نامەیەکی کراوە بۆ مامۆستایانی ئاینی

 

‌ تەنها بەناوی خودا

 

مامۆستایانی ئاینی: السلام علیکم.

 

سێ تێبینی بۆ ئێوەی مامۆستایانی ئاینی بەڕێز: 

یەکەم:کاتێک لای کەسێکی ناسراو یان نەناسراو لەڕێی ئامێری پەیوەندیەوە پرسیارتان ئاراستە دەکرێت، هەوڵ بدەن وەڵامەکەتان بەجۆرێک بێت وەک ئەوەی کە لێدوان بۆ کەناڵێکی ڕاگەیاندن بدەیت، چون ئەبێت ئەگەری ئەوە دابنێیت کە پرسیارەکە ئاراستەکراوبێت، ئەوانیش بیانەوێت کە ئەو وەڵامە لە زاری ئێوەوە ببیستن و پاشان فاشی بکەن، وەک ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردودا بینیمان، لەکاتێکدا دەنگەکە تۆمارکراوەلایان.

جا بۆ خۆ پاراستن هەم لە کەسانی ئاراستەکراو و دەزگا موخابەراتیەکان و ناو و ناوبانگی هەم خۆتان و هەم پیشەکە.

چونکە دەشێت تەنها یەک وشەی نەشیاو ببێتە هۆی لەکەدارکردنتان و پاشان ناچار بە ڕونکردنەوە و داوای لێبوردن و دادگا و لێپێچینەوە ببنەوە.

بۆیە دەبێت بەڕێزتان لەوە هۆشیارتربن کە بەکەونە داوی نەیارانەوە.

دووەم: خۆزگە لە دیمانە و مێزگرد و بەرنامەکانی کەناڵەکانی ڕاگەیاندندا هیچ دوو کەسایەتیەکی ئاینی سەر بە قوتابخانە جیاوازەکان لە بەرامبەر یەکتریدا بەشداریتان نەدەکرد، چونکە دواجار ئەوە داوێکە لەڕێی ئەو بەرنامە ئاراستەکراوانەوە هەم کەسایەتیەکان و پاشان قوتابخانە ئاینیەکە و پاشانیش خودی ئاینەکەی پێ لەکەدار دەکەن، بۆیە لێرەداجێی خۆیەتی بپرسین ئەبێت سود و قازانجی بەشداریکردن لەو بەرنامانەدا چی بێت، لە کاتێکدا هەمو قوتابخانە ئیسلامیەکان خاوەنی کەناڵی ڕاگەیاندنی جۆراوجۆری خۆیانن.

سێیەم: تکایە ئیتر واز لە گەڕان بەدوای هەڵە و کەموکوڕی ناتەواویەکانی یەکتردا بێنن، چونکە چەندین کەناڵ و پەیج هەن کە هەر بۆ ئەوە دروستکراون دەچن وتاری مامۆستایەک دێنن وێنەی مامۆستایەکیتریش لە تەنیشتیەوە دادەنێن و دەنوسن فڵان مامۆستا وەڵامی فڵان مامۆستای دایەوە، ئایا ناکرێت هەر ئەو وتارە لەڕێی سەردانێکەوە یان پەیوەندیەکی تەلەفۆنیەوە یان نامەیەکەوە بیگەیەنیتە ئەو مامۆستایەی کە پێت وایە لەو بۆچونەدا هەڵەیەو نەیپێکاوە، ئایا خواوەند کامیانی پێ خۆشە، عەیبی براکەت فاش کەیت یان دای پۆشیت؟

کاتێک جۆرێك لە ساردی و دەمەقاڵە و جۆرێک لە جەنگی ڕاگەیاندن دەکەوێتە نێوان دوو مامۆستا، ئایا کاری مامۆستایانیترنیە کە بکەونە نێوانیان بۆ لێک نزیککردنەوە و ئاشتکردنەوەیان!!! ئەی ناڵێن مامۆستایانی ئاینی هەوێنی کۆمەڵگەن.

هیوادارم بەسنگێکی فراوانەوە ئەم تێبینیانەم لێ وەربگرن، چونکە ناحەزانێکی زۆر لە بۆسەدان بۆمان.

 

اللهم فشهد انی قد بلغت.

 

دڵسۆزتان

جەمال غەریب

18-8-2019