غازی سرووشتی داهاتی نشتیمانی ، یان نیگبەتی

نەوەكو خەون بەڵكو دۆزینەوەی غازی سرووشتی لە كوردستان لە خەیاڵ دەچوو، بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا غازی سرووشتی كوردستان لە دۆزینەوە و دەرهێنانەوە چۆتە قۆناخی وەبەرهێنان و لە مەودایەكی نزیكیشدا هەناردەی دەرەوەش دەكرێت. ئێستا چەند كۆمپانیایەكی بیانی كار لە كێڵگەكانی غاز لە كوردستان دەكەن و بەشێكی غازەكە دراوەتە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا و بەشێكیش دەدرێتە غازی شل كە بۆماڵان و نانەواخانەكان و پڕۆژەكان دابین دەكرێت، بێگومان ئەوەش سودی زۆری ئابووری هەیە، بۆنمونە خەرجیەكی زۆری دابینكردنی سوتەمەنی بۆ وێستگەكانی كارەبا لە كۆڵ بودجەی گشتی بۆتەوە، كە پێشووتر ساڵانە زیاتر لە 3 ملیار دۆلار خەرجی بوون ئێستا كەمتر لە ملیارێك دۆلارە،بە پێی راپۆرتی داناغاز بێت تاندراوە 20 ملیار دۆلار پاشەکەوت بکرێت بۆ بودجەی هەرێمی کوردستان ،کە دەبوو لە کڕینی سووتەمەنی سەرف بکرێت بەرزبونەوەی بەرهەمهێنانی غاز بۆ 30% هەرووەها زیاد بوونی توانی بەرهەمهێنانی غازی سرووشتی لە 305 ملیۆن پێ سێجاوە بۆ 400 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا وا دەكات گەشبین تر بین بە داهاتووی ئەو بەرهەمە گرنگە چونكە لە سێ ساڵی داهاتوودا بڕیارە بەرهەمی رۆژانە لە 400 ملیۆن پێ سێجا بۆ 900 ملیۆن بەرز بکرێتەوە.

لە سەرێكی تر ئەو وەبەرهێنانەی لە غازی سروشتی كراوە بۆ ئێستا و داهاتوو بابەتێكی گرنگە، بە جۆرێك تا ئەمڕۆ وەبەرهێنان لەم كەرتەدا گەیشتۆتە ملیارێک و 400 ملیۆن دۆلار و بڕیارە بكرێتە 2 ملیار دۆلار.

كاتێك یەدەگی غازی سرووشتی کوردستان بە نزیکی 5 تاوەکو 6 تریلیۆن مەتر سێجا دەخەمڵێندرێت، ئەوە چاوی وڵاتان و وەبەرهێنەران و كۆمپانیا گەورەكانی لەسەر دەبێت ئەوەش وا دەكات لە رووی ئابووری كوردستان سودێكی زۆر ببینێت و لە پاڵ نەوت سەرچاوەیەكی تری دارایی بۆخۆی دەستەبەر بكات، ئەگەر ئەو سامانە گرنگە بكرێتە سامانێكی نشتیمانی و دوور بخرێتەوە لە ململانێی سیاسی و بۆ بەرژەوەندی گشتی كاری تێدا بكرێت بێگومان وڵاتەكەمان قازانجی یەكەمی تێدا دەكات.

دەبێت لەم ساڵدا دا غازی سروشتی هەرێمی کوردستان پێداویستیەکانی ناوخۆ و کارگەکان و وێستگەکانی کارەبا دابین بکات و لەهەمان ساڵیشدا بۆری هەناردەی غاز بۆ تورکیا و تەواو ببێت، و لەساڵی 2020 فرۆشتنی غازی سروشتی هەرێم بۆ تورکیا و وەڵاتانی ئەوروپا دەست پێبکات.

ئەگەر وەكو ئەوەی پلانی بۆ داندراوە لە ساڵی 2020 هەرێمی کوردستان دەستبکات بە پڕۆسەی هەناردەکردنی غازی سرووشتی بۆ تورکیا لەوێشەوە بۆ ئەوروپا، بێگومان زۆر شتی تازە دێتە ئاراوە كە رەنگە زۆر شت بگۆرێت،دەتوانرێت پاشان وەکو بەدیلی غازی روسیاو ئێران بۆ ئەوروپا بەکار بهێنرێت. هەرێمی کوردستان پێویستی بە پلانێکی ستراتیژی درێژخایەن هەیە بۆ دۆسیەی غاز، دەبێت حكوومەت و پەرلەمان و دامەزراوە ئابووریەكانی ئەم وڵات لە پشتی ئەو دۆسیەیە بن بۆ ئەوەی نەوەكانی ئێستا و ئاییندە خێر لەو غازە ببینن و ببێتە سەرچاوەیەكی گەوەری داهاتی نیشتیمانی نەك ببێتە مایەی نیگبەتی و ململانێ.