(لای ئێمە سەركردە جەنگی پۆست و خەڵك جەنگی ئاڵا دەكەن)

سەركردەكانمان لەوە حاڵی بون و دەست و پەنجەیان لەگەڵدا نەرمكردوە كە بە جۆرێك لە جۆرەكان ئاڵاكەیان لە وڵاتانی دراوسێ‌ قبوڵكراو نیە، بۆیە زۆرێك لە سەركردە و بەرپرسەكانمان كاتێك سەردانی وڵاتانی دراوسێ‌ دەكەن كە بە فەرمیش پێشوازیان لێ‌ دەكرێت كەچی لە هیچێك لە دیدا و چاوپێكەوتنەكاندا ئاڵای هەرێمەكەیان و هەندێجار ئاڵای وڵاتەكەشیان نابینرێت! بێ‌ ئەوەی هیچ كێشەیەك بۆ خۆیان دروست بكەن و ئەو دیاردەیەش زۆر بە ئاسایی دەبینن!، بەڵام ئەوەی جێی تێڕامان و سەرنجە هاوڵاتیانی كوردستان كاتێك بە مەبەستی گەشتیاری یان گەشتی ئاینی یان گەشتی وەرزشی یان بۆ هەرجۆرە گەشتێكیتربێت حەز بە نمایشتكردنی ئاڵای هەرێمەكەیان دەكەن، ئەمەش هەندێجار كەسەكان توشی لێ پرسینەوە و ئیحراجكردن و دیپۆرتكردن و تەنانەت تێهەڵدانیش دەبنەوە! هەرچەندە ئەمە شۆڤێنیەتی ئەوان دەردەخات بەرامبەر بە سەرەتایترین مافێكی گەلێكی بەش مەینەت و پارچەپارچەكراو، ئەمە لە كاتێكدا هەر پارت و كۆمەڵە و ڕێكخراو و كۆمپانیا و هۆتێل و ڕێستۆرانتێك ئاسایە و مافی خۆیانە كە ئاڵای تایبەت بە خۆیان هەبێت، بەڵام بۆ گەلی كورد بڤە و نەخوازراوە!

گەلۆ ئاخۆ تێگەیشتنی تاك لای گەلانی دراوسێ‌ و هاونیشتمان نەگەشتبێتە قبوڵكردنی پارچە قوماشێك كەناوی ئاڵایە، ئیتر پێكەوە ژیان و هاونیشتمانی و مافی گەلان و ئەو زاراوە پواوانە لە خۆ فریودان زیاترچیە؟!

ئەوا ئەو هەڵوێستەی نەیارانمان ناونا شۆڤێنیەت، ئەی خوێنساردی بەرپرسانمان و خوێنگەرمی هاوڵاتیانی كورد ناوبنێیت چی؟

ئاخۆ ئەو هەڵوێستی سەركردەكانمان دروستە، یان ئەو حەماسەتەی خەڵكی؟؟؟