• له‌توركیا به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ئازادی ودیموكراسیه‌ی كه‌ له‌وه‌ڵاتانی ئیقلیمی كاری پێده‌كرێ وبه‌هۆیه‌وه‌ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا مافه‌كانیان پارێزراوه‌ تیایدا هه‌موو كه‌سێكـ به‌وپڕی ئازادی و سه‌ربه‌ستیه‌وه‌ گوزراشت له‌بیروڕای جێاوازو تایبه‌ت به‌خۆی ده‌كات ، هه‌روه‌كـ سه‌رباری دیكتاتۆریه‌تی ئه‌ردۆگان وحكومه‌ته‌ توندڕه‌وه‌كه‌ی ئاكپارتی كه‌چی له‌هه‌ڵبژاردنه‌ شاره‌وانیه‌كه‌ی ئه‌م دوایه‌ی ئه‌سته‌نبوڵ ، كاندیدی حزبه‌كه‌ی ئه‌ردۆگان له‌به‌رانبه‌ر كاندیدی ڕكابه‌ر شكستی هێنا ، پاش ئه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كان ڕاگه‌یه‌نراو ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كان جێاكرایه‌وه‌ ، كاندیدی دۆڕاو خێرا پیرۆزبایی له‌كاندیدی براوه‌ كردوو به‌گه‌رمی هیوای سه‌‌ركه‌وتنی بۆ خواست !

• ئه‌وه‌ی هه‌تا ئێستا ڕێگر بووه‌‌ له‌به‌رده‌م خه‌ون وخواسته‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌باكوری كوردستان وئه‌وه‌شی هێشتا به‌لایه‌وه‌ كوردانی باكور ‌به‌ توركی كێوی وهاوڵاتی پله‌ دوون ئه‌بینن ، باوان وبنه‌چه‌ی حزبه‌كه‌ی جه‌هه‌په‌یه‌ ! كه‌چی ده‌نگده‌رانی كورد له‌ڕقی ئاكپارتی وحزبه‌كه‌ی ئه‌ردۆگان ده‌نگـیان به‌كاندیدی وه‌چه‌كانی ئه‌تاتوركـ وكه‌مالیسته‌كانی دوێنێ وئێستای جه‌هه‌په‌ دا‌ ! وه‌كـ بڵێی مێژووی دروستبون ودژایه‌تی ئاكپارتی زۆر له‌پێشی جه‌هه‌په‌یه‌و گیانی نه‌ته‌وه‌په‌رستی نه‌وه‌كانی ئه‌تاتۆركـ ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ خوین و شاده‌ماره‌كانی دامه‌زرینه‌رانی ئاكپارتی وكه‌سێتی ئه‌ردۆگان ، لێره‌ش‌ له‌باشوری كوردستان خۆشحاڵبوون به‌بردنه‌وه‌ی كاندیدی جه‌هه‌په‌ كوردایه‌تی ونیشتمان په‌روه‌ری بوو ، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ خیانه‌ت وكلكایه‌تی‌ ، له‌كاتێكدا بۆ ئێمه‌ی كورد له‌هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان ئاكپارتی وجه‌هه‌په‌ دوو ڕووی یه‌كـ دراوی قه‌ڵپن !!

• له‌ئێستادا زۆرینه‌ی وه‌ڵاتانی جیهان وته‌واوی وه‌ڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خاوه‌نی ده‌زگاو ناوه‌ندی تایبه‌ت به ‌پرسی تیرۆر وڕێكخراوه‌ تیرۆریسته‌كانن‌ ! وه‌زاره‌ته‌كانی به‌رگری وناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ و په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا له‌ ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا كاری جیددی بۆ ده‌كه‌ن و زۆر پێشكه‌وتوانه‌ له‌هه‌وڵی بنه‌بڕكردنی تیرۆر وعه‌قڵێتی تیرۆریستانن ! بووجه‌یه‌كی خه‌یاڵی و دوور له‌هه‌موو سانسۆرێكـ له‌به‌رده‌سته‌و كه‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زا له‌ بواری سه‌بارزی و زانیاری و ڕاهێنراو له‌ تۆڕه‌ هه‌مه‌چه‌شنه‌كانی ئینته‌رنێت وگه‌یاندندا سه‌رپه‌رشتی وچاودێری ده‌كه‌ن ! كه‌چی ڕۆژ له‌دوای رۆژ ژماره‌ی ناو و لۆگۆی ڕێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كان له‌هه‌ڵكشاندایه‌ ! هیچ رۆژێكـ نیه‌ كاری تیرۆر وتۆقاندن دریژه‌ی نه‌بێ‌ ! به‌هه‌مان كییش وسه‌روا‌ بڕوانه‌ بۆ ماده‌كانی بێهۆشكه‌ر به‌هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌ كه‌به‌تیرۆری سپی ناونراوه‌ ! به‌داخه‌وه‌ وه‌كـ له‌ ڕاپۆرتی به‌ریوه‌به‌رایه‌تی ئاماری نه‌هیشتنی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كورستاندا هاتووه‌ ته‌نها له‌شه‌ش مانگی ئه‌مساڵدا 651 كه‌س به‌تۆمه‌تی به‌كارهێنان وبازرگانیكردن به‌ماده‌ هۆشبه‌‌ره‌كانه‌وه‌ ده‌زگیركراون ! ئه‌گه‌ر وا بڕوا داهاتوویه‌كی ترسناكـ چاوه‌ڕوانی نه‌وه‌كانی داهاتوومانه‌ !

• ئه‌گه‌ر سه‌پاندنی سزا بۆ سه‌ر خامه‌نه‌یی ڕابه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئیران كاریگه‌ری ولێكه‌وتێكی سیاسی ودیبلۆماسی هه‌بێ بۆ ئه‌مریكیه‌كان ! ئه‌وا یه‌كسانه‌ به‌بوونی په‌یوه‌ندی وڕایه‌ڵه‌ی تایبه‌ت له‌نێوان ئه‌مریكا و ئێران له‌ڕابردوودا ! خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ڕاست بێ ! ئه‌وا به‌دریژكردنه‌وه‌ی ئه‌م سزایه‌و به‌رده‌وامبوونی جێكه‌وته‌كانی ! واته‌ گه‌یشتنه‌ به‌خاڵی بنبه‌ست و ئه‌گه‌ری شه‌ڕو پێكدادان له‌حه‌تمیه‌وه‌ نزیكه‌ ! با كه‌م وكورت و سنوورداریش بێ !

• ئه‌وه‌ی ڕوویدا به‌رانبه‌ر به‌خوشكه‌ باڵا پۆشه‌كه‌ی ئاهه‌نگی ڕێزلێنان له‌ده‌رچووانی پۆله‌ كۆتاییه‌كان بۆ ئه‌مساڵی خویندن ، به‌هه‌موو پێوه‌دانگـ و پێوه‌رێكـ سته‌م و نادادی بوو به‌رانبه‌ر ‌به‌ساده‌ترین مافه‌كانی مرۆڤ كه‌بژارده‌ی پۆشینی جل وبه‌رگه‌ ! وه‌لێ ئه‌وه‌ی تێبینكرا حزبیه‌كان زیاتر له‌ نا حزبی و ئه‌و ره‌وته‌ی خۆی به‌خاوه‌نی ئه‌و تایپه‌ له‌ پۆشین ده‌زانی كاردانه‌وه‌ی لێ بیسترا و زیاتر له‌وانیتر ده‌نگیان به‌رزو په‌یامیان ڕوونتر بوو ! له‌ڕاستیدا به‌رگریكردن له‌ماف وئازادیه‌‌كان به‌گشتی ئه‌ركی هه‌موو كه‌سێكی ئازادیخوازه‌ ، وه‌لێ من بۆ خۆم باوه‌ڕم به‌جلێكـ نه‌بێ خێزان وخوشكو كچه‌كانم بیپۆشن ! ئه‌م هه‌موو زیاده‌ڕه‌ویه‌ بۆ بكه‌م !؟ هه‌رچی په‌یوه‌سته‌ به‌ برایانی سه‌له‌فی‌ وئه‌و ڕه‌وته‌ی حزبایه‌تی ڕه‌دده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕووداوه‌ حه‌قیقه‌تی دیووی ناوه‌وه‌ی عه‌لمانیه‌تی كوردی پێ نه‌ناساندبن ، ئه‌وا نه‌كـ ئه‌م هه‌ڵایه‌ خزمه‌تیان ناكات به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ل وده‌رفه‌تێكی باشه‌ بۆ سه‌رله‌نێو ئه‌كتیڤكردنه‌وه‌و گه‌رمكردنی بازاڕی كارو چالاكی ڕێكخراوه‌كانی تایبه‌تمه‌ند به‌بواره‌كانی ژنان وخانمان ! له‌وێشه‌وه‌ بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر موسڵمانان وپیرۆزیه‌كانی ئیسلام !.