شكستی گه‌رده‌لوولی حه‌زم به‌ره‌و كوێ !؟

گه‌رده‌لوولی حه‌زم ( عاصفه‌ الحزم ) به‌و هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ سه‌ربازیه‌ عه‌ره‌بی ونێوده‌وڵه‌تیه‌ ده‌ناسرێت كه‌به‌سه‌رۆكایه‌تی سعودیه‌ دژ به‌حوسیه‌كانی یه‌مه‌ن ڕاگه‌یه‌نرا ، ئه‌وه‌ش له‌ئه‌نجامی پێشڕه‌وه‌ی وزاڵبوونی حوسیه‌كانی یه‌مه‌ن هات كه‌ له‌كۆتاییه‌كانی ساڵی 2014 توانیان ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌سه‌ر زۆرێكـ له‌شار وشارۆچكه‌كانی ئه‌و وه‌ڵاته‌دا بسه‌پێنن ، سه‌ره‌تای پێكهێنانی ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ بریتی بوو له‌هه‌شت وه‌ڵاتی عه‌ره‌بی ، له‌وانه‌ جگه‌ له‌خودی سعودیه‌ ، ئیمارات ، به‌حره‌ین ، كوێت ، سودان ، قه‌ته‌ر ، ئه‌رده‌ن ، مه‌غریبی عه‌ره‌بی - دواتریش هه‌ر له‌ ئه‌مریكا و پاكستان و میسر ڕایانگه‌یاند كه‌ئه‌وان وه‌كـ هاوكارو پشتیوانی دێنه‌ ناو هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كه‌وه‌‌ ! 

ئه‌وه‌ بوو له‌ ( 26ی ئازاری 2015 ) به‌ یه‌كه‌م گورزی سه‌ربازی داده‌نرێت كه‌ له‌ڕیگه‌ی ئاسمانه‌وه‌ ده‌یان مۆڵگه‌و باره‌گای حوسیه‌كانی یه‌مه‌نی كرده‌ ئامانج ، ئیدی له‌و ڕۆژه‌وه‌ به‌دواوه‌ ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌تیه‌‌ به‌چه‌ندین قۆناغ وهه‌ڵبه‌زه‌و دابه‌زه‌دا تێپه‌ڕیوه‌ ، هه‌ر له‌دووركه‌وتنه‌وه‌و هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵاتانی به‌شداربووی وه‌كـ قه‌ته‌ر و مه‌غریبی عه‌ره‌بی و سودان و ڕاڕاییی وه‌ڵاتی میسر هه‌تا دوا پاشه‌كشه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیمارات كه‌ به‌دووه‌م وه‌ڵاتی به‌شدارو پیلان داڕێژه‌رو هه‌میش دۆست و نزیكی سعودیه‌ ئه‌ژمار ده‌كرێ ، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئیمارات وكشانه‌وه‌ی به‌شێكـ له‌هێزه‌كانی به‌فه‌رمی بۆ ته‌واوی وه‌ڵاتانی به‌شداربوو چاوه‌ڕوان نه‌كراوبوو به‌تایبه‌تی بۆ سعودیه‌ ، چونكه‌ له‌كاتێكدا ئیمارات ئه‌م بڕیاره‌ ده‌دات ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و وه‌ڵاتی سعودیه‌ به‌تایبه‌تی له‌ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ به‌قۆناغێكی هه‌ستیارو پڕ له‌گۆڕانكاری و وه‌رچه‌خانی مێژوویدا تێده‌په‌ڕێت ، هه‌ر بۆیه‌ زۆر ئه‌سته‌مه‌ بۆ سعودیه‌ بتوانێ به‌بێ ئیمارات هاوشێوه‌ی پێنج ساڵی ڕابردوو مامه‌ڵه‌یه‌كی ته‌ندروست له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كاندا بكات ، چونكه‌ ئامانج له‌پێكهێنان وڕاگه‌یاندنی ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌تیه‌‌ بۆ دوو خاڵی سه‌ره‌كی بوو : 

یه‌كه‌م : گێڕانه‌وه‌ی شه‌رعیه‌ت بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بد ره‌به‌ منصور هادی وپاراستنی یه‌مه‌ن له‌كه‌رتبوون ودابه‌شبوونی خاكه‌كه‌ی !

دووه‌م : دوورخستنه‌وه‌ی وه‌ڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی له‌ مه‌ترسی وهه‌ڕه‌شه‌كانی حوسیه‌كان به‌تایبه‌تی وه‌ڵاتی سعودیه‌ وئیمارات كه‌ له‌وانیتر نزیكـیتر وهاوسنوورن‌ ! 

كه‌چی پاش نزیكه‌ی ‌پێنج ساڵ له‌شه‌ڕو كرده‌وه‌ سه‌ربازیه‌كانی ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ نه‌توانرا شه‌رعیه‌ت بگێڕنه‌وه‌ بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی ( هادی عه‌بد ڕه‌بوو )‌ ، دیسان گه‌ره‌نتی یه‌كپارچه‌یی خاكی یه‌مه‌نیش ناكرێ ! هه‌ر بۆیه‌ له‌گه‌ڵ په‌رته‌وازه‌یی وه‌ڵاتانی به‌شداربووی نێو هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كه‌ وڕۆڵی ته‌ماشاكاری ئه‌مریكا وبه‌هێزبوونی حوسیه‌كان ، دوور نیه‌ كه‌نداوی عه‌ره‌بی به‌ڕووی ئه‌م ئه‌گه‌رانه‌دا بكاته‌وه‌‌ : 

:

1- له‌ئه‌گه‌ری دابه‌شبوونی یه‌مه‌ن بۆ دوو وه‌ڵاتی جێاوازو دوو حكومه‌تی وابه‌سته‌ به‌ دووجه‌مسه‌رو دوو ئه‌جیندای ده‌ره‌كی ، ئه‌وا یه‌كسانه‌ به‌به‌رده‌وامی ململانێكانی ناوخۆ وده‌ستێوه‌ردانی بێ سنووری ده‌ره‌كی ، له‌وێشه‌وه‌ ئه‌م وه‌ڵاته‌ ده‌بێته‌ ده‌روازه‌و خاڵی په‌ڕینه‌وه‌و فراوانبوونی بازنه‌ی كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی وه‌ڵاتانی كه‌نداو دواتریش په‌لكێشكردنی وه‌ڵاتانی ئیقلیمی به‌تایبه‌تی وه‌ڵاتانی سه‌رجه‌مسه‌ر و هاوخولگه‌ی ئێران و سعودیه‌ ! به‌مه‌ش وه‌ڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی ودانیشتوانه‌كه‌ی گیرۆده‌ی ده‌یان كێشه‌و قه‌یرانی هه‌مه‌جۆر ئه‌كاته‌وه‌ كه‌ دیارنیه‌ تا كوێ ده‌ڕوات و له‌چ ئاست و سنوورێكـ كۆتایی دێ !

2- به‌هێزبوونی پێگه‌ وئاماده‌یی ئێران و وه‌ڵاتانی هاوخولگه‌ی ئێران له‌كه‌نداوی عه‌ره‌بی ، كه ‌دواجار به‌دووری نابینم له‌گه‌ڵ زیاتربوونی هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیه‌كانی ئێران به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر وه‌ڵاتی سعودیه‌ وبه‌حره‌ین ، به‌رپرسانی ئه‌م دوو وه‌ڵاته‌ ناچار بكات ڕۆڵی زیاتر وهه‌لی باشتر له‌ڕووی سیاسی ومه‌زهه‌بیه‌وه‌ بخه‌نه‌‌ به‌رده‌م شوێنكه‌وتووانی شیعه‌ مه‌زهه‌بی وه‌ڵاته‌كه‌یان له‌وێشه‌وه‌ بۆ ئه‌گه‌ری ئیداره‌دان و به‌ڕیوه‌بردنی هاوبه‌شانه‌ی ڕێوڕه‌سمی ساڵانه‌ی داهاتی حه‌ج وگه‌شته‌ به‌رده‌وامه‌كانی هه‌ر چوار وه‌رزی ساڵی عومره‌كاران ! چونكه‌ ده‌مێكه‌ زیاتر له‌وه‌ڵاتێكـ له‌نێویاندا ئێران به‌تایبه‌تی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌هه‌ردوو شاری مه‌ككه‌ ومه‌دینه‌ی پیرۆز به‌ته‌نها موڵكی ته‌واوی موسڵمانانی جیهانه‌ ، هه‌ر بۆیه‌ ناكرێ به‌رپرسانی سعودیه‌ به‌ته‌نها سه‌وداوو مامه‌ڵه‌ به‌داهاته‌كه‌یه‌وه‌ بكه‌ن ! 

:

3- دابه‌شبوونی وه‌ڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی وهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی هاریكاری وه‌ڵاتانی كه‌نداو كه‌بریتین له‌ ( سعودیه‌ ، ئیمارات ، به‌حره‌ین ، قه‌ته‌ر ، كوێت ، سه‌ڵته‌نه‌تی عومان ) ، چونكه‌ له‌ئێستادا ئه‌م وه‌ڵاتانه‌ به‌هۆی ناكۆكیه‌كانی وه‌ڵاتی سعودیه‌ وهاوپه‌یمانه‌كانی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ر هه‌روه‌ها بێده‌نگی ونێوه‌ندگیری هه‌ر له‌یه‌كـ وه‌ڵاتی كوێت وسه‌ڵته‌نه‌تی عومان ومانه‌وه‌ی ئه‌م دوو وه‌ڵاته‌ له‌ناوه‌ڕاستدا ، وه‌ڵاتانی كه‌نداو به‌كرده‌یی بوون به‌سێ به‌ره‌ی جێاواز و جۆرێكـ له‌دابه‌شكاری پێوه‌دیاره‌ ! هه‌ر بۆیه‌ به‌قووڵبوونه‌وه‌ی زیاتری كێشه‌كان وپه‌ره‌سه‌ندنی ئاڵۆزیه‌كان بێ گومان هێنده‌ی تر كاریگه‌ری نه‌رێنی ئه‌خاته‌وه‌ !

:

4- خێراتركردنی ئه‌و به‌رنامه‌و پلانه‌ ستراتیژیه‌ی كه‌ محمد سه‌لمان دایڕێژاوه‌ بۆ وه‌ڵاته‌كه‌ی وه‌كـ ‌بڕیاره‌ تا ساڵی 2030 سعودیه‌ له‌ڕووی ناسین وناسنامه‌و كرانه‌وه‌ی سیاسی وئابوری وكۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ وه‌رچه‌رخانی گه‌وره‌ به‌خۆیه‌وه‌ ببینێ ! واته‌ پرۆسه‌ی به‌عه‌لمانیكردنی سعودیه‌ وگه‌شه‌دان به‌ڕێكخراوه‌ مه‌ده‌نی و پیشه‌ییه‌كان و ده‌سته‌به‌ركردنی ئازادیه‌ گشتیه‌كان وحیسابكردن بۆ مافه‌كانی مرۆڤ و ڕه‌خساندنی بواری زیاتر به‌ داواكاریه‌كانی ژنان ، به‌ته‌نها له‌سه‌ر ڕاگه‌یاندن و بڕیارێكی فه‌رمی ده‌وڵه‌ت وه‌ستاوه‌ ، ئه‌گه‌رنا ده‌مێكه‌ له‌ناوخۆدا‌ له‌ڕیگه‌ی چین وتوێژه‌ جێاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگای سعودیه‌وه‌ كاری بۆ كراوه‌ ، واته‌ ئه‌وه‌ی له‌ئێستاو ڕابردوودا‌ ئه‌و وه‌ڵاته‌ی پێناسه‌ كردوه‌ و له‌وانیتری جیاكردۆته‌وه‌ به‌جێبه‌جێكردنی ناوه‌ڕۆكی ئه‌م پلانه‌ ئیدی سعودیه‌ی ئێستا ده‌بێته‌ نامۆو ئه‌سته‌مه‌ نه‌وه‌كانی داهاتوو قایل بكات !