زەمەنێكی خەباتی شاخ و شاری سەركردەكانی گۆڕان لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و یەكێتی ئەوەندەی ئەزموونی پێداون لەدوورو نزیكەوە پێش هەنگاو هەڵوێستە ئاشكراو نهێنیەكانی هەردوولا بخوێنەوەو بیناسنەوە ، هەر بۆیە هەمیشە بە‌گومانەوە مامەڵە دەكەن و دوورە پەرێزو خۆپارێزن !
:
• پاش ئەوەی نزیكەی دووساڵە ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان نەوشیروان موستەفا بەهۆكار و خوێندنەوەی جێاواز لەدەرەوەی كوردستان نیشتەجێە ، سەرباری ئەم هەموو هەڵبەزەو دابەزەی لەسیاسەت و گۆڕانكاری و پەكخستنی پەرلەمان و ناكارایی حكومەت و نەبوونی خزمەتگوزاری و بڕیاری سەپێنراوی پاشەكەوتی مووچەو وەستانی پرۆژەكانی كەرتی گشتی و پەرواێزخستنی گۆڕان لەبڕیاری سیاسی ، هێشتا ڕوون نەبوەتەوە ڕێكخەری گشتی بۆچی هەڵوێست و ڕای تایبەتی نیە و هەتاكەی و بۆچی لەدەرەوە ئەمێنێتەوە !؟ تەنانەت بەكۆچی دوایی هاوژین و هاوسەرەكەی وەكـ هەركەسێكی نزیكـ و هاوخەمی شارو شاخ نەگەڕایەوە كوردستان و بەشدار نەبوو لەپرسەكەی ، ئەمەش ناڕەزەایی و نیگەرانی بەشێكی زۆر لەلایەنگران و جەماوەری ئەو حزبەی گرتۆتەوە ، گەلێك لە نیشانەی پرسیارو سەرسوڕمانی بەجێهێشتووە‌ ، ڕەنگە بزوتنەوەی گۆڕان ئەم پێشهاتەی بەهەل زانیبێ هەڵوێستێكی لەم جۆرە بگرێ بۆ ئەوەی كاریگەری بخاتەسەر گۆڕینی ئاراستەی بیركردنەوەو سەرقاڵكردنی لایەنگرانی !
:
• پەیامێكی باشە بۆ جەماوەرو خەڵكی كوردستان كە ئەوان هەنوز لەبەرەی خەڵكـ و لەپشت داواكاریەكانی خەڵكەوەن ، ئەوەی ناوێ لێنراوە وەفد‌ی هاوبەشی كوردی و نوێنەری زۆرینەی دانیشتوانی كوردستان و پەیام و خەونی داخوازیە ڕەواكانی خەڵكی كوردستانیان هەڵگرتووە ئامادە نین پێشوازیان لێ بكرێت ، بەڵكو لای ئەوان نوێنەری حزبی و پێڕەوكردنی سیاسەتی دوو حزبی بنەماڵە پێڕەو دەكەن !
:
• ڕەنگە جارێكی دی زەنگێكی وریاكەرەوە بێت بۆ یەكێتی و حزبە هاوخەم و هاوخە‌بات و خاوەن ڕێكەوتنی دووقوڵی نێوان هەردوولا ، لەڕیگەی ئەم هەڵوێستەوە یەكێتی ئاگادار بكەنەوە لەئەگەری كەنارخستن و وەلانانی ڕۆڵی بزوتنەوەی گۆڕان و نزیكبوونەوەی زیاتری یەكێتی لەپارتی و خۆدانە ژێرباری هەژموون و خۆسەپاندنی ‌مەرجەكانی ئەمەی دوایی ! دیسان پێدەچێت مەسجێكی تربێ بۆ ئەوباڵەی لەناو مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لەگۆڕانەوە نزیكەو بەسیاسەتەكانی پارتی ناڕازین ، كەئەوەی وەفدی پارتی و یەكێتی پێی هەستاوە ئەجینداو بەرنامەی پارتیە نەكـ یەكێتی !
:
• ئەشێ ڕاكردن و خۆ قووتاركردن بێ لە سیاسەتی پارتی و یەكێتی بەناوی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان بیانەوێ بزوتنەوەی گۆڕان لەخۆیان ( ئیحتوا )بگرن ، لەوێشەوە پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمان و بەگەڕخستنەوەی حكومەت و پۆستەكەی سەرۆكایەتی هەرێم و هەنگاوە كردارییەكانی چاكسازی لەبیربەنەوە ! چونكە لەئەگەری ڕازیبوونی گۆڕان بەداوكاریەكانی پارتی و یەكێتی و لەژێر ڕۆشنایی بەرنامە چاكسازیەكەی یەكێتی ڕەنگە گۆڕان ناچار بكەن بارزانی ببێتەوە بەسەرۆكی هەرێم !
:
• بانگەشە‌و ڕێكلامێكی پێشوەختەی‌ لەبار‌و هەل و دەرفەتێكی باشە بۆ گۆڕان لەڕیگەی ئەم هەڵوێستەوە جارێكی تر گیانی ململانێ و مانەوە لەسەنگەردا بەبەری خۆیی و جەماوەرو لایەنگرانیدا بكاتەوە ، چونكە ئەگەرێكی زۆر هەیە پێش كۆتایی خولی ئێستای پەرلەمان و لەكاتی خۆیدا هەڵبژاردن بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم و ئەندامانی تازەی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت ! بەمەش ئەخوازن لایەنگران و جەماوەری خۆڵەمێشی پڕبوو لەپارتی و یەكێتی دڵنیابكەنەوە كە ئەوان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێستای پارتی و یەكێتی كۆنابنەوە و هێشتا خاڵی جێاكار و جێاوازیان زیاترە !
: